Print WWW.SBEIY.COM
 کۆنگرەی پەروەردە
مه‌لا فه‌رمان
08/05/2015

(هەلور بەلور تەکامە، زەرد و سور و شەمامە، ئەوە بەرە دەنکە زەڕە، مێخم کوتی مێخ هەڵبەزی، تێکەی راستی ئەوەی گەزی)
خوێندکارێکی زانکۆ لە قۆناغی چوارەم بۆی باس کردم کە زۆرجار لە تاقیکردنەوەکاندا ئەم گوتەیە بە کار دەهێنێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری راست و هەڵە یان هەڵبژاردن، لە ناو خوێندکارە کچەکانیش بە زۆری بەکار دەهیندرێت. ( ئەگەر وەڵامی راست هەندێ جار دەگاتە ٥٠% ).

ئەم گوتارە دەرئەنجامی لیکۆڵینەوەیەکی مەیدانی راستەوخۆیە، رای زۆرێک لە خوێندکاران، مامۆستایان وەرگیراوە، بەراوردێک لەگەڵ ئەوروپا و سیستەمە پەروەردەییەکەی کراوە.

لە سایتەکانی ئەنتەرنێت زۆر بە ئاسانی لە کەرکوکەوە توانیم سەدان نمونەی تاقیکردنەوەکانی ئەوروپا پەیدا بکەم، تاقیکردنەوەی هەمو ساڵەکان بە وەڵام و رونکردنەوەکان و جۆنیەتی هەڵسەنگاندن و نمرە دانان. کەچی هەر لە کەرکوکەوە نەک لە سایتەکان بەڵکە بە چەند پەیوەندیەکی تەلەفۆنیش لە گەڵ وەزارەت و چەند بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی و ئەزمون و تاقیکردنەوەکان نمونەیەکی ساڵانی رابردوشم دەست نەکەوت. یەکێ لەو وەڵامانەی درامەوە، بەم شێوەیە بو " کاکە لە کام وڵات پرسیارەکانی تاقیکردنەوە هی هەر ساڵێک بێت بڵاودەکرێتەوە، دەتوانی بێی سەرمان لێبدەی".
 
لە سەرەتای گوڕینی سیستەمی پەروەردە لە کوردستان زۆر لە شارەزایانی پەروەردە تێبینیان هەبو، رایان وابو ئەم دامەزراوەی پەروەردەیە بەم شێوەیە و بەم سیستەمە پرۆسەی خوێندن و زانست و پەروەردە توشی کارەسات دەکات. بەندە یەکێ بو لەو شارەزایانەی بەڕاشکاوانە باسم لەم بابەتە کردو و چەند بابەت و پرۆژەم لەسەر نوسیوە و بڵاو کردۆتەوە یان ناردومە بۆ وەزارەتی پەروەردە. بڕوانە
http://sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=785&AuthorID=47

ئێستا دوای بە دواداچونی مەیدانی بۆ بابەتەکە دەرکەوت کە سەرەتای کارەساتەکە دەستی پێکردوە و بە رونی دەرکەوتوە. نیشانەکانی بریتین لە:
١- خوێندکار توانای بیرکردنەوە و لێکدانەوەی نیە یان زۆر کەمە
٢- توانای سەربەخۆ کارکردنی نیە
٣- توانای پێکەوە کاردکرن و هاوکاری نیە.
٤- توانای بەستنەوەی تەیۆری بە روداوەکانی ژیانی رۆژانەوە نیە.

