Print WWW.SBEIY.COM
 لە یادی راپەڕینی ١٩٩١ کەرکوک -١-
مه‌لا فه‌رمان
23/03/2015

بەشی یەکەم
بەڕێز شەهید حەمید ئۆمەرمەندانی
ئەوەی زۆر لە بەرچاومە و لە یادم ناچێت ئەو باڵا کورتەیە، لە رۆشتن و هەڵمەت بردندا بۆ سەر دوژمن ئەوەندەی تر تۆپ ئاسا گوڕی دەدا بە جەستەت. ئەو بەرەبەیانەی لە سەر کەلی (کانی دومەڵانە)وە خانوەکانی گەڕەکی رەحیم ئاوامان دوای ١٠ ساڵ بۆ یەکەم جار بینیەوە و بینیمان جۆن گڕی ئاڕپیجیەکەی دەستی حاجی هەڵمەت و گڕی گولەی هاوڕێکانی بەرە و بارەگای پۆلیس و ئەمن دەچو. جەنابیشت لولەی تەفنگەکەت رو لە دەبابەکەی ناو رەبایەی سەر گردۆلکەکەی خوار کەلەوە کردبو، دەبابە لە ترسی گولەی گڕدار و گرمەی ئارپیجی جگە لە هەڵاتن هیچی بۆ نەکرا، بە هەڵاتنی ئەو و لێرەوە دەرگای چونە ژورەوە بۆ ناو کەرکوک کرایەوە. موخابن جەنابت یەکێ نەبوی لەو رێبوارانەی بە گوڕ بەرە و ناو شار بەریکەوتن. لە سەر ئەو گردۆلکەیە پەیمانی خۆت بۆ کەرکوک و نیشتمان بە جێگەیاند و هەتا هەتا ئاسودە بویت. ئێمەش مەرگ نەیبردینەوە و ماینەوە، درۆزن، گەندەڵ، دز، بوین بە خاوەن کۆشک و تەلار، روزەرد بەرامبەر جوتیارانی لادێ، شەرمەزار لە ئاست شار و خاک و وڵات و جەنابتان، سەروەرمان بمان بورە!

قوربان ئەو گردۆلەکەیەی جەنابت لەسەری گیانت بە کەرکوک بەخشی، کە دەبو بکرایا بە مەزارگە و ناوی جەنابتی لێ بنرایا، تا مێژوی شاری دوەڵەمەندتر بکردیا، موخابن بە چەند دەفتەر دۆلارێک فرۆشرا و چوە گیرفانی حەزیاکانەوە.

ئەزیزم، لەم بارەوە من بە ئەرکی خۆم هەڵساوم. بەر لە تەختکردنی ئەو گردۆلکەیە، تەواوی باڵا و دەست و تفەنگی جەنابتانم هاتەوە یاد، تەلەفۆنم بۆ بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی کەرکوک کرد، بە ناوی تۆوە داوام لێکرد ئەو گردۆلکەیە پیرۆزە و رەنگی خوێنی گرتوە تکایە بیپارێزن. بەڵام بەداخەوە، گردۆلکە، وەک جۆن شۆفڵی بەعسیەکان بێبەزەییانە ٤٥٠٠ گوندی کوردستانیان لە گەڵ زەویدا تەخت کرد، شۆفڵی دزەکانیش بە ئاگاداری و بە هاوبەشی هەندێ لە --- ئەواسای خۆمان ئەو گردۆلکەیان تەخت کرد و کردیان بە... بە بلۆکە...

سەروەرم، شادبە، ئاسودە بە، ئەمە بەشێکی کەمیەتی، کوڕە هەژارەکان، شۆڕشگێڕەکان، خۆت ئاسا بە گیرفانی بەتاڵ بەرگری لە کەرکوک دەکەن و سەرکەوتنی باش تۆمار دەکەن. دڵمان پێیان خۆشە، چاویان لە سەر دوژمنە و تیلی چاویش لەسەر گەندەڵکاران، چاوەڕوان دەکەین  بەسەر دوژمندا زاڵ بن و ئەوانەی گردۆلکەکەی جەنابتیان تەخت کرد بانگ بکەنە بەردەم دادگا.