Print WWW.SBEIY.COM
 لە سلێمانییه‌وه‌ -2-
چیا عه‌باس
15/03/2012

(بەشی دوەم)
بەشی یەکەمی نوسینەکەم لەسەر سەردانم بۆ سلێمانی بەناوی "لە سلێمانییەوە" چەند بابەتێکی وەک شارچیەتی و سلێمانچیەتی لای هەندێک لە خوێنەرانی بەڕێز وروژاند. ئەو بەڕێزانە سەرپشکن چۆن ناوی دەبەن، من شارچیەتیم بەشێوازە ئەرێنەکەی لا پەسەندە. پێشکەوتنی هەر بستێک و گوندێک و شارۆچکە و شارێک لە کوردستان کەلێنێک پڕدەکاتەوە و جوانی و سەروەری بە خاک و نەتەوە دەبەخشێت، بەمەرجێک لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی نەبێت. هیوادارم رۆڵەکانی شوێن و شارەکانی تری کوردستان بەچاو و پێنوسێکی تیژ و رەخنە ئامێز دیدوبۆچونەکانیان لەسەر شوێن و گەڕەک وشارەکانیان ئاشکرا بکەن و بەرگرییان لێبکەن.

کەس سوپەرمان نیە بتوانێت لە یەک کاتدا دەرەقەتی هەمو کێشە و گرڤتەکانی شوێنەکانی کوردستان بێت، ئەم خەیاڵ پڵاویە خەسڵەتێکی ئەقڵیەتی کلاسیکی سیاسی کوردە و لە چەمکی شمولیەتەوە سەرچاوەی کردوە. چەمکێکی بەسەرچو و ئیفلیج لەم سەردەمەدا و زادەی "حیزبی قائد" و "حیزبی پێشڕەو" و "سەرکردەی نەمر" و "عەسای سیحری" حیزب و رابەر و "عەقیدە و ئیمانی" ئەزەلیە.

جارێکی تر دوپاتی دەکەمەوە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی کورد ئێستاشی لەگەڵدا بێت کار بۆ "خەساندنی" شاری سلێمانی دەکەن تا رۆڵی چاوەڕونکراوی لە بزافی کوردایەتیدا بسڕنەوە.

17 شوبات
لە کاتی مانەوەم لە سلێمانی یەکەم ساڵیادی 17 شوبات بو، چەند رۆژێک پێش ئەو رۆژە گوڵمەزی سیاسی لە سلێمانی لە کوڵاندندا بو. راگەیاندنەکان و بازنە سیاسییە کراوە و داخراوەکان و رێکخراو و کەسایەتیەکانی شار سەرقاڵی بەیانکردنی چاوەڕوانیەکانیان بون و کەش و هەوای شاریان وروژاندبو.

بەشێکی دەسەڵاتیش، وەک هێزێکی تۆقاو و بێ متمانە بە خەڵکی شار و بەخۆی، لە ئامادەباشیدا بو بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە. بەشێکی گوێرایەڵ لە چەکدارەکانی دەسەڵات بە تێڵا و دەمامک و پۆزە رامبۆ ئاساکانیان، وەک ئەوەی هەنگوینیان لە داری کلۆردا دۆزیبێتەوە، بەردەرکی سەرا و شەقامە سەرەکیەکانیان داگیر کردبو، بەهەڵوێست و رەفتارکردنیان ناخی پر رق و کێنەیان بەرامبەر بەهەستی شار و خەڵکەکەی نمایش دەکرد.

من و چەند دۆستێکم، کەسانێک کە باو و باپیرانمان بەچەند پشتێک خەڵکی ئەم شارەن و لە بزافی کوردایەتی و شۆڕشەکانی کورد هیچ درێغیان نەکردوە، زۆر بەحەزەر بوین ئەو چەند رۆژە لە بەردەرکی سەرا نزیک ببینەوە، چونکە چاوەڕوان دەکرا نەفامێکی هاوردەکراوی دەسەڵات سوکایەتی یا کارێکی ناشیرینمان بەرامبەر بکات. خەڵکی شار و تەنانەت بەشێکی بەرچاوی هێزەکانی دەسەڵات و کۆماندۆکانیان ژیرانە و خۆراگرانە و بەسەبرەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم نمایشکردنەی هێز کرد و نوسەران و رۆشنبیرانی شارەکە راشکاوانە بە سەردەمی بەعسیان شوبهاند.   

شەوانی شار
چەندین بۆقی دیعایە و راگەیاندن باس لەو هەمو یانە و چێشتخانە و هوتێل و کافیتیریا و شوێنە خۆشەکانی شار دەکەن. من ئەو شوێنانە بەپێویستیەکی ژیانی ئەم سەردەمە دەزانم، بەڵام لە سلێمانی وەک دەسکەوت و نیشانەی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی نایان بینم.

