Print WWW.SBEIY.COM
 جارێکی تر تاڵەبانی و بارزانی و مالیکی
چیا عه‌باس
22/03/2012

دوا قەیرانی عێراق دوای هەڵهاتنی تاریق هاشمی بۆ هەرێم و داڵدەدانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە راستەوخۆ یەخەی کوردیشی گرتەوە وهەنوکە رو لە قۆناغێکی گرژ دەکات. دوا لێدوانەکانی سەرۆکی هەرێم و وەڵامدانەوەکانی لیستەکەی مالیکی گەواهی ئەو گرژی وتوندیە دەدەن. لەم نوسینەدا زیاتر تیشک دەخەمە سەر کاریگەری ئەقڵیەتی سیاسی دەسەڵاتدارانی کورد لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکە وبەپێویستیشی دەزانم چاوێک بە حوکمڕانی مالیکیدا بخشێنینەوە.

مالیکی
لە نوسینێکی پێشوترم لەم سایتە بەناونیشانی (مالیکی شەبەحەکەی ئێران) بە وردی باسم لە رۆڵی هیلالی شیعە وتایبەت ئێران وسوریا کردوە لە دانانەوەی مالیکی وەک سەرۆک وەزیران لە کابینەی دوەمیدا.

ئامار وژمارەکان لە عێراقی ئەمڕۆدا گەواهی لەسەر ناوەرۆک وشێوازی حوکمرانی مالیکی وکابینەکەی دەدەن.

بەپێی راپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی وچەند وەزارەتێکی حکومەتەکەی مالیکی ئەم ئامارانە بەرچاو دەکەون:
23%ی عێراقیەکان (زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس) لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین ورۆژانە 2.2 دۆلار داهاتیانە، ئەمە وێرای ئەوەی نزیکەی شەش ملیۆن عێراقی سودمەندن لە کۆبۆنی خواردن.

دۆخی کارەبا (ژمارەکان هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە)، 13 تا 15 هەزار مێگاوات پێویستە بۆ دابینکردنی 50%- 60% کارەبا لە عێراق ولەمە تەنها نزیکەی 8.000 مێگاوات دابینکراوە، کەمتر لە 37% عێراقیەکان کارەبای بۆ نزیکەی 4 سەعات لە رۆژێکدا هەیە، ئەم دۆخە کاریگەری زۆر نەرینی لەسەر دابەشکردنی ئاو وبارودۆخی تەندروستی وگەشەکردنی ئابوریش کردوە. لە بەغدا ودەوروبەری 70% خەڵک ئاوی بەپچراوی هەیە ولە ناوچەی گوندنشینەکان کەمتر لە 48% وخەڵکەکەی تر دەبێت بۆ خۆی مشوری ئاو وکارەبا بخوات.

دۆخی ئەمنی لە 2003ەوە تا ئەم ساتە دەیان هەزار قوربانی عێراقی لێکەوتۆتەوە ودۆخەکەش تادێت خراپتر دەبێت. ئەم راستیانە بەتەنیشت گەندەڵی ودزین وتاڵانکردنی سەروەت وسامانی دەکەونە ئەستۆی حوکمڕانەکانی ئەمڕۆی عێراق ومالیکی خۆشی بوێت یا تاڵ بەرپرسی یەکەمە.

مالیکی لەبری چارەکردنی ئەم دۆخە ئاڵۆز وناهەموارە بەهەمو تواناکانیەوە کار بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی مەزهەبی وسیاسی وسەربازی ودارایی وهەواڵگری خۆی دەکات، رۆژ بەدوای رۆژ تاکڕەوی وپشتگوێخستنی ده‌ستور ورێکه‌وتنامه‌کانی کردۆتە رێبازی بەڕێوەبردنی حکومەتەکەی. گلەیی ونیگەرانی چەند هاومەزهەبێکی دەچنە چوارچێوەی ململانێکانی نێو گروپە شیعەکان وراستەوخۆ پەیوەندیان بەشێوازی حوکمڕانی مالیکی ومامەڵەکردنی لەگەڵ کوردا نیە.

