Print WWW.SBEIY.COM
 پەرلەمان و دەستبردن بۆ کێشەکان
مه‌لا فه‌رمان
08/04/2015

لە خولەکانی پێشودا بەتایبەتی تا ٧/٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی دولەت و شەقکراوی حیزبی بو، تا ئەو رادەیەی مەرسوم و یاساکان لە دو شوێنی جیاوازەوە دەردەچون. کەس ناتوانێت نکۆڵی لەو راستیە بکات کە ئەو قەیرانە جۆراوجۆرانەی ئێستا توشی کوردستان کراوە میراتەی کاری ئەو پەرلەمانە و حکومەتەکەی بوە.

لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ گۆڕانکاریەک بەسەر روخسار و هۆڵ و دانیشتنەکانی پەرلەماندا هاتوە، دەست بۆ زۆر بابەت و کێشەی گرنگ براوە، رۆژ بەرۆژ چاکتر و دیارتر. بەڵام ئەم دەستبردنەش لە ترسی لێکەوتەکانی جۆریک لە شەرمنۆکی پێوەدیارە. تائێستاش کێشە و بەربەستەکان کەڵەکە دەکرێن و دەهێڵدرێنەوە بۆ رۆژانیکی دواتر و نادیار، گەندەڵیەکەن ئاشکرا دەکرێن، بەڵام نەک هەر بواری نوسین و قسە تێپەڕ ناکەن بەڵکە کەڵەکی گەندەڵی لە بەرزبونەوەیە. کەڵەبونێک لە کاتی دەستبردن بۆ بەرژەوەندیەکان و لێک ئاشکرابون مەترسی تەقینەوەی لێدەکرێت. بۆیە بۆ پێشگیری لەو تەقینەوەیە باشتروایە پەرلەمانی کوردستان بە تایبەتی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتو بە پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵک هەوڵی جدی بدەن بۆ رەوانەوەی ئەو مەترسیەی دواڕۆژ بە:

یەکەم:
بەڕاشکاوی بە کەسە باڵاکانی هەردو حیزب بگوترێت:
١- دەستور و سیستەمی حوکمڕانی بۆ دواڕۆژی وڵات و نەوەی دواڕۆژە بۆیە هیج حیزب و کەسێک نابێت لەم پرسە تەنهابەر پێی خۆی ببینێ. "بەڵێ بۆ سیستەمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەماندا".
٢- یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئێستا و دوا رۆژە، بۆ ١٠ ساڵ دەچێت سەۆکایەتی هەرێم و حکومەت یەک سیاسەتی نەگۆڕ بەڕێوەی دەبات، ئەم واقیعەی ئێستا بەرهەمی ئەو سیاسەت و بەرنامەیەیە بۆیە نەک هەر بەپێی یاسا بەڵکە عورفی کۆمەڵاتی کوردیش بێت کاتی گۆڕانکاری هاتوە لەم دامەزراوەیە.

دوەم:
یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی ٢٠١١
یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان - عێراق
مادەی دوەم:
یەکەم: بە گوێرەی ئەم یاسایە، ئەنجومەنێک بە ناوی (ئەنجومەنی ئاسایسی هەرێمی کوردستان) دادەندرێت و بە سەرۆکی هەرێمەوە گرێ دەدرێت و پیکدێت لە:
١- دەزگای ئاسایشی هەرێم.
٢- بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەبازی
٣- ئاژانسی پاراستن و زانیاری
دوەم: ئەنجومەن پلان بۆ سیاسەتێکی یەکگرتوی ئاسایش دادەڕێژێت و رێکی دەخات و هەماهەنگی لە نێوان تێکڕای دەزگاکانی پەیوەندیداردا بەی دەهێنێت.

ئەگەر لە ٤ ساڵی رابردودا بڕوانینە کار و هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەو دەزگا جیاجیا حیزبیانەی لەم دامەزراوەیە کۆکراوەتوە، دەردەکەوێ کە یەکنەخستنەوەی ئەم دەزگایانە چەند خەتەرن و چ چەکێکی گەورەن بۆ ئەو مەترسیەی دواڕۆژ. لەئاست ئەم دامەزراوەیە پەرلەمان دەستەوەستانە و هیچی بۆ ناکرێت، چونکە بە پێی خاڵی یەکەم لەم مادەیە تەنانەت ناتوانێت بۆ لێپرسینەوەش بانگهێشتیان بکات. بۆیە پەرلەمان دەبێت لێرەوە هەنگاوی یەکەم بنێت.

سێهەم:
دامەزراندنی سەندوقی داهاتی نەوت و غاز هەنگاویکی باشە، بەڵام دەبێت ئاگداربن ئەم سەندوقە نەبێتە شوێنی پاشەکەوت (دەخیلەی حکومەت) بۆ حکومەت، بۆ سەرکەوتنی ئەم سەندوقە پێویست دەکات دوبارە دەستکاری پیکهاتەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بەم سەندوقە بکرێت.

چوارەم:
بەرەکانی شەڕ دەری خست کەمکوریەکان چین، هۆکارەکان کێن و لە کوێن، بۆیە پێویست دەکات زۆر راشکاوانە دەست بۆ ئەم پرسە ببردرێت و لەگەڵ کەسە یەکەمەکانی ئەم هەرێمە باس بکرێت. چونکە ئەم پرسە یەکەمین هۆکار و کوشندەترین چەکی ئەو مەترسیەی دواڕۆژە.

