Print
 به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌!!!
Tuesday, February 15, 2011

به‌ڵگه‌نامه‌کانی گه‌نده‌ڵی بۆ به‌رچاوی ســه‌رۆکـــــــــی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حکومه‌ت و داواکاری گشتی
رۆژنامە:
به‌پێی به‌ڵگه‌یه‌ک... زیاتر لە (760) دۆنم زەوی لەسەر که‌ناڵی كوردسات و یەكێتی و (7) كەسی دیكە تاپۆ دەكرێت
(760) دۆنم زەوی لە كەرتی (1)ی مەڵكەندی- دەباشان لەسەر كەناڵی كوردسات و یەكێتی نیشتمانی و حەوت كەسی دیكە تاپۆ دەكرێت، جگە لە میوانخانەكەی جەلال تاڵەبانی و كوردسات، ژمارەیەك كەسی دیكەش لێی سودمەند دەبن.  

بەپێی ئەو دۆكیۆمێنتەی دەست رۆژنامە كەوتوە؛ كە (صوره قید)ی زەوی ژمارە (144/1)ی كەرتی (1)ی مەڵكەندی - دەباشانە، (760) دۆنم و (7) ئۆلكو (98.51) مەتر دوجایە لەسەر كوردسات و یەكێتی و حەوت كەسی دیكە تاپۆ كراوە، بە سەهم و بەشی جیاواز بەسەریاندا دابەشكراوە، بەمشێوەیە:
که‌ناڵی كوردسات (950399) مەتر، یەكێتی نیشتمانی (میوانخانەی تاڵەبانی لە دەباشان) (782899) مەتر و عەبدوللەتیف جەمال رەشید، ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی و وەزیری پێشوی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق، (75000)مەتر، رەزا فەرەج ساڵح، (25000)مەتر، سەیران سلێمان محەمەد، (37500) مەتر. نەجمەدین قادر نەجیب، (12500)، ئاواز محەمەد صابر قادر، (7500) مەتر. چنار تۆفیق فارس، (5000) مەتر، هیوا محەمەد رەئوف، (25000) مەتر زەوییان بەركەوتوە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە كە ژمارەكەی (250)یە و لە مانگی ئابی ساڵی (2009) دەرهێنراوە، پشت بەستوە بە سورەت قەیدێكی پێشوتر ژمارە (67ی كانونی یەكەمی (2008ی بەڕێوەبەرێتی تۆماركردنی خانوبەرەی سلێمانی و زەوییەكی بەكار نەهاتو بوە پێشتر لەسەر یەكێتی و كوردستان و ئەو حەوت كەسەی دیكە تاپۆكراوە، هەر یەكەو بە شێوەی سەهم بەشێكی زەوییەكەی پێدراوە.

بە داهاتی گشتی، یەكێتی تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە
بڕی چوار ملیۆن دۆلاری لە داهاتی گشتیی بۆ كڕینی دەمانچەو دابەشكردنی لە كەمپەینی هەڵبژاردنی رابردو بەكارهێناوە.

بەڵگەنامەكان ئاشكرای دەكەن، بەرهەم ساڵح، پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی بۆ بەرژەوەندی حیزبەكەی بەكارهێناوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، چاودێرانیش جەخت له‌وه دەكەنەوە؛ شەرعیەتی كورسییەكانی ئەو هێزانە لەژێر پرسیاردایە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانە دەركەوتوە لەسەر بودجەی گشتیی هەرێمی كوردستان و تەنیا لە دۆكیۆمێنتێكدا بڕی (چوار ملیۆن و 157 هەزار و 500) دۆلار بۆ كڕێنی (10) هەزار دەمانچە تەرخانكراوە و تەواوی ئەو چەكانەش لە كەمپەینی هەڵبژاردنی (25/7/2009)دا بۆ كڕینی دەنگ بەسەر لایەگرانی یەكێتیدا دابەشكراوە.  