خەڵکە خاوەن دەرامەتەکەی شار بەهۆی دەگمەنی بوارەکانی تری "بەسەربردنێکی خۆشی کات" رو لەم شوێنانە دەکەن و کەش و هەوایەکی لەبارە بۆ زاخاودانەوەی دڵ و دەرونیان و بەسەربردنی کات. لەم شوێنانە زۆربەی کارکەری بیانی کاردەکەن و بۆ بژیوی ژیانیان فێری زمان و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانی لای خۆمان بون.

ئەگەر هەمو ئەو شوێنانە ئێواران بە خەڵک جمەیان بێت رێژەیان بۆ دانیشتوانانی شار ناکاتە 2%. نرخی خواردن و خواردنەوە لەو شوێنانە زۆر گرانە. بەشێکی هەرە زۆری گەنجان کاتەکانیان لە سەر شەقامەکان بەسەر دەبەن و خێزانەکانیش بەدیار هاتوهاواری زنجیرە دۆبلاج کراوەکانی تەلەفزیۆنەوە کات دەکوژن.

خزمەتگوزاریەکان و گرانی
لەگەڵ ئەوەی سلێمانی یەکێکە لە شارە گرانەکانی ناوچەکە، کەچی سیما و روخساری شارێکی رێکوپێک و پڕ خزمەتگوزاری پێویستی پێوە دیار نیە و زەقترین نمونە جەنجاڵی هاتوچۆ و لێخورینی ئۆتۆمبیلە لەو شارەدا. بە رەچاوکردنی داهاتی تاکی کەس لەگەڵ توانای کرین (قوە الشراء) و کاتێک بەراورد دەکرێت بەشارەکانی ئەوروپا ئەوا سلێمانی 3 تا 4 جار گرانترە لەو شارانە. خەڵکی بەیانیان زو وەک وروژاندنی شارە مێرولە تا دره‌نگێک خەریکی پەیداکردنی پارەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان. لەو دۆخەدا، چونکە شار کراوە بەبلۆکێکی ئاسن و کۆنکرێت مەگەر رەونەقی شار و بۆن و مەرامە رەسەنەکەی لە چەند کۆڵان و شوێنی کۆن کە بەدەگمەن ماون بەیاد بێنەوە. شارێک تەڕی و سەوزی پێویستی بۆ ژیانێکی تەندروست نیە و تەنراوە بە دوکەڵی بەنزینی ساختە.

تۆپۆگۆافی سلێمانی جیاوازە لە شارە گەورەکانی تری کوردستان، بەرزایی و نزمی و بەردەڵانی و گەورەیی پارێزگاکە (12 قەزا) بەبەراورد بە پارێزگاکانی تری هەرێم هۆکارێکی بەهای کەمتری دینارەکەی برێمەرە له‌ سلێمانی. بەپێی ئامارەکان تەنها بۆ ئەو بەرزایی و نزمیەی شار 250 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکدنی پێپلیکانە سەرفکراوە. ئەم خەرجیە زیادانە و گەورەیی شار لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە لە دانانی بودجەدا رەچاو نەکراوە. بازاڕەکانی شار پرە لە کاڵای تەقلیدکراوی تورکی و چینی و ئێرانی، کواڵێتیەکی خراپ و نرخێکی زۆر. کاتێک بتەوێت لەم شارە پاکەتێک جگەرە بکڕیت دەبێت وەستایەکی کارامەی ناسینەوەی پاکەتەکان و جۆری توتنەکان و نرخەکان بیت. زۆربەی جگەرەکان لە ژەهرەوە نزیکن و خەڵکە کەم دەرامەتەکەش ناچارن ئەم ژەهرە هەڵمژن. تەنها سودمەند تازە بازرگان و لۆردە پێگەیشتوەکانن و بەشی زۆر لێیان سەر بە چەند والیەکی ئەم شارەن.

گومانم له‌وه‌ نیه‌ که‌ ئاست و چڕوپڕی گه‌نده‌ڵی له‌ شاره‌ گه‌وره‌کانی تری کوردستان زۆر خه‌ستتر و گه‌و‌ره‌تره‌ له‌وه‌ی سلێمانی، لێره‌ و له‌وێش نرخی ئەم ناعەدالیەتە و گەندەڵی و دزینە توێژ و چینە هەژارەکانی دەیدەن. ئەو توێژ و چینانەی لە خانوی قوڕ ولە ژێر سەقفی تەنەکە و نایلۆن و مشەما و کەلاوەکاندا گوزەران دەکەن.

