Print WWW.SBEIY.COM
 کەرکوک و چیرۆکەکانی (17)
مه‌لا فه‌رمان
12/05/2015
کۆنگرەی پەروەردە و خوێندنی کوردی لە کەرکوک

گەر بتەوێ لەسیستەمی پەروەردە بگەیت، کێشەکان دەستنیشان بکەیت و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزیتەوە، پێویستە لەبری ئەوەی کۆنگرەی بۆ ببەستی، بە پێنوسێک و پەڕە کاغەزێکەوە رۆژانە خوێندکار، مامۆستا و کەسوکاری خوێندکاران بدوێنی و تێبینیەکان تۆمار بکەیت، بە ئەزمونی وڵاتان ئاشنا بیت و بەردەوام خەریکی نوێکردنەوە بیت.

لە ٢٠١١ کۆمەڵێک خوێندکاری کج و کوڕی کەم دەرامەت، پۆلی ٦ ی ئامادەیی، بەشی ئەدەبی، بۆ وانەی بیرکاری ماوەی ٢٠ رۆژ سەردانیان کردم و وانەی بیرکاریم پێ گوتنەوە. لە بازاڕ وانەی تایبەتی کتێبی بیرکاری دەگاتە نزیکەی هەشت سەد هەزار دینار، لای بەندە بەخۆبەخش. بەڵام دەشبێت ئەوەش بڵێم دوای تەواوبون و دەرچونیان لەتاقیکردنەوە، هەمو بە سەرقەڵەمانەوە سەردانیان کردم و ئێستاش دۆستایەتیمان ماوە.

لەنێویاندا کچە خوێندکارێکی زۆر زیرەک هەبو، لەتاقیکردنەوەی وزاری توانی نمرەیەکی باش بەدەست بهێنێت و لەکۆلێژی یاسا وەرگیرا. دڵی زۆر خۆشبو، پێیوابو لێرەوە خاڵێک دادەنێت و دەچێتە سەر دێڕێکی تازە، ژیانێکی نوێ دەست پێدەکات.

تا قۆناغی سێیەمی زانکۆ بە پلەی زۆر باشە و نایاب پۆلەکانی یەک و دو و سێی بڕیوە. دوای تەواوکردنی پۆلی سێ سەردانی کردم، دیاربو زۆر نارەحەت و بێتاقەت بو، لێم پرسی، گوتی "مامۆستا کاتێ لەزانکۆ وەرگیرام زۆر دڵم خۆشبو، ئێستا خەریکە سارد دەبمەوە لەخوێندن و نەک ئەو ویستەی جارانم نەماوە، بەڵکە خەریکە لەبەر چاوم دەخەن". درێژە بە قسەکانی داو گوتی "بە بەرچاوی من و دەیان خوێندکاری ترەوە بەرپرسانی حیزبی و ئاسایش و خێزانەکانیان بە چەندین پاسەوانەوە دەچنە ژورێکی تایبەت و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە دەخەنە بەردەستیان، لەکاتێکدا بۆ یەک رۆژیش نەمان بینیون بێنە کۆلێج، سبەینێش ئەمانە دادەمەزرێن و ئێمەش دەبین بە کابانی ماڵەوە". بەڵێ ئەم خوێندکارە راستی گوت، لە رادیۆ گوێم لێ بو "عەمیدی پارێزەر ...".

مامۆستایەک بۆی گێڕامەوە "خوێندکارێکم هەیە پۆلی (5) پێنجی بنەڕەتیە، زەوقی خوێندنی نیە، چەند جارێک لەگەڵ کەسوکارەکەیدا قسەمان کردوە، بێسود بوە". رۆژێکیان ئەو خوێندکارە لەپۆلداو بە بەربەچاوی ٣٥ خوێندکارەوە لێی پرسیم " مامۆستا موچەکەت چەندە؟ منیش پێم گوت " رۆڵە تۆ خەریکی دەرسەکەت بە، ئەم جۆرە پرسیارانە باش نیە لەکەسی مەکە، ئەویش گوتی مامۆستا باوکم هیج خوێندەواری نیە و لەقوتابخانەی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەوام دەکات، پلەکەی عەقیدە، خۆی دەڵێت مانگانە  ١٦٠٠٠٠٠ ملیۆن و شەش سەد هەزار وەردەگرم، منیش سبەی وەک باوکم دەبم بە زابت".

ئەم ئێوارەیە دو خوێندکار هاتنە لام بۆ ئەوەی هاوکاریان بکەم لە بیرکاری:
١- کچۆڵەیەکی پۆلی چواری سەرەتایی، نەک پرسیارەکان تێناگات بەڵکە ناتوانێت پرسیارەکانیش بخوێنێتەوە، لەم بارەوە گوتی "مامۆستا ناتوانم بخوێنمەوە!".
٢- کوڕە خوێندکارێکی پۆلی ٨ بنەڕەتی لە باسکردنی پرسیارەکان، تەنها پرسیاری لەو پرسیارانە دەکرد کە تەنها هاوکێشەی س و ص و هیچ پەیوەندیەکی بە کەرەستەکانی بەردەستی رۆژانەوە نەبو، کاتێ لێم پرسی، گوتی " لە پۆلدا تەنها ئەم جۆرە پرسیارانە دەخوێنین، هەمو ئەوانەی تۆ باسی دەکەیت لە پۆلدا پەراوێزی دەخەین و نایخوێنین". پاشان لێم پرسی " بۆچی س و ص ، س٢ و ص٢  دەخوێنن، مانایان چیە ؟ ". تەقەی سەری دەهات، چونکە بۆی باس نەکراوە!

بەڵێ، ئەمانەن بەشێکی تری نیشانەکانی دەرکەوتنی دەستپێکی کارەساتی پەروەردە لەم هەرێمە بچکۆلەیەی ئێمە!. لەکەرکوک بەهۆی ئەوەی بەرنامەی خوێندنی کوردی هەمان بەرنامەی هەرێمی کوردستانە بۆیە تاو لەرزی پەروەردە ئێرەشی گرتۆتەوە.

بۆ زانیاری زیاتر، کلیک لێرە بکە..