Print WWW.SBEIY.COM
 سەرۆک چۆن لادەدرێت؟
مەحمود عەبدوڵا
25/04/2015

"دیاریکردنی پێوانەیەکی دروست بۆ جیاکردنەوەی سیستەمە سیاسیە جۆراوجۆرەکان لەیەکتر لەسەر ئەو پرەنسیپە سەرەکییە دامەزراوە، کە لە کام سیستەمی سیاسیدا دەکرێ حکومەتێکی خراپ و نالایق بەبێ خوێنڕشتن وەلابنرێ." کارل پۆپەر

ئەگەرچی زۆرجار سیاسیەکان و رۆشنبیرانیش، کاتێک رەخنە لە دیموکراسییەتی حیزبەکان دەگیرێت، لەسەر چۆنیەتی هەڵسوکەوتیان لە گەڵ تایبەت مەندییەکانی دیموکراسی، پاساوێکیان هەیە ئەویش ئەوەیە کە دەڵێن: ئێمە هێشتا لەسەرەتاداین و اقیعی کۆمەڵگەی ئێمەوایە و دەبێ هەنگاو بەهەنگاو، قۆناغ قۆناغ، بەرەوپێشەوە بچین، بۆیە ناکرێ کوردستان بەراورد بکەین بەوڵاتانی تر. بەڵام لە هەندێ مەسەلەدا حیساب بۆ ئەم واقیعەی کوردستان ناکرێت، وەک مەسەلەی (سیستەمی سەرۆکایەتی و سیستەمی پەڕ لەمانی) لێرەدا بۆشەرعیەت دان بە رای خۆیان پەنا دەبەنەبەر بەراوردکردنی هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی تر، وەک ئەمەریکا! لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان چاویان ئەم واقیعە نابینێت، کە ئەمەش جۆرێکە لە ئیزدیواجیەت. راستە ئەمەریکا سەرتۆپی وڵاتانی دیموکراتە، بەڵام ئەوەش بەو واتایە نایەت کە مادام ئەمەریکا سیستەمی سەرۆکایەتییە و ئەوا بۆ هەرێمی کوردستانیش گونجاوە، هەروەها رێوشوێنەکانی دیاریکردنی کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا جیاوازە و رەنگە لەگەڵ پێویستی مانەوەی باری هێزداری ئەمەریکا بەم جۆرەی کە هەیە گونجاو بێت، واتا ئەمەریکیەکان ترسیان لە دیکتاتۆریەت نییە؛ بەڵکو بەلای ئەوانەوە گرنگە چۆن ئەمەریکا بە بەهێزی بمێنێتەوە. بەڵام هەمان شت بۆئێمە بە پێجەوانەوەیە، ئێمە هەم ترسمان لە دیکتاتۆری هەیە، هەم ئەم دیکتاتۆریەش بێ هێزمان دەکات زیاتر. لەلایەکی ترەوە بەپێی هەلومەرج و گۆڕانی بارودۆخ، سیستەمی سیاسیش دەگۆڕێت، گۆڕانی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشچونی کۆمەڵگا، داخوازی بۆ سیستەمی سیاسی دەهێنێتەکایەوە، واتا هیچ سیستەمێک جێگیر نییە بۆ هەتا هەتایە، واتا دەبێت خۆمان تەسلیمی واقیع بکەین، بەڵام دەرفەتی گۆڕان لەسیستەمێکەوە بۆ سیستەمێکی تر و ئامرازەکانی ئەم گۆڕانە لەبەر چاوبگرین. بەنمونە ئەگەر سیستەمی سەرۆکایەتی بچەسپێت، کە ئەگەرێکی نزیکە وڵات بەرەو دیکتاتۆری بەرێت، ئەوا یەک بژاردەمان لەبەر دەست دەبێت بۆ گۆڕانکاری ئەویش شۆڕشە. کەواتە ئەگەری بەهێزی رۆیشتن بەرەو دیکتاتۆریەت و بونی یەک ئامراز بۆ گۆڕانکاری، پاساوێکی بەهێزە بۆ رەدکردنەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی، بەلە بەر چاوگرتنی ئەم واقیعەی هەرێمی کوردستان و واقیعی حیزبە سیاسیەکان و بەتایبەتیش (پارتی دیموکراتی کوردستان) کە لە پێشێلکردنی تایبەت مەندییەکانی دیموکراسی پشکی شێری بەردەکەوێت، واتا ئەگەر بڵێین هەمو حیزبە سیاسیەکان نادیموکراتن بەشیوەیەکی رێژەیی، نەک سەد دەر سەد ئەوا رێژەی نادیموکراتی بونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەمویان زیاترە، دەبێت ئەمەش وەک رەخنە لەبەرچاو بگیرێت، نەک وەک دوژمنایەتی بۆ پارتی! چونکە هەر ئەم لۆژیکەی رەخنە وەک دوژمنایەتی دەبینێت تێنە گەیشتنە لە دیموکراسی.

