Print WWW.SBEIY.COM
 کردار شەرتە، ئەمما چ کردارێک؟
چیا عه‌باس
17/06/2011

خەیاڵ: ئیکارەس Icarus
ئەم ئەستورەی گریکیە دەگێرێتەوە: ئیکارەس و دایدەلوسی باوکی لای پادشا مینۆس له‌ دورگه‌ی کرێتا زیندان دەبن، باوکەکە بیر لە رێگەیەک بۆ هەڵهاتن لە زیندان دەکاتەوە: لە تەختە و پەڕ و مۆم باڵی گەورە دروستدەکات. لە ترسی تواندنەوەی مۆمەکە کوڕەکەی بەئاگا دەهێنێتەوە کە زۆر بەرز نزیک بە رۆژ نەفرێت و هەروەها زۆر نزمیش نەفڕێت، چونکە باڵەکانی بە ئاوی دەریا زۆر قورس دەبن. کوڕەکەی لە کەشوهەوای مەزاجی خۆش و وروژێنراویدا زۆر بەرز دەفڕێت و مۆمەکە دەتوێتەوە و ئەویش دەکەوێتە دەریای ئێجەوە. کرۆکی ئەم چیرۆکه ئەوەیە ئەو کەسەی خۆی زۆر بەرز رابگرێت و زیاد لە پێویست باوەڕی بەخۆی هەبێت خۆی سزای خۆی دەدات.

واقیع: کوردستان، کابینەی شەش
لەوکاتەوەی کابینەی شەش دەست بەکاربوە، بەرپرسی فەرمی کابینەکە و میدیای حیزبەکەی و پاشکۆکانیان دروشمی "کردار شەرتە" یان کردۆتە پێناسە و لۆگۆی کابینەکە. تائێستا بەرچاو و بەرگوێم نەکەوتوە ئەو دروشمە لەلایەن هێزی بڕیاردەر و سەرەکی کابینەکە کە پارتییە باسی لێوە کرابێت، یاخود لە دور ونزیک پشتیوانی راستەوخۆی ئەو هەرا و هەڵڵایەی میدیای یەکێتی بۆی ناوەتەوە کردبێت.

ئەم دروشمە لەڕوی تێگەیشتنی زمانەوە کورت و بریقەدارە و کاریگەری دەرونیشی هەیە. لەڕوی سیاسییەوە بۆ کابینەكە پەیامێکی بێ مانا و ناوەڕۆکە و هیچ چەمکێک یا تێگەیشتنێکی سیاسی و فکری تایبەت و نوێ یاخود بەرنامەیەکی دیارکراوی حکومەتی تێدا بەرچاو ناکەوێت، چونکە لە هەمو سەردەمەکانی مێژو و کون و قوژبنێکی دنیادا و لە سایەی هەمو جۆرە دەسەڵات و سیستەمەکانی حوکمڕانیەوە هەمیشە کردارە کە بەرچاوە و کاریگەری بە باش و خراپ بەسەر هاوڵاتیان و حوکمڕانیدا هەیە، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامەوە وتراوە "انما الاعمال بالنیات" و لە که‌لتوری زۆر لە میللەتان بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو هاوکێشەیەی نێوان قسە و نیەت و کردار لە پەند و فۆلکلۆر و که‌لتوریاندا رەنگیداتەوە. لە دەرەوەی کاری حکومەتیشدا ئەم دروشمە و هەڵڵاکەی هیچ بەها و چەمکێکی سیاسی تازەی داهێنەری نەهێناوەتە ناو که‌لتوری سیاسی کوردییەوە. جێبەجێ کردنی هەندیک لە ئەرکەکانی ئەم کابینەیە دەچنە قاڵبی کاری سادە و رۆتین و لە دورگەی واق واق و ئه‌مه‌ریکا و کۆنگۆ و بەنگەلادیشیش جێبەجێ دەکرێن.