لەگەڵ روخاندنی سەدام وبوژاندنەوەی هێزە سیاسیەکانی شیعە چەندین دەروازە بۆ رۆڵی سیاسی وسەربازی وهەواڵگری وئابوری ئێران لە عێراق کرانەوە. لە عێراق نزیکەی هەشت گروپی شیعەی سەر بە ئێران کاردەکەن ولە لایەن ئێرانەوە چەندین یارمەتی وهاوکاری کراون، یەکێک لەو گروپانە حیزبی دەعوەی مالیکییە.

لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق چەند پرسیارێک بەرزبونەوە، لەوانە ئایا ئێران هەوڵ نادات ئەو بۆشاییەی لە عێراق دروست دەبێت پڕبکاتەوە؟ ئایا رۆڵی ئایندەی عێراق لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وبەتایبەت لە سوریا ولە کێشەی ئیسرائیل وفەڵەستینیەکان تاڕادەیەکی زۆر لە لایەن ئێرانەوە دیاری ناکرێت؟

لە سەروبەندی کشانەوەی ئەمه‌ریکا مالیکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی The Wall Street Journal وتی: کاتێک سەربازەکانی ئەمه‌ریکا عێراق بەجێدەهێڵن ئێران بایەخی بە دەستوەردان لە کاروباری عێراق کەمتر دەبێت وئەو بەهیچ شێوەیەک رێگا بەو دەستوەردانە نادات. لە درێژەی قسەکانیدا مالیکی وتی: "ئەگەر پاساوی ئێران بونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا بو لە عێراق ومەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دروست کردبو، ئێستا ئەو مەترسیە نەماوە"، لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا مالیکی بەردەوام بو: "من رێگا بەدەستوەردانی هیچ وڵاتێکی دنیا لە کاروباری عێراق نادەم، سەربەخۆیی عێراق لە سەرو هەمو شتێکەوەیە...، من دۆستی هەمو وڵاتەکانم... دۆستایەتیم کۆتایی دێت کاتێک ئەو پەیوەندیە لە بەرژەوەندی سەربەخۆیی عێراقدا نەبێت".

کاتێک مالیکی ئەم جۆرە قسە زلانە لە قەوارە وتوانای خۆی وعێراق دەکات، ئەوە یا راستگۆ نیە یاخود بۆ ریکلام ئەو لێدوانە بەتاڵانە دەبەخشێتەوە. لە هەر دو حاڵەتدا خەڵکی چەواشەدەکات و وەک دەسەڵاتداریکی ئەزموندار و وردبین وراستگۆ بەرچاو ناکەوێت. مالیکی کەسێکە کاردەکات تا عێراق بکاتە جومگەیەکی بەهێز بۆ گرێدانەوەی هێزەکانی شیعە لە ئێران وعێراق ودورگەی عەرەبی وسوریا ولوبنان.

هەڵوێستی ئۆپۆرچینیستی مالیکی لە روداوەکانی سوریا ولە یاخیبونی هاومەزهەبەکانی لە میرنشینە عەرەبیەکان وهاریکاری لە بواری نەوت وهەواڵگریدا لەگەڵ ئێران ولە کارئاسانی زەق بۆ ئێران ودەزگاکانی لە عێراق، ئەو کارانەن کە عێراق بەرەو کارەساتی مەزهەبی وتایفی ئاراستە دەکەن. دەسەڵاتدارانی سیاسی کورد، ئەگەر بە هوشیاریەکی زۆر ویەک هەڵویستیەوە مامەڵە لەگەڵ مالیکی نەکەن، خۆیان وکوردیش بۆ ناو گەردەلولی ئەو قەیران وکارەساتانە رادەکێشن.

چەند نمونەیەک
بەپێی چەند راپۆرتێکی هەواڵگری، ئێران داوای لە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، لە سەرویانەوە مالیکی، کردوە کە رێگری بکەن لە سازدانی رێکەوتنێکی نوێ نێوان ئەمه‌ریکا وعێراق بۆ مانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عیراق، ئێران داواشی لە مالیکی کردوە کە دەبێت جەخت لە کشاندنەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق بکات.

