Print WWW.SBEIY.COM
 لە سلێمانیەوە
چیا عه‌باس
04/03/2012
پاش پێنج ساڵ، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، سەردانی سلێمانیم کرد. سلێمانی نەک تەنها رۆحە بزوێنەر و بزێوەکەی بزوتنەوەی گۆڕانی لە ئامێز گرتوە، بەڵکو پشکی زۆری هێز و رەوت و ئاراستەکانی چاکسازی و گۆڕانکاریشی لە خۆ گرتوە، بۆیە ئەمجارە وەک گۆڕانخوازێک دید و مامەڵەم لەگەڵ دۆخ و رەوشی شار کرد.

سلێمانی لە بەرامبەر گەورەبون و گەشەکردنی لە چەند بوارێکدا بچوک کراوەتەوە و بەرەو دواوەش براوە و پشتگوێخراوە، بێبەری کراوە لە دەزگا باڵاکانی حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، شارەکەی گەورە شاعیر و رۆشنبیر و نوسەرانی کورد بەناو کراوەتە پایتەختی که‌لتوری و رۆشنبیری، بێجگە لە یەک دو "دار النشر" و چەند چالاکیەکی لابەلا لەو بوارەدا، چایخانەی شەعب و قاوەخانەی که‌لتوریش بەهەناسەبڕکێ زۆرانبازی که‌لتور و جاە و مەقامی رۆشنبیری دەسەڵات دەکەن، تەنانەت چەندین نوسەر و رۆشنبیر بەرەو شارەکانی تری هەرێم کۆچیان کردوە. خواپیاوەکان لە حاشیەی دەسەڵات بەها و ناسنامەی سلێمانی بەدەفتەر و بلۆک و مەترە زەوی و بەرزایی تەلارەکان و دوا مۆدێلی ماشێن دەپێون. ژیان لەم شارەدا بۆتە رۆتینێکی بێزارکەر و چوار وەرزە سەرگەرم و شەڵەژاو گوزەر دەکرێت. پەرژینی تۆقاندن و ترس وەک شورایەک چواردەوری شاری تەنیوە، سلێمانی بۆتە شارە گۆشەگیر و غەمبارەکەی باشوری کوردستان و بەدەست تێکدەرانی شار لە ناوخۆی و دەرەوەی دەناڵێنێت و رۆڵەکانی دەکوژرێن و ئەتک دەکرێن.

لە ئاسمانەوە ولە بەرزایی شاخەکانی دەوروبەری و لە جادە وگەرەکەکانی ناو شار هەست بەهێمنیەکی سەرکەش و هەڵچونێکی شاردراوە دەکرێت، هەست دەکەیت فرمێسک لە چاوەکانی شاردا قەتیس ماوە و وێڵی دەرفەتێکە بۆ رژاندن. وێرای ئەوەی سلێمانی ئێستا نامۆیە بە مێژو و کەلتور و خەڵک و خەسڵەتەکانی، وەلێ لە ناخیدا عەشقێک پەنگی خواردوە و لە پشت پەچەیەکی رەشەوە لە سەر "جادە چۆڵ و سێبەردارەکان" چاوبازی لەگەڵ گزنگ دەکات.

یوتۆپیای شار
یوتۆپیا Utopia تایتڵی کتێبێکی نوسەری ئینگلیز Thomas More ە لە ساڵی 1516 لە دو بەشدا نوسیویەتی. نوسەر باس لە دۆرگەیەکی نمونەیی دەستکردی خەیاڵی دەکات وتێدا دیدوبۆچونی خۆی لەمەڕ سیستەمی سیاسی و ئابوری ئینگلتەرا لە سەرەتای سەدەی شانزە باسدەکات کە ستەم و گەندەڵی وڵاتەکەی شەکەت کردبو.

تۆماس مۆر گەشتیارێکی شارەزا دەکاتە کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکەی و لەگەڵیدا لەسەر ژیان لە دورگەکە دەکەوێتە لێدوان. دورگەکەی تۆماس نمونەییە، ئاغا و خاوەنداری تایبەتی و ستەم و گەندەڵی و چینە کۆمەڵایەتیەکان لەو دۆرگەیەدا بونیان نیە. دانیشتوانانی دورگەکە سەرپشکن چ خوایەک دەپەرستن و پەنای بۆ دەیەن.

یوتۆپیاکەی مۆر نمونەی مۆدێلێک نیە، نوسەر لە داخی واقیعی تاڵ و ئاڵۆزی وڵاتەکەی پەنا بۆ خەیاڵ دەبات.

