Print WWW.SBEIY.COM
 چون بۆ پێشمەرگایەتی و کۆبانێ
مه‌لا فه‌رمان
29/10/2014

لە یادی رۆژی بونم بەپێشمەرگە لە ٢٦/١٠/١٩٨١ لە (هەرێمی ٢ دوی کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کەرتی رێکخستنی کۆمەڵەی رەجدەرانی کوردستان)، ئەم ساڵ کۆبانێ و شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان و خۆڕاگریان هاندەری باسکردنی ئەم یادە و نوسینی ئەم چەند دێڕەن.

لە زانکۆوە بۆ شاخ، لە قەڵەمەوە بۆ چەک، لە کتێبەوە بۆ ٨ مەخزەن فیشەک، لە پشدێنێکی یەک مەتریەوە بۆ ١٥. گەنج، باسکردن لە ماندوبون عەیبەیەکی زۆر گەورە بو، قورسی چەک گەورەتر، کوردایەتی و بڕوابون بە کوردستان و رەنجدەرانی کوردستان، ئەو تاکە بڕوایە بو جێگەی بە هەمو دیدوبۆچون و تێڕوانینەکانی تری بۆ ژیان گرتبوەوە، گیرفان جگە لە پارە هەمو شتێکی تری رۆژانەی تێ دەبیندرا: نامێلکە بچکۆڵەکەی کۆمەڵە، قەڵەم و لایتەکەی، مەعجونی دان و فرچەکەی، جار، جار پسکیتی دوکانداری لادێکان.

توڵکی، مۆردخوادە، حەمک، قازان، لە دابان بەفر گڕی گرت، لە گەرمیانەوە گەردەلول هەڵیکرد و... سەدانی تر ناوی ئەو داستانانەن ئەو شەڕڤانانەی ئەودەم تۆماریان دەکرد.

بەڵێ، ئەمڕۆ هەندێ لەو گەنجانە پیر و هەندێ دورخراوە، هەندێ لە گیرفانەکانیش گەورە و پڕ و بڕواکەشیان کاڵکردۆتەوە. لەمەش خراپتر، هەندێ بەزەڕەبینەوە دەیانەوێ نەک هەر سەرکردەی سیاسی بن بەڵکە هی شەڕیش، ئەگەر بە خۆشیان نەکرا کوڕ و کوڕەزاکانیان، لە شکستا ئەمان لەوێنین، لە سەرکەوتندا پاڵەوان و لەگەڵ ونبونی کامێرای تەلەفزیۆنەکانیش ون دەبن.

هۆ، هۆۆۆۆ کۆبانێییییییی
من لە کەرکوکەوە قسە دەکەم، پێرێ لە گەڕەکەکەمان لە دایکبوی، گوێزەبانەی کوردەواریمان بۆ کردی! لەو لاشەوە هێزەکانی داعش تەنها ٢٥ کم لە گەڕەکەکەمانەوە دورە. پێشمەرگەکان بەرویاندا وەستاونەتەوە، نایەڵن بێنە پێشەوە. جێی دەستان لێرەش دیارە. لەم پشدێنە سەنگەرە کوڕەکان خوێنی زۆر دەڕێژن، زیاتر لە شەقامەکانی کۆبانێ. لەو لاشەوە جەلەولا تائێستا دیلی دەستی تیرۆرستانە. لەم دو بەرەیە گۆڕانکاری بەرچاو نەبوە. بەڵام چاوەڕوان و هیواخوازین. دەڤەری شەنگالیش لای خۆتەوە نزیکە و هەواڵی دەزانی. لای ئێمە دەڵێن ئەگەر خوانەخواستە کۆبانی بکەوێ، کەرکوکیش بە دویدا دێ، نازانم نهێنی ئەم قسەیە چیە و لە کوێیە. من دەڵێم نانانانا!

کۆبانێ گیان ئەگەر سەرکردەیەکی لای ئێمە هاتە خزمەتت، کەس نەزانم بچرپێنە گوێچکەیی و پێی بڵێ:
١- هێندە نەتکەن بە کەرەستەی موزایەدە؛
٢- بۆ ئەوەی گیرفانی جارانی خۆی بێتەوە یاد، گیرفانی شەڕڤانانی خۆتی پیشاندە و لێی بپرسە. سەروەت و سامانەکەت چەندە و لە کوێت بو و لە کوێیە؟
٣- ئەگەر دەتوانێ با بگەڕێتەوە لای خۆمان و کەمیکیتر داعشمان لێ دورخاتەوە
٤- ئەگەر ویستی خولێکی فێربونی بەرخودان ببینێ، رێی لێمەگرە، کامیرەیەکی لە گەڵ بنێرە، فێریکە و بینێرەوە بۆمان،
٥- ئەگەر ویستی لە نزیکەوە دەست و تڤەنگی شەڕڤانانت ببینێ، دەستی بگرە و بیبە، بەڵام بەبێ کامیرای تەلەفزیۆن!
٦- من لێرەوە بیستومە، جەنابت تەنها پێویستت بە چەکی قورس و شارەزایە لەو بوارە، شوکور، شەڕڤانت زۆرە و پێویستت نیە. بەڵکە لە نزیکەوە ئەم قسەیەش بچرپێنیتە بەرگوێی ئەو سەرکردەیە.
٧- پێی بڵێ " با لە سنوری حەسەکەوە بەرەیەکی تر لە داعش بکەنەوە"، لێرەوە مۆڵەت وەرگرتنی کەسی ناوێ.
٨- لە کۆتاییدا و بەر لەماڵ ئاواییی ئەم سێ پرسیارەی لێبکە: ١- ئەرێ ئەو هەمو چەکە قورسانەی کەرکوک و دوبز چییان بەسەر هات ٢- ئەو پێشمەرگانەی گوندی وەحدەی نزیک کەرکوک چۆن شەهید بون و دیار نەمان؟. ٣- بازرگانی نەوت و بەنزین لە گەڵ داعش چۆن دەکرێ؟

بەر لە دوا قسە، ئامان! نەکەی ئەم قسانە لە ناو خەڵک و قەرەباڵغی و بە ئاشکرا بەو سەرکردەیە بڵێی، زۆری پێناخۆشە، چونکە ئەو جگە لەنهێنی سەربازی نایەوێ هیج قسەیەکی تر بە ئاشکرا و لە ناو خەڵک پێی بگوترێ.

 کۆبانێ گیان، لەوەوە کوڕەکانی ئێرە مەبینە، وەک شەڕڤانانی جەنابتن، لێرە شەقام بۆت دەکوڵێ، دڵیان لاتە، چاوی شێرە کچەکان و کوڕەکان ماچ دەکەن. پەرلەمان و حکومەتەکەمان هاتونەتە دەنگ، کوڕە شارەزاکان دەنێرنە خزمەتت، ئاگاداریان بە. بە هیوای سەرکەوتنی یەکجارەکی.