Print WWW.SBEIY.COM
 کەرکوک و چیرۆکەکانی (١٤)
مه‌لا فه‌رمان
25/04/2015

کێشەی موڵکداری
لەم شارە بەرلەوەی کارت بە دائیرەیەک یان بە یەکێکی نەناس بکەوێت، دەبێت لە رێگەی برادەرێک یان ناسیاوێکی باشەوە یان دەستڕۆیەکی جێی متمانە هیمەتێ بکەیت، ئەگینا ئەگەری زۆر هەیە کارەکەت ئەنجام نەدرێت. لە هەندێ لە دائیرەکان بۆ کورد دەستبردن بۆ هەندێ پرس تا ئێستا بڤەیە، خۆ ئەگەر بتەوێ دەستی بۆ ببەی ئەوا جۆرێک لە سەرکێشیکردنی دەوێ. دائیرەی تاپۆ بە نمونە:

دائیرەی تاپۆ
باوکم (خودا لێی خۆشبێت) وەک هاوڵاتیەکی کوردی رەسەنی ئەم شارە خاوەن موڵک بوە، لە باپیرانەوە بۆی ماوەتەوە، تاپۆی رەشی عوسمانی بە ناوی خۆیەوە هەبوە، هەبوە، هەبو، هەبووووو. لە ١٩٨٧ وەک هەمو زەویەکانی کورد لە کەرکوک ئەم زەویانەی باوکم سەندرانەوە و خرانە سەر ناوی وەزارەتی دارایی و بەرگری عێراق، بۆ هەندێ شوێنیش جوتیاری عەرەبی بۆ هێندرا.

چەند پارچەیەک لەم زەویانە تاپۆ کۆنەکەمان لا نەمابو، بۆئەوەی بزانین روبەرەکەی چەند دۆنمە، هەوڵی پێشوەختی خۆمان داو سەردانی تاپۆمان کرد. ئێمە بەنیازبوین لە رێگەی ناوی باوکمەوە زانیاریمان لەسەر زەویەکە دەست کەوێت، بەڵام:
تاپۆ گوتی "بە ناو باوکتانەوە نەماوە، دەبێت ژمارەی زەویەکە بزانن".
ئێمە: دوای حەپەسانێکی کەم، ژمارەی زەویەکە نازانین.
تاپۆ: هەوڵ دەن ژمارەی زەویەکی هاسنوری زەویەکەی خۆتان پەیدا کەن، هەوڵ دەدەم بەو ژمارەیە ئەوەی ئێوە بدۆزمەوە.
بەڵی،  ژمارەی زەویەکانی هاوسنورمان پەیدا کرد، سەیری نەخشەمان کرد ( نەخشە لەسەر کاغەزێکی دڕا و داڕزاو، دەبێت زۆر بە ئاگاییەوە دەستی بۆ بەری، ئەگینا پارچە پارچە دەبێت).
دۆزیمانەوە! لەو تاپۆ کۆنە ناوی تەواوی چواری باوکمی پێوە بو، بە کوڕەکەی منەوە، دەبێتە ناوی شەشی.
ئێمە: قوربان دەتوانی نوسخەیەکمان بۆ کۆپی بکەیت.
تاپۆ: نەخێر قەدەغەیە، ئێستا ئەو زەویانە موڵکی ئێوە نییە. ناکۆکی لەسەرە و هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە.
ئێمە: ئەی نوێنەرەکانمان لە بەغدا لە تەلەفزیۆنەوە نەیان وت ، هەمو زەویەکان گەڕانە وە و کێشەکان چارەسەر کران:
تاپۆ: نەخێر راست نیە، رەنگە ئەوە کاتی هەڵبژاردن بوبێ...، تا ئێستا یەک بەرپرسی کورد سەردانی ئەم دائیرەیەی نەکردوە، لەم دائیرەی نەپرسیوەتەوە و ئەم پرسیارانەی جەنابتیان نەکردوە. ئەم دائیرەیەی ئێمە لە ٢٠٠٦ دامەزراوە و سەر بە وەزارەتی دادی عێراقیە، ئاگادار کراوینەتەوە بە هیچ جۆرێک نابێت یەک پارچە لەم جۆرە کاغەزانە دەرچێتە دەرەوە. تەنانەت پارێزگاری کەرکوکیش ناتواتێت هیچ لە بڕیاری ئێمە بگۆڕێت یان کاریگەری هەبێت، ئێمە سەر بەو وەزارەتەین.
ماڵت ئاوابێت، زۆر مەمنون بۆ هاوکاریەکەت.

بەڵێ، کوردی کەرکوک لێرەوە دەبێت بزانن " لە ٢٠٠٣ وە، ١٢ ساڵە، گفت و بەڵێنی ناڕاستمان پێدەدرێت، لە هەڵبژاردنەکاندا بەهار دێننە چۆک، نوێنەرەکانمان لە کەرکوک لە شاشەکانەوە بەیت و بالۆرە دەڵێن و ئومێد لە سەر مادەی ١٤٠ هەڵدەچنن ". ئەنجامەکانیش:
 بۆ ئێمە = خانوی تەجاوز + هیچ بەدەست
 بۆ ئەوان = موچەی زۆر + دەوڵەمدەنی
بۆ عەرەبی هاوردە= تاپۆی زەویەکان لە گیرفانیانە