بە ڕەچاوکردنی کاتی بەرزکردنەوەی ئەم دو وشە دە پیتە و ئەو لایەنەی بەکاری هێناوە دروشمەکە تەحەدایەکی سیاسی هەرزەکارانەی تێدا حەشاردراوە، تەحەدایەک زادەی ئەقڵیەتێکی چاوچنۆک و تورە و تینوی تۆڵەسەندنەوەیە. تەحەدایەک رایدەگەیەنێت: ئێمەی کە حوکم دەکەین دەتوانین بەو پارە و دەسەڵاتەی بەردەستمان کاربکەین و بیسەلمێنین، ئێوە (مەبەست بزوتنەوی گۆڕان) هیچتان لەبەردەستدا نییە و ئەم هەمو بەڵێندان و رەخنە و هات و هاوارەتان لە چیە؟ ئەمە هه‌ناو و کرۆکی سەرچاوەی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو دروشمەیە. مەخابن رکابەریەک تا ئاستی شەخسی کراوەتە هەوێنی پرۆگرامی حکومەتێک بەفەرمی متمانەی 59% دەنگدەرانی پێدراوە.

ئەم دروشمە لەگەڵ ئەوەی لەلایەک هیچ مانایەکی سیاسی بە خزمەتی گشتی و بە پرۆسەی دیموکراسی نابەخشێت، لەلایەکی تریشەوە تەحەداکردنێکی سیاسییە بەخراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و تواناکانی حکومەت و رەنگ و دەنگی توڕەیی و بێ ئۆقرەیی پاش شکستەوه‌ ده‌کرێت، لە مەقامێکی تریشدا ئاوێنەی رق و کینەی ناخی هەڵگرانیەتی و منەتکردنی دەسەڵاتدارانیش بەسەر رەعیەتدا بەرجەستە دەکات. بەکورتی و کوردی لە قسەی بریقەداری بەتاڵ ورازاوە زیاتر هیچی تری وای لەخۆ نەگرتوە.

جارێ بابزانین خەسڵەتە تایبەتیەکانی ئەم کابینەیە چین و لەو روانگایەوە هەڵسەنگاندنی کردارەکانیان بکرێن.
بەردی بناغەی خەڵقاندنی ئەم کابینەیە ئەو شکستە گەورەیە بو کە دەسەڵاتداران و بەتایبەت یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی 2009 دا توشی بو. ئەگەر رێککەوتنامەی شەراکەت و شەفاعەتی سەرۆکی پارتی و ترسی هاوبەشی دەسەڵاتدارانی دو حیزبەکە نەبوایە، ئەم جۆرە کابینەیە و بەو پێکهاتەیە بەحەیاتی چاوی بە روناکی دنیا نەدەکەوت. ماقوڵە حیزبێک زیاتر لە 50% دەنگی لەدەست دابێت و بێت بەرپرسیاریەتی کابینەیەک وەربگرێت و بەو جۆرە منەت بەسەر خەڵکدا بکات و وەک ئەوەی خێریان پێدەکات؟ بۆیە لە یەکەم ساتی دەستبەکاربونیەوە کابینەکە نیوەچڵ و لەرزۆک و بێ رەونەق و زیندویەتی بوە و بە ویست و دەستگرتنی پارتییەوە بە گۆچانێکی شکاو هەنگاو بەهەنگاو و"کردار بە کردار" گوزەری کردوە و بۆ مانونەمانی زۆرانبازیەکی بێهودەیی کردوە. جه‌سته‌یه‌ک ئاوا لەدایک بوبێت، دەبێت گروگاڵکردن و زمانگرتن و تێگەیشتن و کردارەکانی چۆن بن؟

جه‌سته‌یه‌ک لە سەروبەندی پێکەوەلکانی جومگەکانی بەیەکەوە ناوچەگەری و تەکەتول و وەلای شەخسی هەراسانی کردوە، دەبێت چۆن بەدەستەجەمعی کردارەکان بکەنە ئەمری واقیع؟ وەزیریان هەیە لە ساتی پێکهێنانی کابینە لە دەرەوەی وڵات بوە و بە تەلەفۆن ئاگادارکراوەتەوە دەکرێتە وەزیر، تا ئەم خاڵە ئاساییە، هۆکاری ئەم کاندیدکردنە ئەوەبوە کە کاندیدەکەی تر لە کوتلەی جەمسەرگەرێکی تری حیزب بوە و بۆ جەمسەرگەرێکی تر بڤە بوە ببێت بە وەزیر.

