Print WWW.SBEIY.COM
 میللەت یەخەی کێ بگرێ لەم بارودۆخە
فایەق سەرچناری
03/02/2014

ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوی زۆرینەی ئەم بەرپرسانەی کورد بدەینەوە، ئەبینین هەر لە سەردەمانی کۆنەوە پلەوپایە و پۆستیان بەلاوە زۆر گرنگ بوە. هەر بۆ خۆیان ویستویانە بڕیاردەری یەکەم بن و کاتێکیش توشی شکستێ بوبێتن لە جێی ئەوەی هاندەری خەڵك بن بۆ بەردەوامی رێگاکەیان و درێژەدانی خەبات لەپێناو میللەتەکەیان، لەم حاڵەتانەشدا ئەم رێگەیان هەڵنەبژراردوە و نەیانویستوە کەس ببێتە تەواوکەری یان راستکردنەوەی هەڵەی سیاسەتەکەیان. بۆیە هەر خۆیان هەردو جەمسەرەکەی بون.

هەر ئەمەشە وای کردوە کە حوکمڕانی هەرێم بە هەمو جومگەکانی دەسەڵاتەوە بخەنە ژێردەستی خۆیان و بوار نەدەن بەکەسی تر کە خاوەن هێزبێ و بتوانێ بەرەنگاریان بکات، تەنانەت ئەگەر بۆ چاکسازیش بوبێ، بۆیە ئەم حوکمکردنە درێژخایەنە بوە بە پیشە و خویان و وا هۆگری ئەو کورسیانەیان بون، کە نە بە زۆر و نە بەهاوار و نەبە هەڵبژاردنیش کۆڵ نەدەن و لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی خەڵك لە سیاسەتیان ناڕازیە و بگرە زۆربەی زۆری ئەندامەکانی حیزبەکانیشیان. ئەوانەش کە رازین و بێدەنگن دیارە بەهۆی هەندێ لە بەرژەوەندی خۆیانەوە، ئەگینا بۆ ماوەیەکی کەم بەرژەوەندیەکانیان بوەستێ ئەوا ئەوانیش بێ هەڵوێست نابن. ئەمەش دەری ئەخات کە ئەوانیش ئەچنە قاڵبی ناڕازیەوە.

 ئەگەر سەیرێکی هەڵبژاردن بکەین، ئەوا ئەبینین وەك چۆن خۆیان ئەڵێن زۆنی سەوزو زەردو دو دەسەڵات. بێگومان زۆنی سەوز کە دەسەڵاتی نەك یەکێتی، بەڵکو هەندێ بەرپرسی ناو یەکێتی کە چەندەها ساڵە لەم زۆنەدا حوکم ئەکەن و ئەسپی خۆیانی تیا تاوئەدەن، هەرخۆیان و هەر خۆیان بون بۆ بڕیاردان.

پرسیار ئەمەیە، باشە ئەگەر بڕواتان بە هەڵبژاردن هەیە و هۆگری کورسیەکانتان نین، من ئەپرسم زۆرینەی ئەم میللەتە پێتان ئەڵێ سیاسەتەکەتان شکستی هێناوە، دەنگتان پێنادەن، رازی نین لێتان، ئەی باشە ئێوە ئامادە نەبن پارێزگارێك بگۆڕن کە نایاسایی بێ، دەسەڵات لەم دەڤەرە نەبەخشن بە سیستەمی دیموکراسی، نەیبەخشن بە یاسا، نەیبەخشن بە میللەت. ئیتر ئێوە چاوەڕێی چیتان لێ ئەکرێ و ئەبێ پێتان بڵێین ئێوە هۆگری کورسیەکان بون، چونکە ئەم کورسیانە وا پێتانەوە لکاوە مەگەر هەر قودرەتی قادر بتوانێ لێتانی بکاتەوە.

ئەم بەرپرسانەی کە شەیدای کورسی ئەبن دیارە بەرپرسیارێتی حیزبەکەی خۆشیان بۆ ناکرێ و دەسەڵات و بەرژەوەندی خۆیان نەك هەر لە پێش حیزبەکەیانەوە، بگرە ئەیکەنە تاجێکی زێڕین بۆ سەری خۆیان و کڵاوی شکستیش ئەخەنە سەر ئەندام و لایەنگران و ئەو بەڵێنانەی کە ئەشیدەن بە دەنگدەرەکانیان. هەتا دوێنێ لە هەمو لایەکەوە هێرشی توند ئەکرایە سەر کۆنگرەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و تانەی زۆریان هەبو لەسەری، ئەوەی رەخنە بوبێ بۆ باشکردنی من دڵنیام کە بزوتنەوەکەش سوپاسی کردون، بەڵام ئەوەی تانەوتەشەریش بوبێ. ئەوا کۆنگرەکەی گۆڕان لە ماوەیەکی زۆرکەمدا هەڵبژاردنی بۆ کراو بەسترا و تاڕادەیەکی باش سەرکەوتو بو هەرچەندە جێگەی رەخنەشی تیا بوەوە بۆ کەموکوڕیەکانی و باشترکردنی، بەڵام کۆنگرەی یەکێتی لەبەر چی نەك نەکرا؟ بۆیە ئەم بەرپرسانە ئەوەندە هۆگری پۆستن و بوە بەخو لایان مەحاڵە بە هەڵبژاردنیش لە کورسیەکانیان دورکەونەوە و دابڕێن، چونکە وەك نەهەنگی دەریاکانیان لێهاتوە کە چۆن لەگەڵ ئاودا بێ یەك درێژەدان بە ژیانیان مەحاڵە. ناحەقیان مەگرن، چونکە سیاسەتەکەشیان بەستراوە بە کورسیەکانەوە، ئەگەر کورسیکانیان لەژێر دەربێنی ئەوا سیاسەتیشیان لەگەڵ کورسیەکانیاندا کۆچ ئەکەن و بۆ هەتا هەتایە نابینرێنەوە مەگەر مێژو بیاندۆزێتەوە، بۆ باجی ئەم هەمو هەڵەیەشیان نازانین میللەت چی بڕیارێك ئەدا و یەخەی کێ ئەگرێ، چونکە هەر میللەتە قوربانی سەرەکین.