Print WWW.SBEIY.COM
 پێشمەرگە و دروشمی یەک سەنگەری
فایەق سەرچناری
09/08/2014

سەرەتا: دو دێڕی مامۆستا شێرکۆ بێکەس
من هەر چاوی دارستانی گڕتێبەربوی خۆم شك ئەبەم ئێشکم بگرێ
من هەر خوێنی لەبەر قۆیشتوی ئەم شاخانەی خۆم شك ئەبەم، هەڵگیرسێت و پێشم کەوێ

ئەگەر ئاوڕێك لەمێژوی کورد بدەینەوە جگە لەپارچەپارچە کردنی، هەمیشەش هێرشی کراوەتە سەر بەکۆمەڵکوژی، ئەنفال، راگواستن، پەتی سێدارە، کاولکردن، جینۆساید و هتد! . هەرچەندە لەگەڵ ئەمانەشدا هەر بەرگری لەخۆی کردوەو داگیرکەر نەبوە. بۆیە لەهەر شوێنێك زوڵم و زۆرداری و چەوسانەوە هەبێ، بێگومان شۆڕش تیایدا سەرهەڵئەدا، هەر ئەمەش وای لەمیللەتی کورد کردوە کە شۆڕش بەمافی رەوای خۆی بزانێ و بەرگری لەخۆی و خاکەکەی بکات.

ئەم دۆخەی ئەمڕۆش یەکێکی ترە کە شەمشەمەکوێرەکان چاویان بە ئازادی کوردا هەڵنایەت و ئەیانەوێ ئەم خاکە گڵاو بکەن لەژێر ئاڵای ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا.

هێزی پێشمەرگەش بۆ پاراستنی کەرامەتی میللەت و خاکەکەی ئەوەتا ئەمڕۆ لەبەرەکانی شەڕدان و داکۆکی لەنیشتیمان ئەکەن.

پێشمەرگە ئەو مرۆڤەیە کە ئامادەیە رۆح و گیانی بۆ پاراستنی خاك و خەڵك تەرخان بکات، بەڵام گرنگی و پێویستی ئەمڕۆی نیشتیمان ئەوەیە کە ئەم هێزە بەتەواوی یەکبخرێتەوە، چونکە ئەگەر سەیرێکی ئەو قەیرانەی کە ئەمڕۆ دروستبوەو دوژمنانی مرۆڤایەتی ئەیانەوێ کوردستان گڵاو بکەن، ئەمانە پێش ئەوەی دژی میللەت بن دژی مرۆڤایەتین بۆیە کوشتنی هەرکەسێکیان حەڵاڵ کردوە کە خۆیان بیانەوێ.

بەڵام جێی دڵخۆشیە کە ئەمڕۆ هەمو حیزبە سیاسیەکان و بگرە کوردانی باکور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات کە خەمی هەمومان یەك خەمە ئەویش پارێزگاریکردنە و داکۆکیکردنە لەیەك سەنگەردا بۆ بەرخودان.

هەمومان دڵنیاین لەوەی کە ئەم یەکگرتنە سەرکەوتن تۆمار ئەکات و ئەبێتە بەربەستیش بۆ هەر پیلانێکی دوژمنان. بۆیە ئەوەی کە هەمو گەل ئەمڕۆ شانازی پێوەئەکات ئەم تەبایی و گیانی هاوسەنگەریەیە لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا.

هەرچەندە بەداخەوە لەماوەیەکی مێژوی دوردا و تا ئەمڕۆش نەتوانرا ئەم هێزە بکرێتە هێزێکی سەربازی تۆکمە کە بەیاسای سەربازی رێکبخرێ و یەکبخرێ، ئەگەر ئەمە بکرایە کاریگەری زۆر باشی ئەبو هەتا لەڕوی بەرگریکرنیشەوە، بۆ نمونە لەکاتی جەنگدا ئەتوانرێ بەکەمترین قوربانی باشترین سەرکەوتن تۆمار بکات، ئەتوانرێ هەموی یەك جۆر جلوبەرگی سەربازی بۆ تەرخان بکرێ، هەمیشەش لەکاتی هەر هەڵەیەکی سەربازی بۆ هەر روداوێك لەجەنگدا، ئەوا ئەتوانرێ زوتر رێکبخرێتەوە. لەڕوی موچەو هەر یارمەتیەکی سەربازی زۆر ئاسانتر و خێراتر بەدەستیان ئەگات و جیاوازیش ناکرێ و هتد.

چۆن هەتا ئەمڕۆ میللەت چاوەڕێی ئەم یەك سەنگەرییەی ئەکرد، ئەم دۆخەی ئەمڕۆ کە دوژمنانی گەلەکەمان هەمیشە ویستویانە نیشتیمانی دایك گڵاو بکەن، تکایە با ببێتە دەرسێك بۆ ئێمەی کوردو حیزبە سیاسیەکان و بیکەینە عیبرەت بۆ دوژمنان و ناحەزان.

با هەمومان پێکەوە هەوڵی ئەوە بدەین هێزی پێشمەرگە بکەینە هێزێکی سەربازی نیشتیمانی و بدرێتە دەست وەزارەتەکەی خۆیان، بەهەمومان هاوکار و هاوپشتیان بین، چونکە ئەمە خەمی لەمێژینەی هەمومانە.

ئەگەر وا بکەین دوژمن کوێرە و پێچەوانەش ڕێخۆشکەرە بۆ فرسەتی ناحەزان و داگیرکەران.