Print WWW.SBEIY.COM
 پێكنەهێنانی حکومەت بەرژەوەندی لە چیدایە
فایەق سەرچناری
17/01/2014

دیارە کە وەختێ هەڵبژاردن کاتی نزیك ئەبێتەوە، ئەوا هەر حیزبێك مافی خۆیەتی کە بەرنامە و ئەجندای چوار ساڵی داهاتوی خۆی بۆ خەڵکی پێشنیار بکاو ئەم بەرنامەیەی بخاتە خزمەتی راستەوخۆی هاوڵاتیان و هەوڵی جێبەجێکردنی بدات.

ئەوەی کە پێویستە باسی لەسەر بکرێ ئەوەیە، کە هەر حیزبێك قەوارەیەکی دیاریکراوی خۆی وەردەگرێ لەسەر ئاستی ئەو دەنگانەی کە بەدەستی ئەهێنێ بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەمە لە لایەك، لە لایەکی ترەوە جاری وا هەیە ئەو حیزبانەی کە دەنگی پێویست ناهێنن، یان رێژەی دەنگەکانیان دائەبەزێ، ئەوا زۆرجار ئەبنە ئۆپۆزسیۆن و لەدەرەوەی حکومەتدا کار ئەکەن، بۆئەوەی ببن بە چاودێرێکی راستەقینە بەسەر حکومەتەوە و هەوڵ ئەدەن، کە هاوسەنگی دروستبکەنەوە بۆ دەنگدەرەکانیان و متمانەی خەڵك وەرگرنەوە.

بەهەر شێوەیەك لە شێوەکان دروستنەکردنی یان پێكنەهێنانی حکومەت هیچ پەیوەندیەکی بەم کێشانەوە نیە و ئەو حیزبەی کە براوەیەی یەکەمە راستەوخۆ ئەتوانێ حکومەت دروستبکات، ئەگەر دەنگەکانی رێژەی کورسیەکان تەواو بکات، بەپێچەوانەوە ئەوا ئەم حیزبە پەیوەندی ئەکات بە حیزبێك یان زیاتر بۆ پەلەکردن لە دروستکردنی یان پێکهێنانی کابینەی نوێ، بۆئەوەی دەستبەکاربکات لەماوەی دیاری کراوی خۆیدا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی هەمومانە ئەوەیە، هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە2013/09/21 ئەنجام دراو خەڵکیش متمانەی خۆیاندا بەو لایەنانەی کە بڕوایان پێیەتی، ئەمەش مافی تاکی خەڵك خۆیەتی، ئەو خەڵکەی کە دەنگی داوە بۆ ئەوە نیە کە پێکهێنانی حکومەت بە مەزاجی حیزبەکان بێت و هەر رۆژەی بیانویەك بێننەوە بۆ پەکخستنی و پێكنەهێنانی، بەڵکو خەڵك چاوەڕێی ئەو بەڵێن و پەیمانانەیە کە حیزبەکان داویانە بە دەنگدەرەکانیان بۆ جێبەجێکردنیان و خزمەتکردنیان.

