Print WWW.SBEIY.COM
 کۆمسیۆنی باڵا و نوێنەری پێکهاتەکان
مه‌لا فه‌رمان
04/12/2014

پشت بە حوکمی بڕگەی ( ١ ) لە مادەی( ٥٦) ی یاسای ژمارە ( ١ ) ساڵی ( ١٩٩٢ ) ی هەموارکراو، لەسەر پێشنیاری ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە دانیشتنی ژمارە (  ١٨ ) ی رۆژی ٢٣/٧/٢٠١٤ بڕیاری دەرچواندنی ئەم یاسایەی دا:
یاسای ژمارە ( ٤ ) ی ساڵی ٢٠١٤

یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی

سایتی سبەی
" بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە (سبەی) وت: لەدانیشتنی ئەمڕۆدا، هەر (9) ئەندامەکەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی بەدەنگی زۆرینە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە متمانەیان پێدرا، ئەندامەکانیش پێکهاتون لە؛ بزوتنەوەی گۆڕان دو ئەندامی هەیە ئەوانیش عەبدولسەمەد خدر و د.رێزان حەمە رەشید، کە ئەمەی دوەمیان وەک تاکە ژنە لەناو ئەنجومەنەکەداو زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستهێناوە.
پارتی سێ ئەندامی هەیە هەندرێن محەمەد و سەباح کورەچی و جوتیار عادل، دو ئەندامەکەی یەکێتیش سلێمان مستەفا و نەهرۆ سەلیم، یەکگرتوی ئیسلامیش یەک ئەندامی هەیەو ئیسماعیل سلێمان و یەک ئەندامیش بۆ کۆمەڵی ئیسلامی کە شیروان زرار نەبیە.  بەوتەی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگر و پۆستەکانی دیکەی ئەنجومەنەکە، لەناو ئەندامانی ناو ئەنجومەنەکە خۆیاندا هەڵدەبژێردرێت".

رۆژنامەی ئاوێنە
وحیده‌ یاقو هرمز، ئه‌ندامى په‌ڕله‌مانى كوردستان له‌لیستى ئه‌نجومه‌نى كلدانى و ئاشورى ده‌ڵێت؛ "ئه‌و كۆمسیۆنه‌ بێلاه‌ین نیه‌ و سه‌ربه‌خۆش نیه،‌ به‌ڵكو سه‌ربه‌ حیزبه‌كانى چونكه‌ پشتگوێ خستنى كه‌مینه‌كان سه‌ربه‌خۆ نه‌بون و كوردستانى نه‌هێشت به‌ڵكو كردى به‌ حیزبى و كوردى . ئه‌مڕۆ 3 كانونى یه‌كه‌م به‌پێى یاسایى كۆمسیۆنى باڵاى ژماره‌ 4 ساڵى 2014 ئه‌ندامانى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى دیاریكردو كه‌ پێك هاتبو له‌ 9 ئه‌ندام سه‌رجه‌میشیان له‌ناو حیزبه‌ كوردیه‌كان بو ئه‌وانیش 5 فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌ى كه‌ى په‌ڕله‌مان "پارتی، گۆڕان، یه‌كێتی، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتو".

سایتی لڤین

لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی جەودەت نەجار پەرلەمانتاری توركمان بەنوێنەرایەتی هەردو پێكهاتەكە رایگەیاند؛ "لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا مافی پێكهاتەكان پێشێلكرا"، وتیشی: ئەوان داوادەكەن ئەو متمانەی پەرلەمان بەئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی دەدەن سەرۆكی هەرێم پەسەندینەكات، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەم شێوەیە ئێستا پەسەندبكرێت ئەوا بایكۆتی كۆبونەوەكانی پەرلەمان دەكەن". نەجار هەروەها وتی "ئەو دو كەسەی لەلایەن یەكێتی‌و پارتی دەستنیشان كراون كە پارتی كەسێكی توركمان‌و یەكێتیش كەسێكی مەسیحی دیاریكردوە لەپشكی خۆیان دەیانكەن بەئەندام نوێنەرایەتی ئەوان ناكەن".

ئەم سێ بڕگەیەی سەرەوە کە لەسێ دەزگای راگەیاندنی جیاوازەوە وەرگیراوە جەخت لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ دەکەنەوە، لەوانە:
١- ئەم کۆمسیۆنە بە سازانی ئەو ٥ پێنج لایەنە سیاسیە کراوە کە پەرلەمانی کوردستان پێکدەهێنن.
٢- هەمو ئەندامەکانی کۆمسیۆن کەسانی حیزبین.
٣- پارتی و یەکێتی نوێنەرانی پێکهاتەکانی کلدوئاشور و تورکمان دیاری دەکەن. ئەمەش وادەکات بەشی زۆری ئەو پێکهاتانە هەست بە بونی خۆیان نەکەن وەک کیانێکی سەربەخۆ و خاوەن بڕیاڕ. ئەوەی لە ئەنجومەنەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان رویدا لێرەش دوبارە بوەوە، ئەم سیاسەتەش هاوشێوەی ئەنجومەنەکان کاریگەری نەرینی دەبێت لەسەر بڕیارەکان. 