کابینەیەک دەوڵەمەندترین وەزارەتی قەرزدارە و بە دەیان ملیۆن دۆلاری دیارنیە دەبێت لەم راوروتکردنە چاوەڕوانی چ کردارێک بکەیت؟

کابینەیەک دەیان پرۆژەی وەهمی و ئێکسپایه‌ر و ژێراوژێر بکات بە کردارە عەجایبەکانی و بودجەی تازەیان بۆ تەرخان بکات، دەبێت چیتر زیاتر لەو جۆرە  کردارانەی لێ چاوەڕوان بکرێت؟

کابینەیەک کەسانی باڵادەست لە پۆستە هەستیارەکانیدا هەریەک لێیان لە ئاوازێک دەخوێنیت، دەشێت چاوەڕوان بین کردارەکانیان سیمفۆنیای ئاوەدانکردنەوە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسامان بۆ بچڕن؟
کابینەیەک باڵادەستی تێدایە بەراشکاوی و لە زاری خۆیەوە رایگەیاندوە قبوڵ ناکات لە سوچێکی وڵاتدا فەرمانبەرێک بەرپرسیاریەتیەکی بچوکی ئیداری هەبێت، چونکە خاوەنی رای جیاوازە لەگەڵ ئەو جەناب مەعالیە، دەبێت کردارەکانی ئەم جۆرە ساحب مەعالیانە لەگەڵ قاموس و کۆدەی چ جۆرە دیموکراسیەتێک یەک بگرنەوە؟

کابینەیەک وەزیری تێدایە مەبەستیەتی کاری باش و نوێ لە بواره‌که‌یدا بکات، کەچی تەرەفێکی حوکمڕانی گەلەکۆمەی لێدەکەن و ناوی دەزڕێنن و.... و، دەبێت ئەم جۆرە رەفتار و هەڵوێستانە بخەینە چوارچێوەی چ جۆرێک لە کردار و نیەتەوە؟

کابینەیەک چاکسازی کردبوە ئامانجێکی سەرەکی، دوای نزیکەی دو ساڵ گەورەترین دەسەڵاتی فەرمی هەرێم کە دەکاتە سەرۆکی هەرێم سەرە تاوەکانی ئەرکی سەرەکی حکومەت لەچاکسازیدا دەگرێتە دەست و پرۆژەی خۆی بۆ بەیان دەکات، پاشئەوەی بێ ئومێدبوە ئەو کابینەیە بتوانێت کارێکی وابکات، دەبیت خەڵکی چاوەڕوانی چی لە کردارەکانی ئەم جەستە ئیفلیج و بێ ئیرادەیە بکەن؟

بەرپرسی کابینە و خاوەنی سەرەکی دروشمەکەی لەو ساتەوەی ئەو پۆستەی پێدراوە چەندین پێشێلکاری یاسایی گەورەی کردوە و واژۆی خوی لەسەر ئەمرە فەرمیەکانیش داناوە بەبەرژەوەندی حیزبەکەی و دەسەڵاتدارانی کە خودی خۆی یەکێکیە لێیان، چاو قایمییەک باوەڕدەکەم لەلایەن شەبەحەکانی حوکمڕانیەوە بەو بەڕێزە کرابن.

