Print WWW.SBEIY.COM
 بانێکە و دو هەوا
فایەق سەرچناری
12/05/2014

ئەگەر چاوێك بەدوێنێی سیاسەتی حیزبەکانی هەرێمی کوردستاندا بخشێنین، دەبینین کە هەمویان بڕیاری چونە ناو حکومەتی بنکەفراوانیان داو هیچیان لاریان لەم راستیە نەبو، هەریەکە بەرنامەی خۆی هەبو بۆ بەشداریکردن لەڕێی خزمەتگوزاری و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان و بەرەوپێشبردنی رەوشی هەرێم بەگشتی. هەتا ئێرە هەمویان مافی خۆیانە، چۆن و بۆچی بەشدار ئەبن.

بەڵام سەیر لەوەدایە ئایا چۆن بەشداری ئەکەی، دیارە پێویستی بە گفتوگۆی سەرجەم لایەنەکانە بەبێ جیاوازی، هەمویان پێویستە لەسەر یەك مێز دانیشن و گفتوگۆ بکەن، بۆ دابەشکردنی وەزارەتەکان، پەرلەمان و دامودەزگا ئەمنیەکان و ...هتد. پێویستە هەمو لایەك رێكبکەون لەسەر کۆی دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا بۆئەوەی بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پۆستەکان یەکلایی بکرێنەوە، ئەمەش تا ئێرە زۆر رەوایە بۆ هەمو لایەك.

بەڵام سەیر لەوەدایە یەکێتی تا دوێنێ بەڕەوای نەئەزانی و بگرە بە هەزاران شێوە ئەندام و لایەنگرانی خۆی وا تێگەیاند کە بزوتنەوەی گۆڕان، رێکەوتنی ئیمزا کردوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا، وای پیشانی خەڵکدا کە ئەم رێکەوتنە رێکەوتنێکی ناڕەوایە، بۆیە کەوتنە وێزەی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕاست و چەپدا، کار گەیشتە ئەوەی هەندێ لەئەندام پەرلەمانە بەڕێزەکانیشیان لەبەرنامە روبەڕوەکانی کەناڵەکان هەمان شێوازی هێرشکردن و دژایەتیان پەیڕەوکرد. لەکاتێکدا کە بزوتنەوەی گۆڕان لەمێژبو بڕیاری چونەناو حکومەتی دابو بە دەنگدەرانی، لەم هەلومەرجەدا پێویستی بەقسەکردن بو بۆئەوەی بەپێی دەنگی خەڵك و کورسییەکانی ئەو وەزارەت و پۆستانە وەرگرێ کە وەك حەقی خۆی بەری ئەکەوێ، کە داکۆکیکرد و وەریشی گرت. ئەمە لەکاتێکدایە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە دوێنێی پێ رەوا نەبو ئەی چۆن ئەمڕۆ بەڕەوا ئەبینێ، کە بە دەستەجەمعی سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەکەن و بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پارتی، کۆبونەوە ئەنجام ئەدەن. ئەمە راست بانێکەو دوهەوا. ئێمەش قەیناکە، بەڵام لەم سەردانی کردنە بەکۆمەڵەی خۆتان چی بە لایەنگر و خەڵکەکەی خۆتان ئەڵێن. دیارە ئەبێ بڵێن ئێمە گاڵتەمان کرد، یان کەی شتی وامان وتوە.

بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر کۆبونەوەی کردبێ بۆ داکۆکیکردن لەدەنگدەرانی و تێکڕای خەڵکی کوردوستان بوە، کۆبونەوەی کردبێ بۆ ئەوە بوە کە پێداگری کردوە لەسەر ئەو پۆستانەی کە بەلایەوە گرنگ و کاریگەرن بۆئەوەی دەستبکات بە چاکسازی، ئەمە رێکەوتنی ستراتیجی نیە، دیارە خۆتان بەهەڵە تێگەیشتون و لەملاشەوە ئەتانەوێ خەڵکی پێ چەواشە بکەن، هەرچەندە ئەمڕۆ ئاستی رۆشنبیری خەڵك زۆر لەوە زیاترە کە ئێوە بیری لێ ئەکەنەوە و ئاراستەی ئەکەن. ئێمە ئەپرسین ئەوەی دوێنێتان پێ ناڕەوابو ئەی ئەوەتا خۆتان بە بەشکردنی دو ساڵی بەڕێوەبردنی وەزارەتیش قایل و چرکەتان لێوە نایەت. ئاخر لەکوێ و لەکام وڵاتی دونیادا هەبوە کە بەڕێوەبردنی یەك وەزارەت بە دو حیزب بسپێردرێ، ئایا ئێستا ناڵێن بەڵێ ئەمەیان رێکەوتنی ستراتیجیە نەك ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان.


بێگومان ئێستا بۆ هەمو ئەندام و لایەنگرەکانتان دەرکەوت، کە ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان کردی داکۆکی بو لە مافی خەڵك، ئەوەی ئێوەش ئەیکەن رێکەوتنی ستراتیجیە، چونکە ئەزمونێکی زۆر دورودرێژتان هەیە لەسەری. دڵنیاشین کە بزوتنەوەی گۆڕان گەر چوار ساڵی تریش ئۆپۆزسیۆن بوایە، خەڵك پشتیوانی تەواوی ئەکرد، بەڵام پێمانوانیە کە ئێوە شەش مانگ بتوانن ئۆپۆزسیۆن بن، لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆی کوردستاندا.
کورد جوانی وتوە کە ئەڵێ؛ بانێکەو دو هەوا.