Print WWW.SBEIY.COM
 هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە
مه‌لا فه‌رمان
02/10/2014

بۆ زیاتر رونکردنەوە و زوتر تێگەیشتن لە کاریگەریەکانی هێزی ئاسمانی بۆ سەر هێزی پیادە، بەباشم زانی زۆر بە کورتی بە باسکردنی ئەم دو شەڕەی خوارەوە دەست پێبکەم، چونکە لە هەردوکدا بەندە بەشدار بوە:

یەکەم:
 شەڕی موردخواردەی سەرو (گوندێکە لە بناری خاڵخاڵان، نزیکەی ٧٠ کم لە باکوری رۆژهەڵاتی کەرکوکەوە دورە): لە ٢٠/٢١-٣-١٩٨٢ کەرتێکی هەرێمی دوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای جەولەی ناوچەی شوان گەڕایەوە گوندی مۆردخواردە، دوژمن لە رێگەی سیخوڕەکانیەوە هەوڵی جێ پێهەڵگرتنی ئەو هێزەی دەدا.  جگە لەم هەوڵەش بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەو هێزە کۆپتەرەکان بە ئاسمانی ناوچەکدا دەسوڕانەوە. دانیشتوانی گوندەکە ترسی زۆریان لێنیشت، فەرماندەی کەرتەکە کەوتە ژێر فشاری چەند پیاوێکی گوندەکە و بۆئەوەی زیان بە دانیشتوانەکە نەگات، ئەو فەرماندەیە کەوتە ژێر کاریگەری پاڕانەوەی ئەو خەڵکە و پێشمەرگە ریزی بەست و بەڕاکردن لە گوندەکە دەرچو بەرەو ناو هەڵەتەکە. بەرلەوەی شوێنی خۆمان بگرین، کۆپتەرەکان ئێمەیان بەدیکرد و لە چاو تروکانێک ٦ شەهید و ٦ بریندارمان دا. زیانی دوژمنیش تەنها کوشتنی یەک جاش بو. چەکە قورسەکەمان رەشاش بڕنەوێکی کۆنی ساڵی ١٩٧٤، لای بەندە بو لەیەک فیشەک زیاتری نەتەقاند.

دوەم:
شەڕی گوندی توڵکی (گوندێکە لە ناوچەی شێخ بزێنی خوارو بە دوری ٤٠ کم کەوتۆتە باکوری کەرکوکەوە). کەرتی یەکی ساڵەیی تیپی ٢١ کەرکوک، نزیکەی ٢٢ پێشمەرگە لەو گوندە بوین. کاژێر ١٥:٠٠ی پاش نیوەڕۆ هێزێکی زۆر لە سوپا، جاش و جەیشی شەعبی بە هەمو کەرەستەیەکی سەربازی و بە پاڵپشتی چەندین کۆپتەر و فڕۆکەی جۆری پیلاتۆز هاتنە سەرمان. چەکە قورسەکەی پێشمەرگەش ١ بی کەی سی و یەک ئار بی جی ٧ و ئەوەندە فیشەکەی بە قەدمانەوە بو. یەکەم گورزی خۆمان وەشاند ٦ سەرباز لە هێزی کۆماند و کوژران و تەرمەکانیان کەوتە بەردەستمان (هاوەنی ٦٠ ملم موزەلی، قەناس، ئار بی جی و کڵاشنکۆف) دەستکەوت بو. شەڕەکە تا کاژێر ٢٠:٠٠ ئێوارەی خایان. زیانی ئێمە یەک برینداری سوک بو، (لە ئازایەتی و دڵسۆزی خۆی بە پێوە و بە ئاشکرا تەقەی لە کۆپتەرەکان کرد بو).

هێزەکانی تیرۆرستی داعش:

لەناو گوندەکانن، هێزێکی دەرەکین و دەربەست دانیشتوانەکەی نایەن و ناکەونە ژێر فشاری کەسەوە، چەکەکانیان چەکی باش و سەردەمیانەن ئەو چەکانەن کە لە سوپای عێراقیان گرت. تاکتیکەکانی شەڕیش باش شارەزان و هێشتا گورزی کوشندەیان بەر نەکەوتوە و چاوترسێن نەکراون. لەگەڵ هێزەکانی ئاسمانی عێراق راهاتون. هەوای سەرکەوتنەکانیان بەسەر سوپای عێراق و ناوچەکانی شەنگال و شوێنەکانی تر بەری نەداون. لە هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان زۆر دەترسن و سڵ لە پێشمەرگە دەکەنەوە. ناوچەیەکی بەرفراوانی یەک پارچەیان بەدەستەوەیە، بەشێ لە پێکهاتەی سونەی عەرەب پشتیوان و چاوساغیانن، سود لە ناکۆکیەکانی نێوان سونە و شیعە دەبینن، ناکۆیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە قازانجیانە.  پێدەچێ چەند وڵاتێکی هەرێمی بە ناڕاستەوخۆ و بە نهێنی هاوکاریان بن.

هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان

١- کاریگەریەکانی ئەم هێزە زیاتر کاریگەریەکی مەعنەویە، چونکە داعش حکومەت و دەوڵەت نیە تا خاوەن دامەزراوە و سەربازگەی گەورەبێت، پشتیوانی جەماوەری ئەوتۆی نیە، چونکە زیاتر لە هێزێکی دەرەکی دەچێت دڵسۆز نیە بۆ خاک و وڵات. ئەم هێزە دەتوانێت شەڕی پارتیزانی بکات و لێی شارەزایە و هێزێکی بە جوڵەیە. ئەگەر فەرماندە سەربازیەکانی عێراق و کوردستان چاوەڕوانی کاریگەری ئەم هێزە ئاسمانیە بکەن بە هەمانشێوەی ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، دەکەونە هەڵەیەکی زۆر گەورەوە.
٢- زۆرجار بە هۆی نەبونی هەمانگی باشەوە لە نێوان زەوی و ئاسماندا ئەو فرۆکانە بەهەڵە زیان بە هێزی زەمینی دۆست دەگەیەنن، یان بەلای کەمەوە هێرشەکان لە کاتی خۆی دوا دەخەن.
٣- هیج هێزێکی ئاسمانی ناتوانی بستێ زەوی رزگار بکات و دوژمنی لێ دەرپەڕێنی، رزگارکردنی زەوی تەنها کاری هێزی پیادەیە.
بۆیە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەبێت بڕوای بە خۆیی و پلانە سەربازیەکانی خۆی بێت (پلانی شەڕی پارتی زانی و شەڕی بەرەیی). واتە دەبێت بزاندرێ لە کوێ و کەی چەکی دورهاوێژ و چەکی کورت هاوێژ ، هێزە جیاجیاکن بە کار دەهێندرێ.

پێداویستیەکانی پێشمەرگە:

بەڕای من پێشمەرگە پێویستی بەم یارمەتیانە هەیە و پێویستە داوا لە هاوپەیمانان بکات:
١-  پشتیوانی هەواڵگری
٢-  هێزی ئاسمانی
٣- لۆجستی
٤- پێگەیاندنی تیمی پوچەڵ کردنەوەی مین و تەقینەوەکان.

جگە لەمانەش ئەوەی تائێستا لە بەرەکانی شەڕدا دەبیندرێت و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، جێی دڵخۆشی و موژدە بەخشە کە پێشمەرگە هێزێکی دڵسۆز و گوێڕایەڵە، هێزێکە ئامادەی بەرگریە لە خاکی کوردستان و جەماوەریش پشتیوانیەتی. بەڵام بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان ئامانجەکانیان بپێکن، بە رای من پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێت:
١- گۆڕینی سەرکردە مەیدانیەکان و جێبەجێکردنی دیسپلینی سەربازی لە بانگکردن و لێپێچینەوەی پێویست (هاوشیوەی جەلال تاڵەبانی (لە کاتی شەڕدا) و نەوشیروان مستەفا (مەیدانی و لە هەمو کاتەکاندا)). تاڵەبانی گوتی "ئێرە چۆڵ ناکەم دەبێت مێژو بڵێت سەرکردەیەکی کورد لێرە و لەسەر خاکەکەی خۆی شەهید بو".
٢- رێکخستنی هێزە خۆبەخشەکان و جوڵەپێکردنیان بە فەرمانی ئەفسەرە مەیدانیەکان. باشتر وایە ئەم هێزانە بەر لە چونیان بۆ بەرەکانی شەڕ بەلای کەمەوە بۆ ماوەی ١٠ رۆژ راهێنانی جەستەییان پێبکرێت.
٣- دورخستنەوەی هەمو کامێرا و تەلەفزیۆنەکان، جێگرتنەوەیان بە کامێرای فەرمی سەربازی و گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە.
٤- تێرکردنی پێشمەرگە و بەرەکانی شەڕ لە هەمو پێداویستیەکان.
٥- باش دابەشکردن و رێکخستنی هێزی پێشمەرگە.
٦- بونی فەسیلی پزیشکی لە هەمو یەکەیەکی سەربازیدا.
٧- هەوڵدان بۆ شارەزابونی هێزەکان لە ناوچەکە. (زانینی ناوی شوێنە گرنگەکان).
٨- بونی هێزی یەدەکی بەردەوام.
٩- بونی یەکەی شارەزای باش لە هەڵگرتنەوەی مین و پوچەڵکردنەوەی تەقینەوەکان.
١٠ - هۆشیارکردنەوەی پێشمەرگە لە خۆدورگرتن لە زیادەڕۆیی و سەرەڕۆیی لە هێرشبردن و بەهەند وەرگرتنی مین و تەقینەوە ( عبوات ناسفە ).

بەڵێ، سەرکردە سەربازیەکان بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی لەم شەڕە درێژخایەنە دەبێت چاوەڕوانی دەستی خۆیان و هێزەکانی خۆیان بن، چونکە زەوی بە لێجێگیربونی پێی پێشمەرگە ئازاد دەبێت نەک بە ساروخی فڕۆکە.