Print WWW.SBEIY.COM
 شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و ستەمکارەکانی ئەمڕۆ
چیا عه‌باس
06/04/2011

یادەوەری جەستەیەک
کەسانێکی شۆڕشگێڕ خەباتی سەختیان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و مافی میللەتەکانیان کردوە. بەشێکیان لەو رێگەیەدا شەهیدکراون یا کەمئەندام بون یا خۆیان و کەس و کاریان دوچاری زیندانی و ئەشکەنجە و ماڵوێرانی بونەتەوە.

کاتێک شۆڕشەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و بەشێک لە کوڕەکانی بونەتە خاوەن دەسەڵات و پایەوپلە و بەرژەوەندی، هەندێک لێیان لە ماوەیەکی کورتدا لە رابوردوی خۆیان هەڵگەڕاونەتەوە و لایانداوە وبونەتە کاراکتارەکانی ستەمکاری و گەندەڵی و تاکڕەوی و زەوتکردنی ئازادی و عەدالەت. لەنێو ئەم لادەر و خۆپەرستانەشدا کەسانێک هەبون تەنانەت هاوشۆڕشگێڕەکانی دوێنێیان ئەزیەت داون و دژایەتیان کردون و تەنانەت لەناویشیان بردون.

نوسەری بەناوبانگی جەزائیری "احلام مستغانمی" لەسەر دیاردەی فەسادبونی شۆڕشگێڕەکان دوای سەرکەوتنی شۆڕشی یەک ملیۆن شەهیدی وڵاتەکەی لە 1993 رۆمانێکی نوسیوە بەناوی "ذاکرة الجسد"، ئەم رۆمانە تا ئەمڕۆ زیاتر لە سێ ملیۆنی لێفرۆشراوە و کراوە بە زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی و لە چەند وڵاتێک نمایشکراوە.

نمونەی ئەو جۆرە شۆڕشگێڕ و سەرکردە و کەسانە ئەوەندە زۆرە، لێرەدا تەنها ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم.

عەرەفات سەرکردەی شۆڕشگێڕی بێهاوتای فەلەستینەکان، هەڵگری چڵە زەیتونەکەی ناو کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، سەرکردەی داستانەکانی بەرگریکردنی قارەمانانە لە لوبنان و ئوردون، کاتێک لەسەر بستێکی خاکەکەی خۆی دەسەڵاتی گرتەدەست نەک تەنها بوە سیمبۆڵی گەندەڵی و بیسەروبەری، بەڵکو خۆی و فەتحی رێکخراویشی کەوتنە بازرگانیکردنی رەش بەچەک و چەندین کاڵای قەدەغەکراوی تر، حکومەتەکەی بە یەکێک لە گەندەڵترین حکومەتی ناوچەکە ناسرابو، دەرکەوت یەکێک لە گەورە نوێنەرە شۆڕشگێڕەکانی لە شاندی دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمه‌ریکا بە رەشوەت کڕابو. کاتێک عەرەفات کۆچی دوایی کرد رێکخراوی فەتح لەگەڵ هاوسەرەکەی رێککەوتن لەسەر ئەو بڕی پارە زۆرەی لای بو کە بەشێکی بۆخۆی هەڵگرێت و ئەوەشی دەمێنێتەوە بیگەڕێنێتەوە.

کاسترۆ سەرکردە مارکسیە شۆڕشگێڕەکەی شەستەکانی سەدەی رابوردو و هاوڕێی نزیک و خۆشەویستی شۆڕشگێڕ جیڤارا کاتێک پێگەی خۆی لە دەسەڵات چەسپاند، هەم حیزب و هەم حوکمڕانی کرد بە موڵکی بنەماڵە و دەوروبەری و سەرجەم بوارەکانی سیاسی و ئابوری و راگەیاندنیان لە کوبا زەوت و پاوان کرد. لە دوا ساڵەکاندا کاتێک کاسترۆ توانای حوکمڕانی نەما براکەی بێ یەک دو جێی گرتەوە.

