Print WWW.SBEIY.COM
 پارتە سیاسییە بچوكەكان لە نێوان هەڵوێست و كورسیدا
مه‌لا فه‌رمان
25/11/2007

 

راستە دیاردەی فرە حیزبی یەكێكە لە نیشانەكانی بوونی ژیانی دیموكراتی لە سیستەمی هەر وڵاتێكدا. ئەم دیاردەیە دەبێتە دیاردەیەكی دروست و تەندروست كاتێ پارتە سیاسییەكان بیانەوێ هەر یەك بە پێی بەرنامەی خۆی كار بكات، هەلوێستی دیار و رونی هەبێت، هەر یەك بە گوێرەی قەبارەی خۆی رۆڵ و ئەركی خۆی ببینێ لە سەر تەواوی روداوەكان.
 پارتە سیاسییە گەورەكان خاوەن دەنگی زۆری خەڵكن، زۆربەی كورسییەكانی پەرلەمان بەدەست دێنن، بە پێی بەرنامەی خۆیان حوكمی وڵات دەگرنە ئەستۆ و بەڕێوەی دەبەن. ئاساییە لە بواری كاركردندا هەڵەی گەورە و بچوك بكەن، دوور نییە هەندێ جار هەڵەكە ئەوەندە گەورە بێت بەو رادەیەی وڵات بخاتە مەترسییەوە. لە چاك و خراپ ئەم حیزبانە بەرپرسیارن.
  جگە لەمانیش هەموو ئەو تاك و حیزبانەی لە حكومەت بەشدارن، تەنانەت بە سەنگێكی وا بوون و نەبوونیان وەك یەك كاریگەری لەسەر بڕیاردان بكات، بە هەمان شێوە پشكیان لەو چاكە و خراپانە بەر دەكەوێ. جگە لەمەش بەرپرسیارێتی نەبونی هێزی بەرهەڵستكاری هێمنانەی دەستوریشیان دەكەوێتە ئەستۆ. نەبونی ئەو هێزەی كاریگەری باشی هەیە لەسەر وشیاركردنەوە و ئاگاداركردنەوەی خەڵك لە كەمووكوڕیەكانی دەسەڵات. هەر نەبوونی ئەم هێزەیە دەبێتە هۆی هەبوونی ناڕەزایی خەڵكێكی زۆر لە دەسەڵات، دروستبونی كەلێنێكی گەورە لە نێوان جەماوەر و حكومەت.  بەم شێوەیەش چەند خەڵك و حكومەت و حیزبە دیارەكان زەرەرمەند دەبن ئەوەندەش حیزبە بچوكەكان زیانیان بەر دەكەوێت. زیانی حیزبی بچوك جگە لەو بەرپرسیارێتییەی لە سەرەوە باسم كرد، متمانەی خەڵكیش لە دەست دەدەن، رەخنە گرتنیان لە حكومەت، لە ناو حكومەتەوە، جگە لەوەی كارێكی ناڕەواییانەیە، خەڵكیش گوێی لێ ناگرێ و بڕوایان پێ ناكات. ئەم بێبڕواییەی خەڵك دەبێتە سەرەتایەك بۆ لاوازبونیان و زیاتر بچوك بونەوەیان.
لەم بارەوە نمونەی پارتی كاری هۆڵەندی ( پارتێكی سۆشیال دیموكراتە) و پارتی سۆشیالیست دێنمەوە. حیزبی یەكەم تا دێت دەەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكان بەرەو كەمبونەوە دەچێت، هۆی سەرەكی ئەم كەمبونەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت لە گەڵ حیزبێكی ئایینی وەك حیزبی دیموكراتی مەسیحی زۆر جیاواز لە بەرنامەی حیزبی و كاركردندا. بەرامبەر بەمە حیزبی سۆشیالست بە 25 كورسییەوە ئامادە نەبوو لە گەڵ ئەم حیزبە ئایینیە بەشداری لە حكومەت بكات،  بە ئەندامان و هەموو ئەوانەی دەنگیان پێ دابوو راگەیاند " لە بەر ئەوەی ناتوانین بەرنامەی خۆمان پیادە بكەین، ئەو بەڵێنانەی بە ئێوەمان داوە جێ بێ بكەین، ناتوانین لە گەڵ ح. مەسیحی حكومەت پێك بهێنین".  جگە لەم 2 دوو حیزبە ، حێزبی دیموكراتی 66 لە نەبوونی هەڵوێست و هەڵپەكردنیان بۆ پلە و پایە خەرێكە وەك داینۆسۆر بەرەو قڕكردن بڕۆن.
بۆ هەموو ئەوانەی رەنگە بڵێن كوردستان و ئەوروپا دوو بارودۆخی زۆر جیاوازن، ناكرێت پێوانەی ئێرە بەوێ بكرێت. ئەمە راستە، بەڵام بەمانای ئەوە نییە ئیتر لە كوردستان هەموو حیزبەكان بەشداری حكومەت بكەن، لە كاتێكدا سەنگیكی ئەوتۆیان نەبێت.  لە كوردەواری خۆشمان پیاوێك ناچێتە مەجلسێك یان پرسەیەك گەر پێی نەڵێن " كاك فڵان كەس یاخوا بە خێر بێیت".
لەم  بارەوە لە گەڵ چەند كادرێكی حیزبەكانی كوردستان لێدوانم كردووە، هۆی بەشداریكردنیان لە حكومەت بەم شێوەیە باس دەكەن:
• گەر یەك وەزێرێكیشمان هەبێت، واتە كادرێكمان خستە سەر كار و ئیمكانییەتی دەبێت لە روی دارایی و دامەزراندنی چەند ئەندامیكی تر؛
• ئێمە بودجەمان بە دەست یەكێتی و پارتییە. گەر ئەمە راست بێت، ئەوا پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیارە، نەیتوانیوە بودجەی حیزبەكان بەپێی یاسا دیاری بكات و فشار بخاتە سەر حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەم یاسایە ( یاسای پارتە سیاسییەكان)؛
• خەڵكی كوردستان ئەمڕۆ چەند دەسەڵاتت هەیە ئەوەندە لێك نزیك دەبێتەوە؛

من پێم وایە ئەم خاڵانە بەو شێوەیە نییە باس دەكرێت و كاریگەری زۆری هەبێت. گەر راستیش بن، دەبێ بزانین بوون لە شوێنێك بێ ئەوەی جێ دەست دیار بێت بە زیان دەگەڕێتەوە. هۆی سەرەكیش وا دەبینم حیزبەكانی كوردستان  زیاتر ئەمڕۆ دەبینن و  كار بۆ ئەمڕۆ دەكەن، خوێندنەوەشیان بۆ ئەمڕۆ هەیە نەك بۆ سبەی.
بە نە بوونی خوێندنەوەی باش بۆ روداوەكان، نەبینی سبەی، بێ  بوونی بەرهەڵستكاری یاسیی و دەستوری بەهێز، پرۆسەی دیموكراتی، گۆڕان و تازەكردنەوە یان ریفۆرم ناچێتە بواری پراكتیكەوە، وڵاتیش لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێت. بەرپرسیارێتیش لە ئەستۆی ئەوانەدا دەبێت بوونی خۆیان لە بوونی كورسی وەزارەتێكدا دەبینن.