نمونەیەک
لە دونیای پێشکەوت و بەم شێوەیە خوێندکار رادێنن ( ئاستی دوا ناوەندی)
شەمەندەفەرێک بە خێرایی ٣٠٠٠ کم/س دەڕوات
بابەت: هێز و جوڵە
چەمک: سەنتەری هێز
راهێنانێک لە لایەن رێکخراوی (ئیکزاکتچوەیل) لە بواری فیزیا بۆ خوێندکارانی قۆناغی دواناوەندی. (حەفتەنامەی تەکنیکی، ٥/٦/٢٠١٤)
 وەک تاقیکردنەوە زانکۆیەکی چینی سکەیەکی داخراوی بازنەیی کە تیرەکەی ١٢ مەترە دروست دەکات، ئەوەندەی بتوانێت بەرگری هەوای لێ کەمدەکاتەوە، لەم بوارە هێزی موگناتیزی بەکار دەهێنێت بۆ جوڵاندنی شەمەندەفەرەکە، ئەم زانکۆیە جەخت دەکاتەوە کە دەتوانرێت خێرایی ئەم شەمەندەفەرە بگاتە ٣٠٠٠ کم/ س ( سێ ٣ هەزار کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا). زانکۆکە دەشڵێت ئەم شەمەندەفەرە بەم خێراییەوە تەنها بۆ بارگوستنەوە بە کار دێت، بە کەڵکی نەفەر گواستنەوە نایەت.

پرسیارەکان:
١- رونی بکەوە کە لە روی فیزیایەوە راست نیە.
وەڵام: خێرایی کاریگەری لەسەر ئەو تەنە نیە (لەش)، لێرە گۆڕانکاریەکە لە خێرایی و لەو هێزەی پێویستە رودەدات نەک لە تەنەکە خۆی.
وا دابنێ نەفەرێ لەم شەمەندەفەرە دانیشتوە، بە خێرایی ٣٠٠٠ کم/س دەڕوات. ( رێژەی نێوان هێزی ماوەی بەسود ( هێزی ناوەندی) و کێشی نەفەرەکە پێی دەگوترێت هاوکۆڵکەی جی)
٢- جی فاکتۆر چەندە
 

هێزی بەرگری هەوا لەم هاوکێشەیە دراوە
 
C نەگۆڕە:
p : چڕی هەوا
v : خێرایی
٣- پێویستە فشاری هەوا بە ڕێژەی سەدی چەند کەمکرێتەوە بۆ ئەوەی لە هەمان بەرگری هەوا بۆ خێرایی ٣٠٠٠ کم/ س ئەگەر ئەم شەمەندەفەرە خیرایی ٢٠٠کم/س بێت لە فشاری ئاسایی هەوادا

واتە ٠،٤٤% فشاری بنەڕەتی هەوا پێویستە بمینێتەوە، کەواتە بە رێژەی ١٠٠ - ٠،٤٤% = ٩٩،٦% فشاری هەوا دابەزێندرێت.
جگە لەم نمونەیە، بە پێویستم زانی وێنەی تاقیکردنەوەیەکی ( وزاری)  ٦ ئامادەیی وڵاتی هۆڵەندا باس بکەم. تەنهاش پێشەکی تاقیکرندەوەکە و ٢ دو لە پرسیارەکان وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی.
تاقیکردنەوەی قۆناغی ئامادەیی ٢٠١٤
چوارشەم، ١٨/٦/ ٢٠١٤ ،
کات : ١٣:٣٠  - ١٦:٣٠  ( ٣ سێ کاژێر)

بابەت : بیرکاری
ئەم تاقیکردنەوەیە بریتیە لە ٢٠ پرسیار لە ١٣ لاپەڕەدا، ٨٠ خاڵی لەسەرە. بەرامبەر هەر پرسیارێک نوسراوە لەسەر چەند خاڵە.

لە هەر پرسیارێک داوای رونکردنەوە یان کردەوەی بیرکاری کرابێت، پێوسیتە بەو شێوەیە وەڵام درابێتەوە، بەبێ ئەم وەڵامە هیج خاڵێک نادرێت.

لە پێویست زیاتر وەڵام مەدەوە. بۆ نمونە ئەگەر لە پرسیارێک داوای ٢ دو هۆی کردبێت و تۆ ٣ هۆکارت نوسیبێت ئەوا دوانی یەکەم سەیردەکرێت و حیساب دەکرێت بە راست یان بە هەڵە. 