با واز لە سەرکردە کۆمیونیستە شۆڕشگێڕەکانی یەک خێزانه‌که‌ی کۆریای باکور بهێنین کە تا ئەم ساتەش نەیانتوانیوە گەنم و جۆ بۆ میللەتەکەیان دابین بکەن، و ئاوڕێک لە پۆل پۆتی سەرکردەی شۆڕشگێڕی کەمبۆدیا بدەینەوە، ئەو شۆڕشگێڕەی وڵاتەکەی کردە هەزاران کێڵگەی کوشتن و بڕین و زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی کوشت.

شۆڕشگێڕە ئیسلامیەکانی ئێران لەگەڵ یەکەم زەنگی سەرکەوتنیان یەکێک لە رابەرە ئاینیە جەلادە شۆڕشگێڕەکانیان راسپارد، بە ئارەزوی خۆی پیاو و گەنجی کوردی ریز دەکرد و گولە بارانی دەکردن.

لە باکوری ئەفریکاش حوسنی موبارەک و زه‌ین ئه‌لعابدین و قەزافی و بوتەفلیقە لە شۆڕشگێڕە دێرینە رەسەنەکانی خەباتی رزگاریخوازی عەرەبی بون. هەر هەمویان لە ئاستی جادوگەری دەسەڵاتدا بونە سیمبۆلی گەندەڵی و تاکڕەوی و کوشتن و ستەمکاری بۆ میللەتەکانیان. لە سیمبولەکانی تری خەباتی ئەفریکا شۆڕشگێڕی چەپڕەوی سەرکردە موگابا بو، دوای ئەوەی دەسەڵاتی گرتەدەست یەکەم کاری ئەزیەتدان و دورخستنەوەی نکۆمۆی هاوڕێی شۆڕش و خەباتی بو و دواتر وڵاتەکەی کردە جەنگەڵستانی گەندەڵی و ستەمکاری. لە ئەفریکاوە بپەڕێینەوە بۆ یەمەن، دوا سوچی باشوری خۆرئاوای ئاسیا. لەم وڵاتەش شۆڕشگێڕەکانی بەشەکەی باشوری کەوتبونە قەتلوعامی یەکتر و لە بەشەکەی باکوریشدا عه‌لی سالح عه‌بدوڵا لە شوانێکەوە ببو بە سەرۆک کۆمار رۆڵی بەرچاوی لە خەباتی رزگاریخوازی و یەکگرتنەوەی هەر دو یەمەنەکەدا هەبو. دواتر بو بەو دیکتاتۆر و خوێنڕێژەی ئەمڕۆ. ئەمانە و دەیان نمونەی تر سوچێکی ئەلبومی فەسادبون و تاکڕەوی و خوێنڕێژی ئەو شۆڕشگێڕانەیان رازاندۆتەوە.

بەشێکی تر لە سەرکردە و کەسایەتیە شۆڕشگێڕە ناودارەکان بەپاکی و بە ئەمەک بۆ شۆڕش و میللەتەکانیان مانەوە، وەک غاندی و مارتن لوسەر کینگ و ماندێلا و مه‌هدی بن برکە و قازی محه‌مه‌د و قاسملۆ و جیڤارا و حەبەش و عه‌بدولناسر و مێژویەکی پڕ سەروەریان بۆ خۆیان و میللەتەکانیان بەجێهێشتوە.

