Print WWW.SBEIY.COM
 تایبەتمەندی کەرکوک بۆ؟
مه‌لا فه‌رمان
26/10/2013

لە دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە، بەتایبەتی دوای دۆزینەوەی نەوەت، کەرکوک لەنێوان کورد و حکومەتی ناوەند جێی ململانێ بوە، لێرە و لەسەر ئێرە شەڕ رویداوە، لە گفتوگۆکانیشدا هەر ئێرە هۆکاری نەگەیشتن بە رێکەوتن بوە. زۆرجاریش وڵاتانی دەوروبەر کاریگەری خراپیان لەسەر گفتۆگۆکان هەبوە، لە ١٩٨٣ لەو گفتوگۆ حیبیانەیەی نێوان بەغدا و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تورکیا رۆڵی تێکدەرانەی بەرچاوی هەبو. بەدرێژایی ئەو مێژوە تا ٢٠٠٣ حکومەتی عێراق تایبەتمەندی بە کەرکوک داوە، لە سەردەمی بەعس بە جێبەجێکردنی سیاسەتی سێکوچکەی بەعسیان ئەو تایبەتمەندیە گەیشتە لوتکە. بۆیە لەم رۆژگارەدا باسکردن لە هەر تایبەتمەندیەک بۆ کەرکوک لە لایەن هەر کەسێکەوە بێت، هەوڵدانە بۆ درێژەدان بە تایبەتمەندیەکەی بەعس.

ئەوانەی باس لە پێداچونەوە بە تۆماری دەنگدەران دەکەن لە کەرکوک، باشتر وایە باس لە گەڕانەوەی هەمو ئەو کوردانە بکەن کە بەر لە ٢٠٠٣ راگوازراون، باشتر وایە سەردانی ئەو گوندە روخاوانە بکەن کە لە ١٩٨٧ لەگەڵ زەویدا تەخت کراون، سەیرێکی هەمو ئەو بڕیارانە بکەن کە لایەن "قیادە الثورە" و "شون الشمال" دەرهەق بە کورد و تورکمان دەرچوێندراون.

ئەوانەی باس لە پێداچونەوەی ئەو تۆمارە دەکەن، دەیانەوێ وا دەریبخەن و بڵێن (کورد لە ٢٠٠٣ سیاسەتی بە کوردکردنی بە کارهێناوە)، واتە بە رامبەر بەتەعریب، تەکرید رویداوە. ئەمەش بێویژانیەکی گەورەیە دەرهەق بە کورد دەکرێ. دەشیانەوێ بڵێن "ئێمە خاوەن ماڵ و کوردیش دز".

بەداخەوە لە گەڵ ئەم بێویژدانیەش هەندێ لە نوێرەانی کورد لە بەغدا لە ٢٠٠٣ کەوتونەتە گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە و تائێستاش بەردەوامن.

لە دوای رزگارکردنی کەرکوک لە ٢٠٠٣ سەرکردایەتی کورد خۆی رێژەی ٣٢% بۆ بونی پیکهاتەکان لە دامەزراەکانی کەرکوک داهێنا، ئەم داهێنانە بو بەنەمایەک بەدەست نەیارەکانی کوردەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، کوێرانە نوێنەرانی کورد باسی دەکەن و گوێی لێدەگرن و کردویانەتە بابەتێکی جدی دانوستاندنەکان. وەک ئەوەی تەنها کەرکوک لە عێراقدا فرە پێکهاتەبێت.

لە هەڵبژاردنی ٢٠١٣ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە پارێزگای (سلاح الدین)، پێکهاتەی کورد  یەک کورسی بەدەستهێنا، خۆ ئەم شارەش فرە پێکهاتەیە، بۆ باس لە سازان و رێکەوتن ناکرێت. بە هەمان شێوەش لە هەردو پارێزگای دیالە و موسڵ، هاوشێوەی کەرکوک فرە پێکهاتەن بەڵام وەک هەر شارێکی تری عێراق هەڵبژاردنیان لێدەکرێت و باس لە تایبەتمەندی ناکرێت. لەم سێ شارە پۆستەکان بەپێی مافی هەڵبژاردن دابەشکراوە نەک بە رەچاوکردنی بونی پێکهاتەی جیاجیا، بۆیە لەم سێ شارە بە تایبەتی لە (سلاح الدین) و دیالە کورد بەپێی مافی پێکهاتەی نەتەوەیی پۆستی وەرنەگرتوە و زۆربەی ئەو پۆستانەی بەر لە هەڵبژاردنی ٢٠١٣ بە دەستیەوە بو لە دەستی داوە. بۆیە باسکردن لە تایبەتمەندی بۆ کەرکوک جگە لە درێژەدان بە سیاسەتی بەعس هیچی تر نیە. کورد و نوێنەرانی کەرکوک نابێت بکەونە ئەو داوەوە. بەڵکە پێویستە بەر لە هەمو داوایەکی لاوەکی یان چونە ناو هەر باسێکی لاوەکیەوە کورد پێداگری یەکلاکەرەوە بکات لەسەر گێڕانەوەی مافە داگیرکراوەکانی لە کەرکوک. ١٠ ساڵی رابردو دەری خست تەنها وەرگرتنی پۆستە باڵاکان زامنی گێڕانەوەی مافەکانی کوردی نەکردوە، بۆیە  ئەو پۆستانە لە بری ئەوەی بۆ بەرژەوەندی حیزبی و کەسی بە کار بهێندرێت  پێویستە بۆ فشاری سیاسی جدی لە سەر بەغدا سودیان لێ وەربگیرێت، بە مەبەستی گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانی کورد لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان. ١٠ ساڵی رابردو دەری خست بەم بەرپرس و کەرەستە و سیاسەتەی ئێستا ئەم ئەرکە قورسە جێبەجێ ناکرێت، ئەمانە تائێستا کاریان لەسەر دواخستن و کەڵەکەبونی کێشەکان کردوە و چارەسەریشیان داوەتە دەست قەدەر و رۆژگار، بۆ نەوەکانی دواڕۆژیش قوڕەکەیان خەستتر کردۆتەوە.  بۆیە لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە کورد بییر لە گۆڕینی ئەو کەرەستانە بکاتەوە، پاشان دانانی بەرنامەیەکی نوێی کارکردن.