ئەمجارە من گەشتیارێکی دەسکردی گۆڕانکاریەکان بوم و تەنها پشت و پەنام خواست و نیەتەکان بون.

ئێلیتی سیاسی دەسترۆیشتوی کورد، بەتایبەت دوای روخاندنی سەدام، بانگەشەی دەکرد کە ئەزمونەکەمان نمونەییە و هەرێم دەبێتە واحەیەکی دیموکراسیەت و رێزگرتن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری و سەروەری یاسا... تاد و عێراق و نەتەوە و وڵاتانی ناوچەکە دەبێت چاوی لێبکەن. ئەم بانگەشەیە زۆر بەخەستی لە دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەی شار دەبیسترا.

ئەو بانگەشە و چاندنی چاوەڕوانیانە جۆرێک لە وێناکێشکردنی وەهمی یوتۆپیای کوردی بو، وەهمێک لە کەفوکوڵی شەپۆلە هەڵچو و بزێوەکانی دەریای خەیاڵی ئەو سەردەمەی خاوەنەکانیدا گروگاڵی دەکرد و تەوژمی دەدا.

ئەوان لە گەنجینەی خەیاڵێکی بێسنوری زۆر برسی و بەهەڵپە و ماخۆلاندا کەرەسەکانی بەهەشتی یوتۆپیاکەیان بژار وکەڵەکە کرد.

ئەوان پێش خەڵقاندن، پێشئەوەی گوڵەکان خونچە بکەن وبگەشێنەوە، پێشئەوەی کانیەکان هەڵقوڵێن و پێشئەوەی ساتی "ناشتنی تەرمی زستان" بێت بەرگی حەزەکانی خەیاڵی بزێو ولاساریان بەباڵای شاردا ئاڵاند.

جاران، ئەوان لە گەشتێکی درێژ و دژواردا گەنجە رێبوارێکی بوێر بون، عاشقی رەنگ و بۆنی نێرگز و گوڵاڵە سورە بون، کوێرە گوندێک و ئەشکەوتێکی تاریکی تەنراو بە جنوجانەوەر و خانوەیەکی سوتاو و روخاوی لارێیەک وێستگەکانی حەوانەوەی گەشتەکەیان بون. ئەوان لەگەڵ خۆشەویستی بەفر و جەزرەبەی سەرما و تەنیایی شەوە تاریک و درێژەکان و برسیه‌تی و بێهودەیی و ئازار و ترس و مردن ئولفەتیان گرتبو، ئەوان شەیدای چێژ و گەرمی چایەکی خەستی کۆنە قۆریە شکاوێکی سوتاو و خورما و رۆنی نەنەیەکی گوندێک بون، ئەوان لە پێخەفی نێو درک وداڵ و تاشە بەرد و لە دامێنی شاخەکاندا تامەزرۆی خەونێکی رەنگاورەنگ و زەردەخەنەیەکی بێگەردی مناڵە دورەکانیان بون. ئەوان ئەو ساتانە ساکارترین و دڵگیرترین هەڵبەستی یوتۆپیایان بۆ ئایندە دەهۆنیەوە و جوانترین تابلۆی خەیاڵی بێگەردیان نمایش دەکرد.
 
ئەوان، کاتێک لەو گەشتە گەڕانەوە جانتایەکی پر ئومێدیان لەگەڵ خۆیاندا بۆ شار هێنایەوە، مەخابن، بێئۆقرەیی و هەڵپە و چاوچنۆکی ئومێدەکانیان کردە خەیاڵ و خەیاڵیش بوە کەرەسەی وەهمێکی خۆپەرستانە.

ئەوان، سلێمانی، شارە بزێو و بوێرەکەی کوردستان یان کردە پەرستگای خەیاڵ و حەزەکانیان و لە تەپ و تۆزی پاش سەفەر هەڵیان کێشا. لەو مەملەکەتەدا دەیان حاکم و خاوەن لەشکر و سەرلەشکر و سەدان میوانی خاوەن ماڵ و حاشیەی هاروهاج و تازەپێگەیشتو و چەندین وچەندین... روخسار و بەها و خەسڵەتەکانی شاریان شێواند.

ئەوان بە خەڵکە رەسەنەکەی شاریان دەگوت خەمتان نەبێت فوارە و جۆگەلەی ئاوی زەمزەم و نەمامی ناسک و رەنگین کۆڵان و جادە و بەردەرکی سەرا دەرازێننەوە، بێ خەم سەربکەنە "سەرسەرین" و لە سۆز و بەهرەی "ئارام و نور"ی بەهەشتتان هەڵدەکێشین، خەمتان نەبێت منداڵەکانتان لەهیچ شتێک "بێبەر"ی نابن و پیر و پەککەوتەکانتان بەتەنیشت " گرد"ەکەی مامە یارەوە بە "جاە و نیعمەت" لە "گوندەکانی یوتۆپیا"دا گوزەران دەکەن، خەمتان نەبێت لەم مەملەکەتەی خەیاڵی ئێمەدا حەیات و ماڵ و موڵک و شەرەفتان "زامن و موحافز"ن.

