Print WWW.SBEIY.COM
 پێناچێت نەتەوە یەكگرتوەكان لە ئاستی چارەسەری كێشەی سنوری ناوخۆی عێراق بێت
مه‌لا فه‌رمان
05/07/2008

دیاریكردنی سنوری هەرێم و پارێزگاكانی ناوخۆی عێراق ئاڵۆزترین كێشەی ناوخۆی عێراقە. ئەم كێشەیە لە خوارو و ناوەڕاستی عێراق خۆی لە دیاریكردنی سنوری پارێزگاكان دەبێنێت، لێرە كێشەكە لە نێوان یەك پێكهاتەی نەتەوەیی و دوو مەزهەبی جیاوازدایە. هەرچۆن چارەسەر بكرێت لە موڵكایەتی نەتەوەی عەرەب ده‌رناچێت، بۆیە دەبینین وڵاتانی عەرەبی چۆنیەتی چارەسەركردنی بە هەند وەرناگرن.

كێشە ناوخۆییەكەی تر بریتییە لە دیاریكردنی سنوری هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی بەغدا و بەشەكەی تری خەڵكی عێراق، كێشەیەكە لە نێوان دوو نەتەوەی بە رەگەز جیا لە یەكتر، جیا لە مەزهەبیش لەگەڵ بەشە زۆرینەكەی گەلی عەرەبی لە عێراق. بۆیە لە باسكردنی ئەم كێشەیە وڵاتان و شەقامی عەرەبی دێنە سەر هێڵ و خۆیان بە لایەنێ دادەنێن.

لایەنێكی تری ئەم كێشەیە كە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق زیاتر دەركەوتووە نەتەوەی توركمانە، ئەم كەمینەیە لە مێژا لە كوردستان دەژێ و مێژویەكی دیاری پێكەوە ژیانی هەیە لەگەڵ كوردا، پێكەوە ژیانێكی ئاشتیانە و برایانە. برایەتییەك لە سەرەتاوە یەكەم جار و دووەم جار كورد ویستۆتی و هەنگاوی بۆ ناوە. رەنگە ئەم دەست پێشكەرییە لە ژێردەستەیی و زولملێكراوی بووبێ، كوردیش نەیەوێ خۆی ببێ بە زاڵم. هەڵوێست و دروشمەكانی شۆڕشەكانی كورد دەرهەق بە توركمان نیشانە و بەڵگەی ویستی كوردە لەو پێكەوە ژیانە. بەڵام بە داخەوە هەندێ گروپی سیاسی تازە دەركەوتووی ئەم نەتەوەیە لە راستی ئەم پێكەوە ژیانە تێناگەن و دەیانەوێ بیشێوێنن، هەندێ هەڵەی رۆژانەی حیزب و ئیدارەی كوردییان قۆزتۆتەوە، بۆ  چوونە ناو سەنگەرێكەوە جگە لە زیان هیچ سودێك نەك هەر بە پێكەوە ژیان بەڵكە بە خودی توركمانیش ناگەیەنێت.
ئەم كێشە ناوخۆییە لە گەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە بوونی هەیە. لەو كاتەوە هۆی سەرەكە لە بە بنبەست گەیشتنی هەموو دانوستاندنێكی نێوان كورد و حكومەتی عێراق. دوای روخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن خەڵكی عێراق دەنگی بۆ دەستورێ دا، تێیدا چارەسەری ئەم كێشە ناوخۆییەی لە مادەی 140 كۆكردەوە. بەڵام دوای لێدوان و مشتومڕێكی زۆر دەركەوت نە لە ماوەی دیاریكراوی دەستوریدا ( 31-12-2007 ) ، نە لە دوای 6 شەش مانگ درێژكردنەوە، ئێمەی عێراقی ناتوانین ئەم كێشەیە بەبێ بوونی ناوبژیوانێكی دەرەكی چارەسەر بكەین.
 
نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی نوێنەرەكەیەوە بەڕێز دیمستۆرا وەك ناوبژیوانێك هاتە نێوانەوە. دوای بیركردنەوەیەكی زۆر، چارەسەرێكی سێ قۆناغی بۆ كێشەكە دانا. قۆناغی یەكەمی لە پێشنیارێكی 30 لاپەڕەیی پێشكەش بە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد. ئەم پێشنیارە لە لایەن هەموو ئەو لایەنانەوە پەسند نەكراو هەر یەكە بە جۆریك و بە پێی تێڕوانینی خۆی تێبینی خۆیان لەسەردا. ئەم ناڕەزاییە گشت لایەنییە دەری خست لە یەكەم هەنگاودا ئەم ناوبژیوانە روبەڕوی كاردانەوەیەك بوو كە لە مەودوا تروسكایی ئەو رێگا دورەی لا نەهێڵێت و بە دەردی هەوڵەكانی تریان بچێت لە وڵاتانی تر.

ئەم رێكخراوە لە زۆر وڵاتی تر (سودان، سۆماڵ، لوبنان، بیابانی رۆژئاوا ی مەغریب و فەلەستین... تاد)  وەك ناوبژیوان ویستویەتی رۆڵی خۆی ببینێ، بەڵام هەوڵەكانی نەك هەر ئەنجامێكی بەر چاوی نەبووە بەڵكە لە زۆر شوێنیش بێبەر بووە. بۆیە بە ‌هەڵەدا ناچم گەر بڵێم ئەم رێكخراوە لە پارێزەرێك دەچێت چەندین كێشەی لە مێژینەی بەبێ چارەسەر  لا كەڵەكە بووبێت و هەوڵی پەیداكردنی كێشەی تازە بدات. تەنها گرنگی هاتنە ناوبژیوانی ئەم رێكخراوە لەوەدایە كێشەكە دەبێتە كێشەیەكی نێوەوڵەتی و لە ئەرشیفدا بۆ كاتی گونجاو دەمێنێتەوە، خاوەن ماف لە كاتی لە باردا دەتوانێ ئەم فایلە بكاتەوە و جارێكی تر پێیدا بچێتەوە. لە بارەی ئەم رێكخراوەوە خاتوو رایسی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راست دەكات كە دەڵێت: "نەتەوە یەكگرتووەكان هێشتا لەو ئاستە نییە و كاتی ئەوەش نەهاتووە چارەسەری كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ بسپێردرێت".

لێرەدا كورد هەقی خۆیەتی زیاتر پێ لەسەر پەلەكردن لە ئامادەكردنی دوا پرۆژەی ئەو رێكخراوە دابگرێت، تا چارەسەری كێشەكەی بە دەردی كێشەی ئەو شوێنانە نەچێت، لە كاتێكدا ئەوان بە پێچەوانەی كوردەوە خاوەن وڵات و  كیانی سیاسی ناسراوی خۆیانن. روداوو و كردەوەكانیش وا دەردەخەن كات لە قازانجی كورد و كێشكە نییە.