مامەڵەی ئەو كاربەردەستە دەوڵەتییەی كورد لە عێراق، پێچەوانەی زۆربەی یاسا كارپێكراوەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانە، بە تایبەت دژی یاسای گشتی دارایی عێراق، یاسای چەك لە عێراق و هەرێم، یاسای ئەحزابی هەرێم، یاسای ژمارەی (1)ی ساڵی (1992)ی پەرلەمانی كوردستان و یاسا و رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقە.
بە نوسراوی ژمارە (1304) دەرچو لە 8/9/2008، بەرهەم ساڵح، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە حكومەتی عێراقی كردوە، رێگە بە حكومەتی هەرێم بدەن بە كڕینی ژمارەیەك دەمانچە، دواتر بە ئیمزای (عدنان هادی الاسدی) بریكاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، كە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی عێراقی كراوە، رەزامەندیی نیشانداوە بە كڕێنی (10) هەزار دەمانچە، كە لە لیستێكی (6) جۆریدا هاوپێچكراوە.

بە گوێرەی نوسراوی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی-لقی سلێمانی، حكومەتی هەرێم لە مانگی (4/2009) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (HS Produkt)ی كرواتی كردوە بۆ دەستەبەركردنی ئەو ژمارە دەمانچەیە و بەپێی ئەو نوسراوە دوای وەرگرتنی دەمانچەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، پارەی تەواو خراوەتە بانكی حسابی كۆمپانیا كرواتییەكەوە.

زانیارییەكانیش ئەوە پشڕاستدەكەنەوە؛ چەند رۆژێك پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەمانچەكان گەیشوەتە هەرێم و لە رێگەی بارەگا و سەركردە حیزبییەكانی یەكێتییەوە بە ئامانجی دەنگ كڕین دابەشكراون.

لەو بارەیەوە، بورهان رەشید، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، وتی: "بەپێی یاسای دارایی گشتی عێراقی، پێویستە پارەی گشتی بۆ خزمەتی گشتی بەكاربهێنرێت، ئەوەی بۆ خزمەتی حیزبی بەكارهاتوە، نایاساییە و دەكرێت دەستەی چاودێری دارایی عێراق و دەستەی نەزاهە و لیژنەی نەزاهە لە ئەنجومەنی نوێنەران سكاڵا لەسەر ئەو بەرپرسە تۆمار بكەن".

مامەڵەكردن بە چەك و گواستنەوە و دەستاودەستكردنی، ئەگەر بۆ كاروباری گشتی نەبێت، بەپێی مادەی (21)ی یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (1993)، چەك لە هەرێمدا قەدەغەیە و لێپرسینەوەی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی ئەوەشی رونكردەوە؛ ئەگەر لەكاتی هەڵبژاردنەكان ئەو مخالەفە یاساییەی یەكێتی ئاشكرا بكرایە، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبو، لە چوارچێوەی یاساكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش ئەو لادانە یاساییە سزای بێبەشكردنی ئەو هێزەی لە هەڵبژاردنەكان دەگرتەوە.

لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لایەنە بەرهەڵستكارەكانی پارتی و یەكێتی، جەختیان لەسەر خروقاتەكانی ئەو هێزانە و بەكارهێنانی پۆستە حكومەتییەكان بە قازانجی هێزی سیاسی خۆیان دەكردەوە، هەروەك بەڕێوەبەری پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت: "ئەو بەڵگەنامانە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دەخاتە ژێر پرسیارەوە".

ئارام جەمال، بە رۆژنامەی راگەیاند: «لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا دەوترا دەمانچە دابەش دەكرێت، بەڵام بەڵگە نەبو، ئێستا بەڵگە هەیە و كاتێكی زۆر بەسەر هەڵبژاردنەكاندا تێپەڕیوە، بۆیە كاریگەری ئەو حاڵەتە تەنیا لەسەر سومعەی سیاسی و لایەنی مەعنەوی ئەو حیزبانە دەكەوێت».

لای خۆشیەوە، بەكر حەمەسدیق، یاساناس و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رونیكردەوە، بودجەی گشتی بۆ خزمەتی گشتییە و نابێت هیچ حیزبێكی دیاریكراو بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاریبهێنێت، ئەگەر حاڵەتێكی لەو شێوەیه بە بەڵگەوە ئاشكرا بكرێت، بێگومان دەتوانرێت لە رێگەی داواكاری گشتییەوە سكاڵا لەسەر ئەو كەس و لایەنانە تۆمار بكرێت و لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت.