بەپێی بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس شا عەبدوڵای ئوردون بە جۆن برێنانی، راوێژکاری سەرۆک ئۆباما بۆ کاری دژە تێرۆر، وتوە کە متمانەی بە مالیکی نیە وئەو وەک "عەمیلێکی ئێران" دەیبینێت وهەمان قسەش لەلایەن شای سعودیەوە بە ئەمه‌ریکیەکان وتراوە.

لە دوای روخاندنی سەدام لە 2003 ئێران هەزارەها پاسداری بۆ عێراق ناردوە وهاریکاری میلیشیاکانی شیعەیان کردوە. لە ساڵی 2007 کاتێک ئەمه‌ریکا ستراتیژیەتی سەربازی خۆی لە عێراق لە ژێر کۆماندۆی ژەنەراڵ داڤید پێتراوس گۆڕی مەترسی لەسەر پاسدەرانی ئێران دروستبو ولە ئاکامدا لە عێراق کشانەوە، لەگەڵ ئەمەشدا ئێران بەردەوام بو لە مەشق پێکردن ویارمەتیدان ودانی چەک وتەقەمەنی بە میلیشیاکانی شیعە کە بۆ ئێران دەبران.

هاوپەیمانی مالیکی لەگەڵ ئێران لە بواری نەوتدا بۆتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ توندوتۆڵکردنی جومگەکانی هیلالی شیعە لە ناوچەکە وبەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ مالیکی وهاومەزهەبەکانی بەهەمو رێگەیەک یارمەتی رژێمەخوێنرێژەکەی شام دەدەن وبەشێک لە سەروەت وسامانی عێرق دەبەخشنە ئەو رژێمە مرۆڤ کوژە.

لە دوای کشانەوەی ئەمه‌ریکا دەرکەوت کە لەنێو سوپای عێراق بۆشاییەکی ئەمنی گەورە هەیە وبە کارئاسانی وهاریکاری مالیکی پێدەچێت ئێران ئەو بۆشاییە پربکاتەوە، ئەمەش مەترسی وتەحەدایەکی گەورەی لەسەر ئارامی وئاسایشی عێراق دروست کردوە. مەبەستی سەرەکی ئێران لە ستراتیژیەتی لە عێراق ئەوەیە کە بەهیچ شێوەیەک عێراق نەبێتەوە بە هێزێکی گەورە لە ناوچەکە. بۆیە ئێران مەبەسیتیەتی عێراق لە لایەن حکومەت ودەسەڵاتێکی گوێرایەڵ وپاشکۆی خۆی بەڕێوە ببرێت وپشتگیری سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە بکات، لەم بوارەدا مالیکی وحاشیەکەی بێ دڵی ئێرانیان نەکردوە.

ئەگەرچی شەڕی ئێران- عێراق لە 1980 تا 1988 رێگر بوە لە بەردەم تەماعی بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکە، بێجگە لە لوبنان، لە ساڵی1991 تاکو کۆتایی 2011 ئەم رێگریەی عێراق بەهێزتر کرا بە بونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە ناوچەکە وعێراق. ئێستا ئەو رێگریە وبەکارئاسانی زۆر تایبەتی مالیکی تا بێت کاڵ دەبێتەوە. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە پاش روخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد ئێران عێراق بەکاردەهێنێت بۆ تونکردنی ململانێکانی لەگەڵ ئوردون وئیسرائیل وسعودیه‌.