نمونەی کردارەکان زۆر زۆرن... ئەوەندە لەسەریان نوسراوە و قسەکراوە... ئەوەندە بونەتە مایەی شانۆگەریەکی کۆمیدی تراجیدی ئاسا...، کابینیەیەک... راست دەکەن بۆ ئەو جۆرە کابینە هەر ئەو جۆرە کردارانە پر بەپێستیەتی و شەرتی مانەوەشیەتی.

کابینەیەک بە فەرمانی بەرپرسەکەی و شەبەحەکانی سەروی فەرمانبەر و دادوەر و ئەفسەر و چاودێر و پەروەردەکەر و...تاد ئەو حکومەتە دەردەکەن و نانبڕ دەکەن و ئەزیەت دەدەن بەهۆی رای جیاواز، دەبێت ئەم کردارانە لە چ قاموسێکی حوکمڕانیدا، بێجگە لەوەی تاکڕەو‌ و دیکتاتۆرەکان، بەهای فلسێکی قەڵبی ژەنگاوی هەبێت؟

کابینەیەک بەپەنجەی شایەتمانی زۆربەی فەقێکانی حوجرەی حیزب و شەبەحەکان دوعا و نزاکانی بەرێبکرێن، دەبێت بۆ مانای کردارەکانی لە کام لاپەڕەیەکی قورئان و تەورات و رستەکانی حەدیسەکانی پێغەمبەراندا بگەڕێین؟

لە 17 شوباتەوە و تا ئەم ساتە ئەم کابینەیە بە کردارەکانی سەلماندی کە نەک ستەمکار و شەڕەنگخواز و چەواشەکارە، بەڵکو ساحب مەعالی تێدایە بەکردار ئەمری گرتن و فڕاندن ولێدان و ئەشکەنجەدانی رۆشنبیران و چالاکەوان دەدا و دواتر دەستخۆشی لە بکەرە حیزبیەکانی دەکات بۆ ئەو کردار و گوزرە باشانەی وەشاندویانە، دواتریش وەک تیمساح فرمێسک بۆ قوربانیەکانیان دەرێژن. راستیان فەرموە کردار شەرتە، ئەمما چ کردارێک.

کردارێک تەنراو بە دوڕویی و رقوکینە. ئەو کابینە بەڕێزە وەزیری هەیە (چ ناوێکی گەورەیە) بە دەمی خۆی کام جنێو و قسەی ناشیرین هەیە دەیدات و هەڕەشەی کوشتن لە رای جیاواز دەکات. لەو گرتبونەوە سیاسی و ئیداریە بێگومان کەسانی باش و چالاک و بەئەمەکی تێدایە، ئەوان کار و کرداری خۆیان بێ هەڵڵا و قڕەقڕ و جنێودان و شەڕفرۆشتن دەکەن، مەخابن ئەوانە روخسارە گەشەکەی کابینەکه‌ نین.

خاوەنەکانی دروشمەکە لەیەکەم بەرنگاربونەوەی جدیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بڕیاری بڕینی بودجەکانیان دەدەن، پێدەچێت ئەو پارەیە لە قاسەی ماڵەکانی خۆیان دەریان هێنابێت و ئاوا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا و پێده‌که‌ن، راستیان فەرموە کردار شەرتە... ئەمما چ کردارێک؟

ئەوان پێیانوایە بەم کرادارانە گۆڕانکاری دەکەن، راستیان فەرموە بەرەو به‌هه‌شت بۆخۆیان و دۆزەخ بۆ غه‌یره‌ی خۆیان دەیگۆڕن.

کەس نەیوتوە ئەو ساحب مەعالیانە نەفڕن، تکایە زۆر بەرز نەفڕن تا بەدەردی ئیکارەش نەچن.

من پێموایە ئەم جۆرە بەرپرسانە نابێت لەدەستی عەدالەت دەربازبن، جا عەدالەتی ئیلاهی بێت یا خۆماڵی یا لەهەر دەروازەیەکی تر بتوانرێت عەدالەت بەرقه‌رار بکرێت. تا ئەو ساتە و بۆ ئەو ئامانجە ئێمەش کردار دەکەین بەشەرت.