ئەگەر سەیریکی رابردوی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەبینین لەماوەی نزیکەی چارەکە سەدەیەك ئەبێ هەر دو حیزبی دەسەڵاتداری ئەم هەرێمە حکومەت و پەرلەمان و هەمو وەزارەتەکان و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان بە دەستەوە بوە و هەرخۆیان ئاغا و خۆیان کوێخا بون و خۆیان بڕیاردەر و هەمو جومگەکانی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمەیان بەدەستەوە بوە، ئەوەی خۆیان ویستبێتیان کردویانە و بڕیاردەری یەکەم بون لە هەمو دامودەزگاکاندا، بەڵام ئەمڕۆ ئاشکرایە کە دەنگدەران هەستیان کردوە کە وەك پێویست نە حکومەت و نە پەرلەمان و بگرە دامودەزگا حکومیەکانیش وەك پێویست نەیانتوانیوە خزمەت بکەن و بەرپرسەکانیش لە ئاستی بەڵێنی خۆیاندا نەیانتوانیوە بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، بۆیە هەر لە دایكبونی بزوتنەوەی گۆڕان، کە وەك رێکخراوەیەکی جەماوەری سەریهەڵدا، بینیمان کە ئەو خەڵکەی گوێی پڕ بوبو لە بەڵێنی ناڕاست، متمانەی خۆیان بەخشیە ئەم بزوتنەوەیە و شایەتی ئەوەش لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا توانی ببێتە حیزبی دوەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئێستاش حیسابی تەواوی بۆ ئەکرێ لەسەر ئاستی وڵاتانی دونیا و ناوچەکە، چونکە لەماوەی چوارساڵی ئۆپۆزسیۆنی خۆیدا توانی دەستبخاتەسەر هەمو ناعەدالەتیەکان و گەندەڵیەکان ئاشکرا بکات و رۆڵی بەرچاوی خۆی ببینێ.

ئەوەی پێویستە بزانین حکومەتی بنکەفراوانە، کە هەمو لایەنەکان بەشدارئەبن تێیدا، ئەمەش مافی ئەم لایەنانەیە کە بڕیاریان داوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی دەستەجەمعی یان بنکە فراوان، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە وا چوار مانگ تێپەڕی و لە کۆمەڵێ گیروگرفت زیاتر هیچ شتێکی تر بەدی ناکرێ و بانکەکان پارەیان تیا نەما، پەرلەمانتارەکان موچەیەکی زۆر وەرئەگرن بەبێ کارکردن و ...هتد، خەڵك چاوەڕێی ئەمەی نەئەکرد بەڕاستی، چونکە ئەگەر چاوێك بەڕەوشی خزمەتگوزاریدا بخشێنین، ئەبینین بەشی هەرە زۆری پرۆژەکانی ئەم وڵاتە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، بۆ نمونە سیستەمی پەروەردە، تەندروستی، کارەبا، رێگەوبان و زۆرشتی تریش، چونکە کابینە یەك لەدوای یەکەکانی هەرێم نەیانتوانیوە کاری باشی بۆ بکەن و هەر بە نیوە ناچڵی ماونەتەوە. بۆیە ئەمڕۆ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزی دوەم لە کوردستاندا و بەپێی کورسیەکانی دەسەڵات وەرگرێ، ئەبێ ئەم چوارساڵەی داهاتو هەمو تواناکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ چاککردنی باری گوزەرانی خەڵك و هەوڵی تەواویش بدات بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردوستان، ئەگەر وا نەکات ئەوا باشتروایە هەر بەشداری ئەو حکومەتە نەکات کە حیزب بتوانێ ئیفلیجی بکات. ئەمە بەرپرسیارێتیەکی مێژویی گەورەیە و ئەبێ هەوڵی جدی بۆ بدرێ و خەڵکی شیاو بۆ شوێنی شیاو دابنرێ. پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان جەختی تەواوی خۆی بکاتەوە بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی ئەم کابینە نوێیە و هەوڵ بدات و فشار بخاتەسەر حیزبەکان لەوە زیاتر پەکی نەخەن، چونکە پەکخستنی ئەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی زیاتر بۆ میللەت و ئەوەی توشی ماڵوێرانیش ئەبێ هەر میللەتە، چونکە میللەت لە مێژە ئەم باجەی پێ سپێردراوە و بەردەوامیش ئەیدا.

هەرچەندە ئەگەر وا بڕوا و لایەنە حیزبیەکان باکیان نەبێ لە پەلەکردن و پێکهێنانی، ئەوا ئەم کابینەیەش هەر وەکو ئەوانی تر ئەبێ و حکومەتێکی ناکارا و ئیفلیج پێکدێ، وەك چۆن ئەڵێن مانگەشەو سەرلە ئێوارە دیارە.