کورد و قەیرانەکە
سەرکردایەتی سیاسی کورد هەڵوێست وهەڵسەنگاندنی جیایان لە بەرامبەر وبۆ قەیرانەکە هەیە. تاڵەبانی وحیزبەکەی هەوڵ دەدەن ئەم قەیرانە پینە بکرێت. بارزانی وحیزبەکەی زیاتر هەڵوێستی چاوەڕوانکردنیان وەرگرتبو ولە ماوەی دواییدا بەتوندی هێرش دەکەنە سەر مالیکی. وا بەرچاو ناکەوێت کە بارزانی بە راوێژکردن لەگەڵ لایەنەکانی تر وردەکاری ئەم سیاسەتەی داڕشتبێت، هێزەکانی تری کوردستان وبەتایبەت ئۆپۆزسیۆن داوا دەکەن کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا لە چارەکردنێکی گشتی قەیرانەکەدا تێهەڵکێش بکرێت. دەسەڵاتدارانی کورد لە نێو ئەم سێ هەلوێستە تەماوی ومەتاتیانەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکەدا دەکەن وکاریگەری پێکهاتە وئەقڵیەتی سیاسی دەسەڵاتدارانی کوردستان لەسەر قەیرانەکە وئایندەی کورد چیە؟

بارزانی
بارزانی کەسایەتیەکی کەم دوە و تا ئاستێکی بەرچاو موحافیزکارە، لە ژیانی سیاسیدا بەنەریت وپێوەرەکانی بنەماڵەکەی گۆشەکراوە ولە سروشتیشیدا خۆی لە موجازەفە وموغامەرەی سیاسی بەدوردەخات، ئەمە زەمینەی رەفتارکردنی هێور وبەحەزەری سیاسی وشێوازی هەڵسوراندنی ئەرک ودەسەڵاتەکانی داڕشتوە. بنەماڵە وعەشرەت نمونەیەکی سەرەتایی حوکمڕانی وبەرێوەبردنن وبارزانی لە ئەزمونەکانی ژیانیدا لەو چوارچێوەیەدا گۆشەکراوە وفێربوە بەراوێژکردنی دەوروبەری وبەرێگەی دامودەزگای هەرەمی ئاسا کاربکات. بۆیە دەشێت وا لێکبدرێتەوە کە هەڵوێستی چاوەڕوانکردنی بارزانی ودواتر ئامادەیی بۆ بەرەنگاربونەوەی مالیکی لەم قەیرانەدا ئاکامێکی پەلە نەکردن وراوێژکردن وشیکردنەوەی سەروبنی ئەگەرەکان وبەرژەوەندیەکان بێت.

پێگەی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم راستەوخۆ پەیوەندی بە حوکمڕانی بەغداوە نیە وبەڕێزیشی لە ماوەی چەند ساڵی رابوردودا چەندین جار سنورەکانی بەغدای بەزاندوە وئەوەندەش لای گرنگ نەبوە، بۆیە لەم قەیرانەی ئێستادا دەستی لە تاڵەبانی زیاتر کراوەترە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا. بارزانی ترسێکی ئەوتۆی لە زویرکردنی بەغدا ومالیکی نیە ودڵنیاشە کە لەدوا وێستگەدا پشکی دەسەڵات وحیزبەکەی لە بودجە وپایە وپلەکانی عێراق لەو زویرکردنەدا لە دەست نادات.

دەمێکە مامەڵەکردنی بارزانی وحیزبەکەی لەگەڵ عەرەبی عێراق وتایبەت مالیکی گومان ودودڵیان لێنیشتوە. ئەزمونەکانی رابوردو نیشانی دەدەن کە پەنابردنی بارزانی لە چەند ساتێکی مێژودا بۆ بەغدا لە تەکتێکی سیاسی وکاتی زیاتر نەبوە. چاوەڕوانکردنی بارزانی لە سەرەتای قەیرانەکەدا مەبەستێکی سیاسی تریشی تێدا حەشار درابو، ئەویش گەمەکردن لە نێو سیاسەت وبەرژەوەندیەکانی تورکیا وئێران وئەمه‌ریکا ورێگەخۆشکردن بۆ لاوازکردنی گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم دەسەڵاتی رەهای بارزانی وحزبەکەی کە لە ئێران وهێزەکانی شیعەی عێراقدا کۆبۆتەوە، ئەم لایەنانە کار دەکەن دژ بەگەشەکردنی حکومەتی هەرێم وراستەوخۆ بچێتە ناو بازاری وزە لە دنیادا، هەڵوێستی دژایەتیکردنی وەزارەتی نەوتی عێراق (بەردەوام بەدەست هاومەزهەبەکانی مالیکی یەوە بوە) بەرامبەر بە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم ئەو راستیە دەسەلمێنن. رێکەوتنی هەولێر بۆ پێکهێنانی دوەم کابینەی مالیکی لەژێر فشارێکی بێئەندازەی ئەمه‌ریکا ولە خودی جۆزف بایدنەوە بۆ سەر بارزانی سازکرا.

راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە بنەماڵەی بارزانی چەندین ئەزمونی تاڵیان لەگەڵ ئێرانیەکان ولە ئێران هەبوە ونرخێکی زۆری پێگەی خۆیان لە بزافی کوردایەتیدا لەو ئەزمونانەدا داوە. لە دوای راپەرینیشەوە ناچاری زیاتر وای لە بارزانی وحیزبەکەی کرد کە مامەڵەکردنێکی سارد وسڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەن وئەمەش راستەوخۆ رەنگدانەوەی زۆری لەسەر مامەڵەکردنی مالیکی لەگەڵ بارزانیدا هەبوە.

ئەگەر ئەم مامەڵەکردن وهەوڵوێستانەی بارزانی لەم قەیرانەدا تێهەڵکێشی مەسەلە نەتەوەییەکەمان بکەین دەشێت لە دەرئەنجامدا بڵێین، کە وەڵامدانەوەیەکی بەجێیە بۆ پێشێلکردنی پرەنسیپی تەوافق لە عێراق لە لایەن مالیکییەوە، وتاڕادەیەک سۆزی نەتەوایەتی وروژاندوە بێئەوەی ئەڵتەرناتیڤێکی داڕێژراو بەرچاو بێت. ئاشکرا نیە ئایا مەبەستی بارزانی کشانەوەیە لە حکومەتکەی مالیکی وگرێدانی هاوپەیمانیەکی نوێیە، یاخود لە فشارکردندا دەخولێتەوە و ماڵئاواییەکی کاتیە لە بەغدا یا ئەگەرێکی ترە. لە لایەکی تریشەوە هەڵوێستەکانی بارزانی پێگەی کوردی لە بەغدا خستۆتە ژێر فشارێکی زۆری نەتەوەپەرستەکانی عەرەب وتوندڕەوە مەزهەبیەکان، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسە باڵاکانی پارتی پشکی شێری کوردیان لە حکومەتی عێراقدا بەرکەوتوە. کاتێک بارزانی دەڵێت: سیاسەتی مالیکی چیتر قابلی قبوڵکردن نیە، باشترە بەکشانەوەی نوێنەرەکانی حیزبەکەی لە بەغدا دەست پێبکات. نزیکبونەوەی بارزانی لە سوننەکانی عێراق لە لایەک لاسەنگی هێز لە عێراق بە ئاراستەیەکی نادیاردا دەبات ولە لایەکی تریشەوە هیچ زەماناتێک نیە کە ئەو هێزانە پابەندی خاڵەکانی دەستور دەبن کە پەیوەندیان بە کورد ومافەکانیەوە هەیە، هەروەها ئایندەی ناوچە دابڕێنراوەکان کە زۆربەی نێشتەجێبوانی عەرەبی سوننەن بە تەم وڵێڵی ماوەتەوە. رێکەوتنێکی نوسراوی راگەیانراوی پێشوەخت لەگەڵ ئەو هێزانە ولە سەر ئەو خاڵانە نزیکبونوەکە لە گەمەی سیاسیەوە دەخاتە ئاراستەیەکی ترەوە.