بەشێک لە شۆڕشگێڕەکانی کوردستانی خۆشمان دوای راپه‌ڕین و گرتنەدەستی دەسەڵات بە هەمان شێوەی هاوشۆڕشگێڕەکانیان لە قاڕەکانی تری دنیا رەفتاریان کردوە. بێجگە لەوەی کەوتنە قەتڵوعامی یەکتر، ئەمڕۆ بونەتە کاراکتەرەکانی گەندەڵی و ستەمکاری و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و زەوتکردنی ئازادی و ئەستەنگێکی سەرسەختن لەبەردەم عەدالەت و پێڕەوکردنی یاسادا. ئەمەش خاڵێکی هەستیاری هاوبەشی نێوان لادانی شۆڕشگێڕەکانی لای خۆمان و ئەوانەی دنیاکانی ترە. ئەم خاڵەیە کە کرۆکی ناڕەزاییەکان بەرامبەر بەو جۆرە کۆنە شۆڕشگێڕانە بەیەکەوە گرێدەدات. زوڵم و گەندەڵی و ناعەدالەت لەسەر مانگ بێت یا لە جەزیرەی واق واق هەمان مانا دەبەخشێت، ئەویش رێز نەگرتن لە مرۆڤ و مافەکانیەتی.

بۆچی؟
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئەم شۆڕشگێڕانە بۆچی لە خەبات و رێڕەوی راستی خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە و هەر ئەو هەمو بەها بەنرخانە و بەرژەوەندی میللەتەکانیان دەخەن بەلاوە و دەبنە هاوجۆری ئەو دەسەڵاتدار و کەس و تاقمانەی کە شۆڕشیان دژ بەرپاکردبون.

دەشێت چەند خاڵێک بکرێن بە بنەما و تەوەر بۆ لێکۆڵینەوە و ئاشنابون بەم بابەتە. گرنگی ئەم دیاردەیە لەوەدایە کە هۆکارێکی گرنگی ئاڵۆزی دۆخی ئەمڕۆی کوردستان لەو راستیەی سەرەوە سەرچاوەی کردوە. بەشێک لە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ بونەتە ئاغا و کوێخای ئەم میللەتە و تادێت باریان بەسەر میللەتەوە قورستر دەبێت. ئەم دیاردەیە هیچ ناسنامەیەکی تایبەت و لۆکاڵی نیە، نە تایبەتە بە عەقیدە و ئایین و مەزهەبێک و نە بە ئەفریکا و ئەمه‌ریکای لاتینی و ئاسیا. دیاردەیەکە لە دەرون و هەستی ئەو جۆرە کۆنە شۆڕشگێڕانەدا سەرهەڵدەدات و وەک ئەختەبوت و نەخۆشیەکی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی و دەرونی پەلدەهاوێژێت و خۆی نمایش دەکات.

لە مێژەوە وتویانە شۆڕش کوڕەکانی خۆی دەخوات، رەوایە لەم سەردەمەدا بشوترێت بەشێک لە کوڕەکانی شۆڕش شۆڕشەکەی خۆیان دەخۆن.

ئەم جۆرە کەسانە بە ئەقڵیەتێکی سیاسی پاوانخواز و پشتئەستور بە رەوایەتی شۆڕشگێڕانە ئەو مافە بەخۆیان دەبەخشن تا پاسا و بۆ کار و رەفتارەکانیان بهێننەوە. شۆڕشگێڕە چەقبەستوەکانی لای خۆمان هەمان هەڵە کوشندەکانی فەلەستینەکان و سڕبەکان دەکەنەوە. ئەوان کێشەکانی ناو کۆمەڵگاکانیان و دەوروبەریان تەنیا لە روانگه‌ی نەتەوەییەوە دەبینی و تەنها تیشکیان دەخستە سەر ئەو لایەنەش و چاویان لەئاستی بوارەکانی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ناعەدالەت و گەندەڵی دادەخست. هزری نەتەوەیی ئەم جۆرە شۆڕشگێڕانە زیاتر خولیای ناسیۆلێزمی کلاسیکیە و لەگەڵ چەمکێکی تەم و لێل و بێسەروبەری نیشتمانپەروەری تێکەڵکراوە، بۆیە گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان و ناڕەزایی خەڵک و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش دەخزێننە چوارچێوەی تەسکی هزری ناسیۆنالیزمی خۆیانەوە و لەو روانگایەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن. بۆ نمونە لە هەرێمەکەی خۆمان تەنانەت کاتێک منداڵێک لە بێشکەی ساوایەتیەوە دەنگێکی ناڕەزایی دەرببڕێت دەسەڵات و هەمو بوقەکانی دەکەونە هاوارکردن بۆ ساوایەتی ئەزمون و حوکمڕانی و بۆ مەترسیەکانی سەرمان و بۆ پلانی ناحەزان و دوژمنان و فرمێسک بۆ کەرکوک و مادە بێهۆشکەرەکەی 140ی دەستور دەڕێژن.