دەستاودەست کردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، کە ئەگەرێکی نزیکە بەچاوی خۆمان بیبینین، ئەگەر سیستەمی پەرلەمانی بێت، ئەمگرێکوێرەش دەکرێتەوە کە سەرۆکی بەدیلی نییە و ئەمەش هەنگاوێ دورکەوتنەوەیە لە دیکتاتۆریەت و شکاندنی ئە و ترسەیە کە هەمانە لە دروست بونی پشێوی لەکاتی گۆڕانی سەرۆکی هەرێم.

سیستەمی پەرلەمانیش دەبێتە فەحسێک بۆ تاقیکردنەوەی نەخۆشی دیکتاتۆری و تاکڕەوی هەر حیزبێک، کە ئێستا کۆمەڵگای ئێمە ترسی لێی هەیە، وەک چۆن یەکێک وەهمی ئەوەی هەیە توشی شێرپەنجە بوبێت، شایەد وانەبێت، جەستەی سیاسی ساغلەم بێت!

راستە لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا خەڵک راستەوخۆ دەنگ دەدات و سەرۆک دیاری دەکات، بەڵام خۆیان دەست بەتاڵ دەبن، کاتێک دەرکەوت سەرۆکەکەیان نالایق و ناشایستەیە و یەک رێگایەن لەبەردەم دەبێت ئەویش شۆڕشکردن واتا گەڕانەوە بۆ خاڵی صفر. دەتوانین بڵێین گرێبەستێکە، کە تیایدا سەرۆک هەست بە بەرپرسیاری ناکات لە بەرامبەر خەڵک، من لێرەدا رەچاوی واقیعی کوردستان دەکەم ئێرە ئەمەریکا نییە.

بەڕەچاوکردنی ئەم واقیعە، دەبێت ئێمە پرسیاری ئەوە بکەین کە چۆن دەسەڵات لە سەرۆک وەردەگرینەوە؟ نەک چۆن سەرۆک دادەنێین؟

کارل پۆپەر دەڵێت: دیاریکردنی پێوانەیەکی دروست بۆ جیاکردنەوەی سیستەمە سیاسیە جۆراوجۆرەکان لەیەکتر لەسەر ئەو پرەنسیپە سەرەکییە دامەزراوە، کە لەکام سیستەمی سیاسیدا دەکرێ حکومەتێکی خراپ و نالایق بەبێ خوێنڕشتن وەلابنرێ، یاخود لەکام سیستەمی سیاسیدا دەتوانین سەرۆکێکی ناشایشتە بەبێ خوێنڕشتن لابدەین و وابکەین بەرەوپێشەوە بچین نەک بگەڕێینەوە خاڵی سەرەتا.

بۆیە بەبڕوای من خاڵی سەرەکی و گرنگ ئەوەیە کە لەکام لەم دوسیستەمەدا دەتوانین بە ئاسانی دەسەڵات لەسەرۆک وەربگرینەوە. ئەگەر چۆنیەتی دانانی سەرۆک بەلای حیزبێکەوە گرنگ بێت، یاخود لە بەرژەوەندی ئەو دابێت بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە پۆستی سەرۆکی هەرێم هی ئەوە، ئەوا بۆ خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندی گشتی چۆنیەتی لادانی سەرۆک گرنگترە.