ئەندامەكەی یەكگرتوی ئیسلامیی، وتیشی: «لە شەڕی هەڵبژاردنەكان و پەنابردنە بەر ماڵی گشتی بۆ كێبڕكێی سیاسی لایەنەكان، بابەتێكە پێویستە لێپێچینەوەی یاسایی لەبارەوە بكرێت».

جگە لە سەرپێچییە یاساییەكان، راستییەكانی پشت بەڵگەنامەكان لە چەكداركردنی خەڵك و دابەشكردنی چەك بەسەر هاوڵاتییاندا بە حاڵەتێكی نەخوزراو وەسف دەكرێت، كە نەگونجاوە لەگەڵ بنەماكانی هەڵبژاردنێكی تەندروست لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی.

هاوپەیوەند، ئارام جەمال، وتی: «بەدەر لە نایاسایبونی بەكارهێنانی پۆستی گشتی بۆ بەرژەوەندی حیزبی، لەوەش ناشیرنتر ئەوەیە لەو حاڵەتە پەنا براوەتە بەر دابەشكردنی دەمانچە».

لەبارەی نیەتی حكومەتی عێراقی لە دابینكردنی نزیكەی (پێنج ملیۆن) دۆلارە بۆ پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە، وەك هێزەكانی پاسەوانی هەرێم، بورهان رەشید، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگەیە رایگەیاند: «ئەو (10) هەزار دەمانچەیە هێزی پێشمەرگە لێی سودمەند نەبوە، بەڵكو بەسەر چەند كەسێكی مەبەستدار لە هەڵبژاردنەكاندا دابەشكراوە».

ئاشكراكردنی ئەم بەڵگەنامەیە، نمونەیەكی زۆر بچوكە لە تێكڕای ئەو حاڵەتانەی كە پۆست و ماڵ و موڵكی دەوڵەت بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم بەكاردێت، هاوكات ئەو راستییەش دەردەخات ئەو پەیامەی میدیا راست بوە لە رەخنەكردنی بەرپرسەكانی كورد لە بەغدا، كە زیاتر لە خەمی حیزبەكانیانن و كەمتر لە خەمی خەڵكو مەسەلە نەتەوەییەكانن.

ئەندامەكەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەو دۆكیۆمێنتانە به نیشانەیەك دەزانێت لە نامەشروعیەتی كورسییەكانی هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم و دەڵێت: «بەپێی یاساكان وجود و كورسییەكانی ئەوان لە پەرلەمانی كوردستان نامەشروعە».

عومەر فەتاح لە (10) رۆژدا، (420) دۆنم زەوی لەسەر یانەی پێشمەرگە تاپۆ دەكات
بەدەر لە یاساو رێنماییەكان... یانەی پێشمەرگە، زەوییەكانی دەداتە بازرگانان

نزیكەی (430) دۆنم زەوی و میوانخانە و سەیرانگایەك و چەندین پارچە زەوی گرنبەها لە سلێمانی و پیرەمەگرون و سەرچنار، لەسەر یانەی وەرزشی پێشمەرگە تۆمار دەكرێن و یانەكەش بەشێكی زەوییەكانی، بێبەرامبەر دەداتە خەڵك تا بیكەنە پرۆژەی بازرگانی و یه‌که‌ی نیشته‌جێبون. 

بەماوەیەك پێش یەكگرتنەوەی هەردو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر و لە ساڵی (2005)دا، بەچەند بڕیارێكی جیاواز، عومەر فەتاح، سەرۆكی پێشوی حكومەتی ئیدارەی سلێمانی، چەندین پارچە زەوی لەسەر یانەی پێشمەرگە تاپۆكردوە.

بەپێی ئەو دۆكیۆمێنتانەی دەست رۆژنامە كەوتون، بە ئیمزای سەرۆكی پێشوی حكومەتی ئیدارەی سلێمانی. دەیان دۆنم و سەدان پارچە زەوی لەسەر یانەی وەرزشی پێشمەرگە تاپۆكراوە، كە شێخ جەعفەر شێخ مسته‌فا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) سەرۆكیەتی، بەجۆرێك كە لەماوەی تەنیا (10)رۆژدا، (420) دۆنم و بەچەند بڕیارێكی جیاوازیش (5) دۆنم زەوی لە پیرەمەگرون و میوانخانەی سەیرانی گەشتیاری لەسەر یانەی وەرزشی پێشمەرگە تاپۆكراوە و دواتریش یانەی پێشمەرگە، نزیكەی (1000) مەتر لە زەوییەكە دەداتە كەسێك بەبێ هیچ بەرامبەرێك بۆ دروستكردنی پرۆژەی بازرگانی.