تاڵەبانی
سازدانی کۆنگرەی نیشتمانی بەشێکی سەرەکی ئەرکەکانی تاڵەبانیە وەک سەرۆک کۆمار بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی کاتی بۆ قەیرانەکە. دواخستنی ئەم کۆنگرەیە بۆ دوای لوتکەی عەرەبی لە لایەک پێگەی عێراق وبەتایبەت مالیکی لە لوتکەکەدا دەخاتە ژیر فشاری وڵاتانی عەرەبی سوننەوە ولە لایەکی ترەوە کاریگەری ودەستتێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە لە دۆخی ناوخۆی عێراق خەستتر دەکاتەوە. تاڵەبانی وەک باڵاترین نوێنەری کورد لە لوتکەی دەسەڵات چۆن دەتوانێت ئەم رۆڵەی لەگەڵ ناوەڕۆکی نەتەوایەتیدا بگونجێنێت؟

بەڕێز تاڵەبانی کەسایەتیەکی بزێو وجموجۆڵکەر ویاخی بوە لە ژیانی سیاسیدا وتا نەبونی بەسەرۆک کۆمار پابەندی کۆدە وبازنە داخراوەکانی دەوروبەر وبنەماڵە نەبوە. بۆ کورد بەراست وچەپدا لە زۆر دەرگای داوە وئەمسەر وئەوسەری دنیای کردوە بۆ سازدانی پەیوەندی بۆ کورد وحیزبەکەی وبۆخۆشی. ئەقڵیەتی سیاسی تاڵەبانی، بێجگە لە ماندوبونێکی زۆر وتواناکانی خۆی، لە ئاکامی گەشتێکی خەباتی سیاسی وفکری وسەربازی درێژ ودژوار لە دنیایەکی سیاسی ئاڵۆز وجەنجاڵی ناوچەکە ولە بزافێکی لاواز ولەتبوی کوردایەتیدا دارێژراوە وسەقڵ بوە. کەشوهەوای رۆشنبیری کوردی و کەلەپوری سیاسی عەرەبی وتایبەت رەوتی چەپی بزوتنەوەی نەتەوەیی عەرەب کاریگەری زۆریان لە سەر بەرێزی کردوە. یەکەم کەرەسەکانی مامەڵەکردنی لەگەڵ عەرەبدا لەو کەلەپور وئەزمونە درێژەدا هەڵقوڵاون. پەیوەندیە توندەکانی لە رابوردودا لەگەڵ جۆرج حەبەش ونایف حەوتمە وئه‌حمد خەتیب وحسنین هیکل وحافز ئەسەد وئیعجابی بە جه‌مال عه‌بدولناسر وبن بلە، ئەمانە جەمسەرە ناودارەکانی بزوتنەوەی نەتەوەیی عەرەب بون، شایەتحاڵی شێوازی مامەڵەکردنی کراوە وبێ سڵەمینەوەی تاڵەبانین لە رابوردو ولەم سەردەمەشدا لەگەڵ عەرەب وبزافە نەتەوەیەکەیاندا. لە بەرامبەریشدا عەرەبەکان ئەو مێژوە وهەڵوێست ومامەڵەکردنەی تاڵەبانیان لەبەرچاوە.

تاڵەبانی لەژیانی سیاسیدا لەناو خەڵکدا گوزەرانی کردوە ونزیک بوە لێیان وبەردەوام بە کۆڕ ونەدوە ولێدوان پەیوەندی لەگەڵیاندا سازداوە، ئەم نەریتە لە ژیانی سیاسی تاڵەبانیدا وای لێکردوە زۆر کراوە قسەبکات وبەراست وچەپدا چی پێ باشبوە وتویەتی وکردویەتی وجاریش هەبوە ئەو خەسڵەتە زەرەرمەند بوە بۆی.

تاڵەبانی لەگەڵ هەمو دۆخە نالەبار ودژوارەکان وقەیرانەکاندا ولە سەر بستێکی خاکی کوردستانیش بوبێت هەوڵیداوە بەرەنگاریان ببێتەوە وبەدوای رێگەی دەربازبوندا گەراوە. پراگماتیکی سیاسی چەکێکی بەهێزی دەستی تاڵەبانی بوە ولە زۆربەی ململانێ وناکۆکیەکانی ژیانی سیاسی بەبەشێکی زۆری خواست وئاواتەکانی گەیاندوە.