لە سەردەمی جیهانگیری و کرانەوە و شۆڕشی تەکنۆلۆجیا و شەپۆلی توندی دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و سەردەمی ناشتنی چەمکەکانی شمولیەت و مەرکەزیەت و کاڵبونەوەی ناسیۆنالیزمی کلاسیکی و عەقیدەی داخراو و سنورەکان هەگبەی فکری ئەم توێژە شۆڕشگێڕە تەنها بە خەیاڵ و نەستولجیا و ئەقڵیەت و کەلەپورێکی چەقبەستو پڕکراوە. ئەوان تەنها لەڕێگەی خۆسەپاندن و پشتەستور بە مێژو دەتوانن بەرگێکی خەیاڵاوی بە بەری بیرەوەری جەستەی پیر و شەکەتیاندا بکەن. ئەوان بە کات گەمە دەکەن، لەبری ئەوەی رو لە ئایندە بکەن کات بۆ دواوە دەگەڕێننەوە و لە وێستگەیەکی سەر رێگەی ئەو گەشتەیاندا جارێکی تر هەست و فکر و ئەزمون و تابلۆکانی شۆڕشگێڕی پاک و سافی پێشوی خۆیان وەک سەراب بەدیدەکەن و بەدوایدا رادەکەن و رادەکەن و لەو راکردنەدا بەردەوامن و لە واقیعی ئێستاشیاندا بەو سەراب و راکردنە سەرسام و سەرگەرمن. ئەم پارادۆکس و لەتبونە فکری و دەرونیە یەکێکە لە سەختترین ئاستەنگی واقیعبینینی ئەو توێژە دەسەڵاتدارە.

هۆکارێکی تر کەوا دەکات هەندێک لەم شۆڕشگێڕانە ببنە تێکده‌ری روخساری شۆڕشەکەیان ئەوەیە ئەوان لە ئەسڵ و فەسڵەوە ماهیەتی ئەو جۆرە رەفتارکردن و لادان و گوناە و فەسادەیان هەڵگرتوە و بە کاریگەری پلەوپارە و بەرژەوەندیەکان ئەو ماهیەتە زیندودەبێتەوە و بەکاردەبێت و بەرچاو دەکەوێت. نابێت لە یادیشی بکەین کە فکری مارکسیزم و لینینزم نزیکەی سەدەیەکە وتویەتی کە بۆرجوازی نیشتمانی و بچوک دوای سەرکەوتن و گرتنەدەستی دەسەڵات زۆر زو دەگۆڕێت و تا ئاستی توێژێکی کۆمپرادۆر و ستەمکار دەڕوات.

ئەم ئەزمون و نمونانە راستیەکی تریشمان بۆ دەسەلمێنن، ئەویش بیر و جەستەی شۆڕشگێڕیەتی لەو جۆرە لە وڵاتە دواکەوتوەکان بەپیتترین زەمینەن بۆ گەندەڵی و لادان و شەڕ و کوشتن و تاکڕەوی و ناعەدالەت.