لە راپەڕینەوە تا ئەم ساتە %300 یەکەکانی نیشتەجێ زیادیان کردوە (30.000 بۆ زیاتر لە 100.000 یەکەی نیشتەجێبون) کەچی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیە گشتیەکان بە رێژەی 35% تا 40% زیاد بون (ئەمەش ئاو و ئاوه‌ڕۆ وکارەبا و رێگاوبان و خوێندن و تەندروستی و خزمەتگواریەکان بۆ پیر و پەککەوتە و منداڵ و کەم دەرامەتکان دەگرێتەوە).

دەڵین کارەبا نەخۆشیە موزمنەکەی عێراقە، راستە دۆخی کارەبا لە کوردستان باشترە لە شوێنەکانی تری عێراق، بەڵام لە شارێکی وەک سلێمانی بۆ توێژە مامناوەندیەکان کە رێژەی داهاتیان لە ملیۆنێک دینار تێناپەڕێت دەبێت بۆ دابینکردنی کارەبا مانگانە 6% تا 15%ی داهاتیان تەرخان بکەن. کارەبای حکومەت و موەلیدەی گەڕەک و موەلیدەی تایبەت بونەتە بەشێک لە شەوچەرەی زۆربەی خێزانەکانی شار و پێدەچێت لە ناچاریدا "ئولفەت"یشان لەگەڵ ئەم "عیللەتەدا" گرتبێت.

سلێمانی شارێکە بێ وێنەیە لە دنیادا کە هاتوچۆی گشتی هەموی لەدەست قوتاعی تایبەتدایە و شارەوانی و ئەنجومەنی پارێزگا خەمخۆری ئەم بوارە گرنگەی ژیان نین، زەرەرمەندیش جارێکی تر توێژ و چینە کەم دەرامەتەکانن.

پرۆژەکانی شار
ئەو پرۆژانەی دراون بە حاشیەی دەسەڵاتداران یا موڵکی خۆیانن بە خێرایی بەرق جێبەجێ دەکرێن. هەر تەلار و هوتێل و رێستورانت و گوندە مۆدێرنەکانە وەک قارچکی بەهاران سەرهەڵدێنن. فایلی ئەو پرۆژانەی بۆ بەرژەوەندی گشتین تەپ و تۆزیان لێنیشتوە و چەندین جار نوێکراوەتەوە. نەخۆشخانەی 400 (ساڵیەکە) و تونێڵەکەی ئەزمر و چەند پردێکی سەقەتی دروستکراو لەناو شاردا نمونەی ئەو پرۆژانەن کە 3 تا 4 جار لە بودجەی تەرخانکاو بۆیان هەڵلوش کراوە.

فڕۆکەخانە و بلیت فرۆشەکان
دوا وێستگەی گەشتەکەم بۆ سلێمانی فڕۆکەخانەکەی بو. فڕۆکەخانەیەک سیماکانی شارستانیەت و هێوری و مامەڵەکردنی رێزگرتنی پێوە دیارن و ئەوەندەی من شاره‌زا بم کارمەندەکانی بەپێوەرە دروسته‌کان کارەکانیان ئەنجام دەدەن. ئەوەی مایەی توڕەیی و نیگەرانیە بلیت فرۆشەکانی گەشتەکانن بۆ سلێمانی، چ لە ناوە و چ لە دەرەوەی وڵات. ئەم زاتانە بە ئارەزوی خۆیان و چۆن بۆیان بڕەخسێت نرخی بلیت دادەنێن. لەگەڵ نزیکبونەوەی بەهار نرخ دەکەن قات ونیو، لەگەڵ نەورۆز بە دو قات و لە پشوی هاویندا چەند قاتێک نرخ بەرز دەکەنەوە. لە شەو رۆژێکدا زیاتر لە 150 دۆلار بۆ تیکتێک زیاد دەکەن. ئەم زاتانە بازرگانی بێ ویژدانن و چاویان تەنها لە گیرفانی گەشتیارانە. دەشێت پسپۆڕ و شارەزاکان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و لای رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ گەشتی فڕین سکاڵایان لەسەر تۆمار بکرێت. پێدەچێت حکومەتە حەیاتەکەی خۆمان دەستی بەسەر ئەو بازرگانەنەدا نەڕوات و نەتوانێت سنورێک بۆ چاوچنۆکیان دابنێت، چونکە نهێنیەکی ئاشکرایە بەشێک لە دەسەڵاتداران لە پشت ئەم پارە مژینەوەن.

ئەمانە دیمەنەکانی بەشێکی رۆژانەی ژیانن لە شارە غەمبار و زامدارەکەی کوردستان، بەڵام سلێمانی شارێکی زیندو و بزێوە و لە هیچ سەردەم و کاتێکدا ملی بۆ ستەم و ناعەدالەتی و ناهەقی دانەناوە و ئەمجارەش لەو دۆخە نالەبارانەی توشی بوە رزگاری دەبێت.