Print WWW.SBEIY.COM
 ئاغای حکومەت و حکومەتی ئاغا
مەحمود عەبدوڵا
02/06/2014

لە دنیادا دەرەبەگایەتی وەک سیستەم لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام وەک عەقڵییەت هێشتا لە وڵاتانی وەک کوردستانی لەمەڕ خۆمان جێگای باسە، شایەنی باسە دەرەبەگایەتی وەک سیستەم قۆناغێکە، لەدوای قۆناغی کۆیلایەتی دێتە کایەوە، جێگەی سەرنجە کوردستان هەرگیز بە قۆناغی کۆیلایەتیدا تێنەپەڕیوە، بەڵام قۆناغی دەرەبەگایەتی کۆتایی نەهاتوە دەرەبەگایەتی وەک عەقڵییەت و شێوازی ژیان و بیرکردنەوە و بڕیاردان هێشتا هەرماوە.

سیستەمی دەرەبەگایەتی زادەی پاوانکردنی زەوییە، لە سیستەمی فیوداڵیدا خاوەن موڵک دەرەبەگە و ئەوانەی کار بۆ دەرەبەگ دەکەن بەبێ کرێ، یان بە کرێیەکی کەم، یان بەئارەزوی خۆیان کار ناکەن، بەڵکو لەناچاری بەم جۆرە کارەش ئێژن بێگاری. لێرەدا دەمەوێ بەراوردی ژیانی دەرەبەگانەی دەسەڵاتداران و عەقڵییەتی دەرەبەگانەی ئەوان بکەم، هەروەها شێوازی بیرکردنەوە و بڕیاردانی تاکڕەوانەش جۆرێکە لە عەقڵێیەتی دەرەبەگایەتی، سەڕەڕای ئەوەش لە قۆناغی فیوداڵیدا هەر گوندێک کوێخایەکی هەیە، کە بڕیار بەدەستی ناوچەکەیە و لەژێر کۆنترۆڵی دەرەبەگدایە و کاری کۆکردنەوەی باج و سەرانە و ...هتد دەکات.

لەئێستادا هەر ناوچەیەک و هەر شارێک بگری دەبینی کوێخایەکی هەیە و دەسەڵاتی لەسەروی دامودەزگاکانی حکومەتە لە ناوچەکەی خۆیدا، تەنانەت لەیاساش رزگاریان دەبێت، ئەم کەسانە خاوەن زەوی و زارێکی زۆرن و بەئارەزوی خۆیان تەلبەندی دەکەن و کام شوێنی گرنگ لەناو شاردا هەیە دەستیان بەسەرداگرتوە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە هەرچی کارگە و کێڵگەی پەلەوەری و ...هتد هەیە یان راستەوخۆ هی ئەوانە یان شەریکە بەشن، ئەم کەسانە لەڕوی شێوازی ژیان و دەستڕۆیشتویی و عەقڵیەتەوە دەتوانین بەراوردیان بکەین بە دەرەبەگ و کوێخا، هەرچی حکومەتیشە ئاغایانە رەفتار و کردار دەنوێنێ بەرامبەر هاوڵاتیان و بێگار بە هاوڵاتیان دەکات و هەرگیز بۆ هیچ بڕیارێک ناگەڕێتەوە بۆ خەڵک، بەڵکو پەیوەنییەکەیان پەیوەندی نێوان ئاغا و رەعیەتە. من بۆئەوەی بیسەلمێنم کە ئەوانەی کار بۆ حکومەت دەکەن و کرێکاری حکومەتن کارەکەیان جۆرێکە لە بێگاری ئاماژە بە دوخاڵ دەکەم کە دەتوانین بێگاری پێ بناسینەوە کە ئەمانەن:
یەکەم:- هەرکارێک بە ئارەزو نەبێت بێگارییە. دوەم - کرێی کەم کە بەشی پێداویستییەکانی رۆژانەی کرێکار ناکات.

لەڕاستیدا لەژێر دەسەڵاتی کوردیدا فەرمانبەران یان ئەوانەی کار بۆ حکومەتی حیزبی دەکەن هەم ناچارن و هەم بەکرێیەکی کەم کاردەکەن. ناچارن لەبەرئەوەی لەم وڵاتە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی پێشەسازی پەکی کەوتوە، ئەمەش بە بەرنامە کراوە بۆئەوەی خەڵکی ناچاربن ببن بە فەرمانبەر و لە کەرتی گشتی کار بکەن و ببن بە موچەخۆر، کرێیەکی کەم وەردەگرن کە بە بەراورد بەپێداویستیەکانیان و نرخی بازاڕ نیوە کرێیە کە ئەمەش جۆرێکە لە بێگاری، لەلایەکی ترەوە حیزبە دەسەڵاتدارەکان خەڵکێکی زۆر دادامەزرێنن سەرباری موچەیەک کە لە حکومەت وەریدەگرن لەناو حیزبیشدا بڕێک موچەیان دەدرێتێ و پاشان ئەوان بە ناچاری لە میهرەجان و ڤیستیڤاڵە کانیان ئامادە دەبن و ئەگەر ئامادە نەبن گومان لە دڵسۆزییان دەکرێت و هەڕەشەی بڕینی ئەم بڕە پارەیان لێدەکرێت هەرچەندە ئەوانە بێکارن، تەنها وەک پاداشت لە بەرامبەر بێ دەنگی و کۆبونەوە لەوکاتانەی کە حیزب دەیهەوێت خۆی نمایش بکات و بڵێ ئەمە جەماوەری ئێمەیە. ئەم شێوازە لە ژیانی دەسەڵاتداران فیودیاڵی مۆدێرنە و ئەم جۆرە بێگاریەش ناودەنێم بێگاری مۆدێرن، کە لە داهاتودا دەبێ کۆمەڵگە باجەکەی بدات.