ئەوەی دەوترێت و بڵاودەکرێتەوە تەواو  پێچەوانەی مادەی ( ١٨) یە لە یاسای ژمارە ( ٤ ) ی ساڵی ( ٢٠١٤) ی  یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی:
مادەی هەژدەهەم: لە پێکهاتەی کۆمسیۆندا هاوسەنگی لە نوێنەرایەتی پیکهاتە نەتەوەییەکاندا مسۆگەر دەکات.

ئەوەی کە کراوە رەنگدانەوەی واقعی کوردستانە و ناتواندرێت لێی لابدرێت. بەڵام ئەوەی لە مادە یاساییەکەدا هاتوە ١٠٠%  پێشوەخی دەبوایا بزاندرێت سنوری قسەکردن و نوسینەوە تێناپەڕێنێت و نابێتە کردار. بۆیە دەبو لەم قۆناغە ئەم یاسایانە لە سەر بنەمای سازانی سیاسی بنوسرایاتەوە نەک وەک ئەوەی ئێستا هەیە.

بەشی دوەم
مادەی دوەم: بەگوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات (السلطە الحصریە) کە رێکاری هەمو هەڵبژاردن و راپرسییە گشتیەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان - عێراق.
لە خوێندنەوەی ئەم مادەیە بە گشتی چاوەڕوان دەکرێت لای هەر تاکێکی ئەم وڵاتە ئەم پرسیارانە دروست بن، بە تایبەتیش لای حکومەتی عێراق.
١- ئەو لقانەی سەر بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقن و لە هەرسێ شارەکەی هەرێم بونیان هەیە لەمەودوا چ کارە دەبن؟
٢- دەستەواژەی کوردستان - عێراق بە کار هاتوە نەک هەرێمی کوردستان، واتە ئەم کۆمسیۆنە لە ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستانیش لقی دەبێ و دەستبەکاردەبێت.
٣- پەیەوەندی ئەم کۆمسیۆنە لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق چۆن دەبێت؟ بە پێی دەستوری عێراق لە چیدا یەک دەگرنەوە و لە چیدا دژ بە یەکن؟. لەم بارەوە لە هیچ بڕگەیەک یان خاڵێکی ئەم یاسایە لە دور و نزیکەوە ئاماژە بەو کۆمسیۆنە و دەستوری عێراق نادرێت، مەبەست چیە؟

بەشی حەوتەم
سێیەم: بڕیارەکانی ئەنجومەن بە هەردو زمانی کوردی عەرەبی لە سێ رۆژنامەی...تاد.
لە کوردستان بە ناوچە دابڕاوەکانەوە، تورکمان وەک نەتەوەی دوەم دێت، زۆر پێویستە و لە بەرژەوەندی نەتەوەی کوردە بە تایبەتی بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی کەرکوک لەو راپرسیەی ئەم کۆمسیۆنە لەبەرنامەیدایە بایەخی یاسایی و دەستوری زیاتر بە مافەکانی نەتەوەی تورکمان بدرێت، نەک هەر لەم یاسایە و کۆمسیۆنەکەی بەڵکە لە دەستوری داهاتوی کوردستانیشدا. بۆیە پێویست بو هاوشانی زمانی عەرەبی و کوردی بە زمانی تورکمانیش ئەم یاسایە بڵاوکرایەوتەوە.

دیارە دانانی  یاساکە و کۆمسیۆنەکەی کارێکی پێویستە و زۆر باشە، بەڵام کەموکوڕی زۆری تێدایە، ئەو کەموکوڕیانەی زیاتر دەرهاویشتەی توڕەیی و خۆکێشانەوەی پێوە دیارە. چاوەڕوان دەکەم ئەم هەنگاوە پێویست بە شاندێکی دانوستاندن بکات لەگەڵ بەغدا.

بە کورتی لەم کۆمسیۆنە ناهەقی بەرامبەر پێکهاتەکانی تورکمان و کلدوئاشور کراوە، باشتر وایە حیزبەکانی کوردستان هاوکاری ئەو پێکهاتانە بن لە دەرکەوتنیان وەک کیانێکی سەربەخۆ، خاون حیزب و دامەزراوەی سەربەخۆی خۆڕسکبن نەک دروستکرا و داتاشراو.