یوتۆپیەکان، لە شارە غەمگینەکەی کوردستان، وەک پاداشتێک بۆ جوانی یۆتۆپیا ساکارەکانی سەردەمی گەنجیەتی شۆڕشگیرییان و بۆ رەوینەوە و تێرکردنی حەزە وردیلە و گەورەکانی یوتۆپیا بێ سنور و رەنگ سورەکانی سەردەمی سەرگەرمی باڵقبونی شۆڕشگیرییان هەرچی لەسەر و ژێر و ناو خاکی ئەو مەملەکەتەدا بو بۆ خۆیان بە رەوا و حەڵاڵ دانا. ئەوان بەتۆرە پساو و رزیوەکەی یوتۆپیای پەککەوتەی سەردەمی پیری شۆڕشگیریان بێهودە سەرقاڵی راوی یادەوەریەکانی نوقمبوی گۆمی نەهامەتیان بون. ئەوان خۆیان کرد بە خوا و شار بەپەرستگا و خەڵکیش بە مورید.

تۆماس مۆر 500 ساڵ لەمەوبەر، دۆرگەکەی بەخۆشەویستی و یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی بنیات نابو و رازاندبوەوە، شه‌رمه‌ دورگەی خەیاڵ پڵاوانی خۆمان بە ستەم و سەرگەردانی و ترس و نادادپەروەری و فەساد تەنراوە.

ئەمڕۆ ئەو شارە بەتەنیشت فەرامۆشکردن و پشتگوێخستنەوە بەدەست چەندین باندی ئابوری و لۆردی شەڕەوە دەناڵێنێت، ئەوانەی دەیانەوێت لە کێڵگەی جەنگدا دروێنەی خواستە شەیتانیەکانیان بکەن. ئەوان بەپۆستاڵ و تێڵای هاوردەی عەرەبی و تورکی دەیانەوێت رۆحە بزێوەکەی منداڵ و گەنجانی شار دابمرکێننەوە.

ئەم دۆخەی شار ئاکامی سیاسەتێکی بەشێکی دەسەڵاتە و بەمەبەست پێرەوکراوە بۆ دەستەمۆکردن و فەرامۆشکردنی رۆحی زیندوی شار و کاڵکردنەوەی رۆڵی بەرچاوی لە بزافی کوردایەتیدا.

خۆشبەختانە ئەمڕۆ لە هەمو جادە وکۆڵان و گەڕەکێکی ئەو شارەدا دەنگێکی زوڵاڵ دەبیسترێت، دەنگێک داوای لێتەگەیشتن و نزیکبونەوەی ئیرادەکانی گۆڕانکاری دەکات، داوای بەرفراوان کردنی بەرەی گۆڕان دەکات، داوا دەکات خەمخۆرەکانی لایەنەکان و جەماوەر بەیەکەوە سنورێک بۆ فەرعەونەکانی کوردستان و پیاو و چەکدارە دەمامک کراوەکانیان دابنێن.

ئەوان لە گەیشتن بەکەناری سەرکەوتن زۆر دورن، لە کەشتی سەر دەریای خەیاڵیاندا سەوڵی بێهودەیی لێدەدەن و لەنێو تەوژم و شڵپ و هۆڕی شەپۆلەکاندا هێدی هێدی کاڵدەبنەوە و گومدەبن.

هەزار رەحمەت لە گۆڕەکەت تۆماس مۆر، تۆ نیو هەزار ساڵ لەمەوبەر بە خەیاڵ جوانیەکی بێئەندازەت بەنەتەوە و خاک و وڵاتەکەت و مرۆڤایەتی بەخشی.
 
لێرەدا بەشێک لە رەوائعی بیرمەندی ناوداری عەرەب "جبران خلیل جبران" لە شوێنی خۆیدایە:
 
لا تعش نصف حياة ، ولا تمت نصف موت ، لا تختر نصف حل ، ولا تقف في منتصف الحقيقة ، لا تحلم نصف حلم ، ولا تتعلق بنصف أمل .. إذا صمتّ .. فاصمت حتى النهاية ، وإذا تكلمت.. فتكلّم حتى النهاية



رۆتەردام: 3-3-2012