پێنجەم:
 پرسی دو موچە و بندیوار
بەڵێ بابەتێکە بونی هەیە هەم لە هەرێم هەم لە بەغدا، لێرەولەوێ وەردەگرێ. پارەیەکی زۆر بەهەدر دەچێت، ئەگەر سەرچاوەی ئەم جۆگەلە بچوکانە وشک بکرێت و ببڕدرێت دەتوانرێت موچەی کابانی ماڵ و هەمو بێکاران دابینبکرێت و وڵات ببوژێندرێتەوە واتە پەیڕەوی سیاسەتی (پارە بۆ بوژانەوەی نیشتمان نەک بۆ گیرفان و ژێرزەمینەکان). بەڵام ئەم هەنگاوە دەبێت لێرەوە بنرێت:
١- بەرپرسە حیزبیەکان فەوج و لیوای سەربازیان بۆچیە؟
٢- رێکخراوە خێرخوازیەکان پارە لە کوێ دێنن؟ چالاکی خۆیان و خێرەومەند یان پارەی حکومەت ئەمەش دەکاتەوە پارە و قوتی خەڵک.
٣- کۆمپانیە حیزبیەکان سەرچاوەی سەرمایەکانیان لە کوێ هێناوە؟

بە کورتی پەرلەمان ئەگەر دەیەوێ هەنگاوی بە کردەوە و جدی بنێ بۆ چاکسازی لە سیستەمی سیاسی هەرێم پێویستە لە سەرچاوە و لە سەرەوە و لە لوتکەوە دەست پێبکات، لە بەر ئەم هۆیانە:
١- بەهەدەردان و گەندەڵی لە لوتکە سەدان بەرامبەری بنەکەیە
٢- گەر پرۆسەکە لە خوارەوە دەست پێبکرێت، کە نزیک لوتکە بوەوە نەک هەر رێگر و کۆسپ بۆ پرۆسەکە دروست دەکرێت بەڵکە خەڵکیشی بە گژدا دەکەن. لەم بارەوە پێویستە وەزارەتی دارایی لە هەمو کەس زیاتر و ژیرانەتر مامەڵە بکات.

(سبەی):
یەكێتی و پارتی لەسەر ئازادكردنی حەیدەر شەشۆ رێكەوتن
ئەمشەو یەكێتی و پارتی رێكەوتن لەسەر ئەوەی كە حەیدەر شەشۆ ئازاد بكەن و هێزەكەشی لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێكبخرێتەوە.

ڕونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

دوای ئەوەی تاقمێك لە دەڤەری شنگال لە هەوڵی دامەزراندنی هێزێك لە دەرەوەی هەمو چوارچێوەی یاسایی و وەزارەتی پێشمەرگە بون، لە سەرەتای مانگی 2ـی ئەمساڵ ئاگادار كران كە ڕێگە نادرێت هیچ هێزێك لە دەرەوەی دەستەڵاتی یاسا دروست بكرێت و دو مانگ مۆڵەتیان پێ درا كە پێویستە هەتا سەرەتای مانگی 4ـی 2015 خۆیان یەكلای بكەنەوە، ئەگەر مەبەستیان بێت كە خزمەتی شنگال و كوردستان بكەن دەتوانن بە شێوەەكی فەرمی لە ڕیزی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری بكەن و ڕێكبخرێن.

كەچی ئەوان سور بون لەسەر هەوڵەكانیان و تەحەددای دەستەڵاتی هەرێمیان دەكرد. لێرەدا ڕایدەگەیێنن بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت هێزی نایاسایی دروست بكرێت و سەرپێچیكارانیش بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

لەبەر ئەوە، حەیدەر شەشۆ بەرپرسی ئەم تاقمە و چەند كەسێكی تر بە شێوەیەكی فەرمی و ئاشكرا دەستگیر كراون و دەدرێنە دادگا. كەسیش شوێنبزر نەكراوە و بە نهێنی دەستگیر نەكراوە.

د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

سایتی ئاوێنە

ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ند ئاماژه‌ده‌دات، جێگای سەرسوڕمان‌و پرسیارە؟ لەبری ئەوەی ئەوانەی شەنگال‌و ناوچەکانی تریان بەدەستەوەدا سزابدرێن کەچی بەرگریکاران لەشەنگال‌و ئێزیدییەکان "دەڕفێنرێن"و بەتاقم‌و دەرچو لەیاسا ناودەبرێن.
تایبه‌ت، ئاوێنه‌: ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی، عه‌تا سه‌راوی به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر یه‌كێتی له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی حه‌یده‌ر شه‌شۆ نه‌یه‌ته‌ده‌نگ، به‌راستی شه‌رمه‌زارییه‌، من داواده‌كه‌م كه‌ ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌سلێمانی زیندانی بكه‌ین تا ئه‌و ئازادده‌كرێت".

ئەم روداوە پێمان دەڵێت:
جگە لە دەسەڵات و حوکم و بڕیار و یاسا و رێکەوتنی حزبی لەم هەرێمە دامەزراوەی خاوەن بڕیار بونیان نیە، هەمو ئەو بەڵێنانەی دراون و دەدرێن بۆ بە دامەزراوەکردنی ئیدارەی ئەم هەرێمە جگە لەوەی هەوڵێکە بۆ سپیکردنەوەی روی کار و بڕیارە حیزبیەکان هیچی تر نیە. بە ناڕاستەوخۆش زەنگێکە بۆ پەرلەمان و هەمو ئەو کەسە دڵسۆزانەی لە بەرنامەیاندایە چاکسازی لە سیستەمی حکومڕانی هەرێم بکەن.