Print WWW.SBEIY.COM
 حوکمی درێژخایەن بەرەو کوێمان ئەبات؟
فایەق سەرچناری
25/09/2013
ئەگەر سەیرێکی سیستەمی سیاسی وڵاتە دیموکراسی و پێشکەوتوەکانی جیهان بە گشتی بکەین، ئەوا ئەبینین حوکمڕانەکانیان سنورێکیان بۆ دیاریکراوە و کەسیش ناتوانێ ئەم سنورە ببەزێنێ، ئەویش ئەو دەستورەیە کە سەرکردەو سەرۆکەکان پابەندن پێوەی.

لەم هەلومەرجەدا ئەگەر کاری زۆر باشیشان ئەنجامدابێ بۆ خەڵکی وڵاتەکەیان، ئەگەر ماوەکەی کۆتایی هات ئەوا ئەبێ دەستبەرداری حوکمی وڵاتەکەبێت و کەسانی تر جێگەیان ئەگرنەوە بۆ تەواوکردنی کارەکانیان و خزمەتکردنی خەڵکەکەی.

خۆ ئەگەر ئەرکەکانیان یان ئەو بەڵێنانەی کە پێش هەڵبژاردن ئەیدەن بە خەڵکی  وڵاتەکە جێبەجێی نەکەن، ئەوا پێش تەواوبونی ماوەکەی و لە هەڵبژاردنی خولی دوەمدا خەڵك دەنگیان پێناداتەوە و دەسەڵاتەکەی ئەدەن بە پارتێك یان کەسایەتیەکی تری وڵاتەکە، چونکە ئەمە تاقیکردنەوەی ئەم حوکمڕانانەیە و نەیانتوانیوە وەکو پێویست بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن.

بەڵام ئێمە ئەگەر سەیرێکی ئەم هەرێمەی خۆمان بکەین، ئەم حوکمڕانانە هەمو ئەزانین کە لەماوەی بیست و دو ساڵی رابوردوەوە حوکمی ئەم نیشتیمانە ئەکەن و لە هەمو هەڵبژاردنەکانیشدا دەرئەکەونەوە و درێژە بە حوکمی خۆیان ئەدەن، ئەبێ بپرسین بۆچی، ئایا ئەو بەڵێنانەیان جێبەجێ کردوە کە پێش هەڵبژاردن داویانە بەخەڵك، بێگومان نەخێر وەڵامەکەیەتی کە هەمو خەڵك ئەم راستیە باش ئەزانن.

ئەگەر ئێمە بەدیقەتەوە سەیرێکی ئەم نیشتیمانە بکەین ئەوا ئەبینین، سیستەمی تەندروستی، پەروەردەو هەروەها رێگەوبان و کارەبا، ژینگەو ... هتد، هەموی پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە و هیچی کاری جدی بۆ نەکراوە، سەرەڕای ئەوەش ژێرخانی ئابوری ئەم وڵاتەیان سەرەوژێر هەڵتەکاندوە و لەوەش گرنگتر لە هەوڵی ئەوەدان مرۆڤی ژێردەستە بەرهەم بێنن، هەرچەندە خەڵکی ئێمە زۆر وشیارە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە تەحەمولن، چونکە ئەمانە لەهەر وڵاتێکی ئەم دونیایەدا حوکمڕانیان بەم شێوەیە بکردایە، ئەوا هەرزو دەردەکران لە دەسەڵات و ماوەیان پێنەئەدرا.

بۆیە لێرەوە بەخەڵکی کوردستان ئەڵێم، ئێستاش زوە و ئەم هەلە لەدەست خۆتان مەدەن و لە 09/21 دا دەنگیان پێ مەدەنەوە، چونکە حوکمڕانی درێژخایەن بەرەو هەڵدێرمان ئەبات و ئەوەی توشی ماڵوێرانیش ئەبێ هەر میللەتە.

بۆیە کاتی ئەوە هاتوە پێیان بڵێین هەتا ئێرە و بەس، بەم دو دێڕە پێیان بڵێین بیست و دو ساڵە حوکم دەکەن هەر بە درۆ بۆ کورسی، تازە بە میلەت  ئەڵێن دەنگ بدەن بۆ چاکسازی!