بەڕێز تاڵەبانی وەک لەدوا چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی وتویەتی کە ئەو لە مانای ململانێی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا تێدەگات، بۆیە دەشێت بڵێین لە ئێستادا تەوافقی سیاسی لەنێو ماڵی کورد وله‌ عێراقدا بەشێکی بەرچاوی کاره‌کانی تاڵەبانی وحیزبەکەی گرتوە.

تاڵەبانی سیاسەتمەدارێکی خاوەن ئەزمونێکی دەوڵەمەندە لەگەڵ هێزە عەرەبەکانی عێراق ولەو راستیە گەیشتوە کە عەرەب لە عێراقدا ئارەزومەندانە مافەکانی کورد ناسەلمێنن، به‌باشی لە ناکۆکی وشەری شیعە وسوننەی عێراق تێدەگات. بەڕێزی تێگەیشتوە کە دەسەڵاتدارانی عەرەب لە عێراق شەڕی ئەوە دەکەن کۆمەڵگا وشار بکەنەوە بە عەشرەت وگوند وسەروەت وسامان بەغەنیمە ودەسەڵات وهێز بە خەیمە وعەنتەری بن عەبلە. مالیکی بۆ دەیان ساڵ بێبەش بوە لە نیعمەتەکانی مێژو وئێستا زۆر تاکڕەوانەو وچاوچنۆکانە سەرقاڵی تێرکردنی قەومەکەیەتی، عەلاوی وهاشمیش هەوڵدەدەن به‌شێکی نیعمەتەکانی مێژویان دەست بکەوێتەوە. ئەگەر هەڵوێستی تاڵەبانی لەوەوە سەرچاوەی کردبێت کە بەگەمەکردن لەنێوانیاندا کورد بەشێک لەو نیعمەتەی دەست کەوێت ئەوا ئەزمونەکانی مێژو وبەتایبەت 10 ساڵی دوایی پێچەوانە دەسەلمێنن. کورد ناتوانێت نە ناوبژی ونەچارەی کێشەیەکی ئاڵۆز ومێژویی بکات کە خودی کورد هیچ رۆڵێکی تێدا نەبوە وبێبەریە لێی. چارەی کێشەیەکی وا ئاڵۆز ورەگدار لە عێراقێکی شەکەت ولەتلەت کراوا کارێکی زۆر ئەستەمە ولە باشترین حاڵەتدا لە رێکەوتنێکی سیاسی کاتی لەرزۆک تێپەرناکات ودرێژەدانیشە بە تەوافقی سیاسی لە عێراقدا کە لە چەند ساڵی رابردودا کورد توانیویەتی سودی لێبکات.

نەرمی هەڵوێستی تاڵەبانی لەم قەیرانەدا، لە کاتێکدا ئەمه‌ریکیەکان وەک پێشو تەواجدی سەربازی وسیاسیان لە عێراق نیە، نیشانەی ئەو مەترسیانەشن کە کورد روبەروییان دەبێتەوە ئەگەر بەتەواوی لە بەغدا داببرێت، چونکە دابڕاندنێکی زەق لەم ساتەدا زیاتر کورد ونمونەی حوکمڕانیەکەی دەخاتە ژێر رەحمەتی تورکیاوە. بۆیە دەشێت هەڵوێستی تاڵەبانی زۆر وردتر بخرێتە ژێر زەرەبینی شێکردنەوەوە.

گرنگترین خاڵ بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد ئەوەیە کە کون وقوژبنی قەیرانەکە بۆ مەرامە تایبەتیەکان وناکۆکیەکانی نێوانیان نەقۆزنەوە وپێویستە بۆ کورد لەم قەیرانەدا ئەگەری نوێی واقیعی بۆ بزافی نەتەوەییمان بخەڵقێنن. دەبێت ئەم ئەگەرانە شەفافانە وبە کۆی دەنگی نەتەوەیی وبەتەوافقی سیاسی بخرێنەگەڕ، بەپێچەوانەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان ده‌بێته‌ دوپاتکردنه‌وه‌ی ئەزمونە تاڵەکانی مێژو.