ئێستا و ئایندە
ئەمڕۆ لە پێکهاتەی سیاسی و حوکمڕانی خۆماڵی باشور کەسان و گروپی لەو جۆرە شۆڕشگێڕانە لە لوتکەوە تا خوارەوە شۆڕبونەتەوە و رەگ و ریشەی توندیان داکوتیوە. مەحاڵە بەئاسانی و ئارەزومەندانە و بە ئاگاوە بۆ نەریتە جوان و بەنرخەکانی سەردەمی شۆڕشگێڕیان بگەڕێنەوە و زۆر ئەستەمیشە ئارەزومەندانە دەست لە کەنزی پر لە زێر و زێوی بەردەستیان هەڵگرن. ئەوان لە خەونە خەیاڵاوی و نەبینراوەکانی نێوان خەوتن و بەخەبەربون چێژی ژیانیان دەکەن و بۆیان ناکرێت وازی لێبهێنن.

ئەزمونەکانی دنیا و بەتایبەت ئەم دواییەی وڵاتانی عەرەبی پێمان دەڵێن چارەی ئەم دیاردەیە بە رادەی سەرەکی پێویستی بە گرێدانەوەی هەمو ئەو هێزانەیە کە دژ بەم دیاردە ترسناکە دەوەستنەوە، لە بەرامبەردا ئەم توێژە دەسەڵاتدارە بە رێگەی دیموکراسی خۆشەکراو بە ئەقلێەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکەمان لاناچن، وانەی سێیەمیش لەو ئەزمونانە ئەوەیە کە حوکمڕانی و شەرعیەتی ئەو جۆرە دەسەڵاتدارانە لەنێوان واقیع و شەرع و خەیاڵدا ئەوەندە لەرزۆک بوە کە پێگە و هێزی بەهاکانی لە نەسجی خەیاڵێکی شۆڕشگێڕانەی کۆنی سەردەمە بەسەرچوە گەشەدارەکان دەچن و بەرگێکی دیموکراسی و یاساییان بەبەردا کردوە.

ناشێت ماف و ئومێد و داخوازیەکانی خەڵک بکرێنە سوتەمەنی خەیاڵێکی بەسەرچو و نەستۆلجیایەکی نەزۆکی بێ بەرهەم. نە واقیع و نە ئەو کەس و گروپانە بە دەستنان بە سەر شانوباڵ و لایلایەکردنی خەیاڵ ده‌گۆڕدرێن.

کێشەی سەرەکی خەڵک تەنها بەچاکسازی و گۆڕینی چەند دەموچاوێک چارە ناکرێت، ئەو زەمه‌نە بەسەرچو داواکاری خەڵک تەنها لە ریفۆرمکردندا خۆی ببینێتەوە. قەیرانی ئێستای کوردستان لە ناخ و رۆحیدا قەیرانێکی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتیە کە گەندەڵی و پاوانکردن و ناعەدالەتی بەشێکن لە هۆکاری دروستبونی و خەستبونی. ئەم قەیرانە تەنها بەگۆڕینی ئەقڵیەتی سیاسی رێگەچارەی خۆی دەدۆزێتەوە و چەند ساڵێکیشە بواری تەواو بە دەسەڵات دراوە تا ئەو گۆڕانکاریە بکات، مەخابن دەرکەوت ئەو دەسەڵاتە نە خواست و نە توانای ئەوەی نیە.

پرۆسەی بەرفراوانکردنی پرۆتێست و هەماهەنگی توندی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزایی شەقام و ناو حیزبەکانی دەسەڵاتیش لەگەڵ داڕشتنی پلانێکی گونجاو بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی و ئاینی و بێلایەن کردنی هێزە چەکدارەکان و ئاسایش و ئاگادارکردنەوەی دنیای دەرەوە لە ئامانجە رەواکانی ئەم عوسیانە مەدەنیە بۆ بەرقەرارکردنی دیموکراسی راستەقینە و سەروەری یاسا و دابینکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بنبڕکردنی گەندەڵی، پرۆسەیەکە هیوای ئەوەی لێدەکرێت خاک و نەتەوە لە قەفەسی تەسکی خەیاڵ دەربازبکات و بەلایەنی کەمەوە رێگەخۆشکەریش دەبێت بۆ نەوەکانی داهاتو تا ئەو پرۆسەیە بە تەواوی ئامانجەکانی بگەیەنن.