 بۆ ئەوەی خوێندکار لە کاری درخکردن و سەرلێشێوان و ترس لە تاقیکردنەوە بپارێزرێت، دەبینن سەرجەم ئەو یاسایانەی پێویستە بۆ شیکردنەوەی پرسیارەکان لە سەر پەڕەی تاقیکردنەوەکە دراوە ( یاسای ئەگەرەکان، لۆگاریتم،  داتاشراوە ..... هتد)، ( ئەم یاسایانە بۆیە دەخرێتە بەر دەست خوێندکار چونکە کاتی خوێنکار لە دائیرەیەک کار دەکات دەتوانێت سەرچاوەکان بەکار بهێنێت نەک لەبەر کردن).

پرسیارەکان:
ویکپیدیا ئەنسکلۆپیدیایەکی ئنتەرنێتی نێودەوڵەتیە، لە ئازاری ٢٠١٢ نزیکەی یەک ملیۆن کۆپی بە زمانی هۆڵەندی تێدا بو. لەم خشتەیەی خوارەوە دراوەکانی لە ٢٠١٢ نوسراوە:


وەک لە خشتەکەدا دەبیندرێت ژمارەی بابەتەکان زۆر لە زیادبوندایە، هەندێ کەس باس لە زۆربونی هێڵی دەکەن و هەندێکی تریش باس لە زۆربونی توانی .
پرسیار : رونی بکەرەوە کام لەم دو بۆچونە راستە. ( ٤ خاڵ)
ماوەیەکی دواتر دەرکەوت ئەم زۆربونە لە زۆربونی بەردەوامدایە: لە ٢٣ هەفتەدا واتە لە ١٩/٤ بۆ ٢٧/ ٩/٢٠١٢ بابەتە هۆڵەندیەکان لە ویکپیدیا گەیشتە ١١٢٠٩٨٧ بابەت.
وادابنێ ژمارەی بابەتەکان لە ١٩ نیسانەوە بە شێوەی توانی زیادی کرد لە دواڕۆژیش بە هەمان ریتمە زیاد دەکات.
٢- ژمارەی بابەتەکان لە ١٩ /٤/٢٠١٤ چەندە. ( ٤ نمرە).
وەڵام
پ١ : ( ٤ نمرە )
* زیادکردنەکە : ١٢٤٦، ١٢٢٢،١٣٠٢ و ١١٥٦  ( ١ نمرە)
* لێکدانەوەی دروستی ئەنجامەکە    ( ١ نمرە )
* کۆڵکەی زۆربون : ١،٠٠١؛ ١،٠٠١، ١،٠٠١  و ١،٠٠١   ( ١ نمرە)
* لێکدانەوەی دروستی ئەنجامەکە ( ١ نمرە )

پێشنیار
پێشنیار دەکەم بۆ وەزارەتی پەروەردە، پسپۆڕانی پەروەردە و کۆنگرەی پەروەردە کە لە بەرنامەدایە لەم مانگە ببەسترێت:
١- جیاوازیەکانی ئاست و مەبەست لەم نمونەیە و تاقیکردنەوەکانی کوردستان دەستنیشان بکەن.
٢- بەدواداچون بۆ ئەو چوار نیشانەیەی سەرەوە بکەن کە نیشانەی دەرکەوتنی کارەساتی پەروەردەن.
٣- خۆبەخشانە هەمو ئامادەییەکم تێدایە بۆ هاوکاریکردن لەم بوارە.

بەڵێ، دڵنیاتان دەکەمەوە دەیان نمونەی زندو لەبەر دەستدان کە دەستپێکی کارەساتی پەروەردە دەسەلمێنن.
بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:
1- http://sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=1025&AuthorID=47
2- http://sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=1015&AuthorID=47
3- http://sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=799&AuthorID=47
4- http://sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=808&AuthorID=47

......................................
لینکی پەیوەندیدار...
١-
Examen VWO 2014
Tijdvak 2
Woensdag 18 juni


٢-
vwo-bijlage-2014