پارێزەر ئاكار محەمەد شارەزای یاسایی پێیوایە ئەو هەڵمەتەی لەوكاتەدا كراوە پێش یەكگرتنەوەی هەردو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر، بەشێوەیەكی خراپ مامەڵەی لەگەڵدا كراوەو پێچەوانەی یاسایە و بۆ ئەو مەبەستەی كە پێویست بوە بەكارنەهاتوە، وتیشی: «لەسەردەمی كابینەی پێشوی سلێمانی بە روبەری زۆر زەوییە باشەكانی سلێمانی تۆماركراون لەسەر كەسانی حیزبیی، بە رادەیەك پێش یەكگرتنەوەی هەردو ئیدارەكە ئەو زەوییانە پاكتاوكراون و هەموی تەخشان و پەخشان كراون. ئەوەش حاڵەتێكی نایاساییە و دەبێت رێگریی لێبكرێت».

میوانخانەیەكی وەزارەتی پیشەسازیی بۆ یانه‌ی پێشمه‌رگه
بەپێی بڕیاری ژمارە (2) لە (5)ی كانونی دوەمی ساڵی (2005)داو پشتبەستن بە بڕیارێكی پێشوتری خۆیان لە (30/9/2003)، میوانخانەی سەیران لە سەرچنار، بـــەناوی (یانەی وەرزشی پێشمەرگە)وە تەملیككراوە لەسەر زەوی ژمارە (12/2) كەرتی (8)ی ئابڵاخ، كە روبەرەكەی (1)دۆنم و (4) ئۆلكو (68.69)مەتر دوجایە و بڕیارەكەش ئیمزای عومەر فەتاح، سەرۆكی پێشوی حكومەتی ئیدارەی سلێمانی لەسەرە.

بەمانگێك دوای دەرچونی بڕیارەكە، سەرجەم مامەڵەكانی زەوییەكە یەكلاییكراوەتەوەو لە (9/2/2005) (صــــــوره قــــیـــد)ی میوانخانەكە بەناوی یانەی پێشمەرگەوە كراوەو لەسەریان تاپۆكراوە.

پێش دەرچونی بڕیارەكەش، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە نوسراوی ژمارە (2255)لە (28/1/2004) داوای لە ئەنجومەنی وەزیران كردوە كە میوانخانەی سەیران بگەڕێنرێتەوە بۆ وەزارەتی پیشەسازی و وزەو چۆڵبكرێت لەلایەن ئاوارە و هاوڵاتییانەوە و قەرەبوی ئەو خێزانانە بكرێت كە نیشتەجێی ئەو میوانخانەیەن، كە ژمارەیان (19) خێزان بوە.

دواتریش حكومەت قەرەبوی ئەو خێزانانەی كردوه‌تەوە هەریەكە و بڕی (3000) دۆلاری پێداون. لە بری گەڕانەوەی سەیرانگاكە بۆ وەزارەتی پیشەسازیی. ئەنجومەنی وەزیرانی ئیدارەی سلێمانی، بڕیار دەدات كە میوانخانەكە لەسەر یانەی وەرزشی پێشمەرگە تاپۆبكات بەدەر لە یاساو رێنماییەكان و دواتریش بێئاگاداری ئیدارە و ئەندامانی یانەكەش میوانخانەكە روخێنراوە و ئێستا دەكرێتە پرۆژەیەكی بازرگانی.

بەچەند رۆژێكی كەم دوای دەرچونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانیش، بڕیارەكە ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پیشەسازی و تۆماركردنی خانوبەرەی سلێمانی كراوە بۆ جێبه‌جێكردن و تەملیككردنی میوانخانەكە لەسەر یانەی وەرزشی پێشمەرگە.

(420) دۆنم زەوی دیكە بۆ یانەی پێشمەرگە
حەوت مانگ دوای بڕیاری یەكەمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تەملیككردنی میوانخانەیەك، بە بڕیاری ژمارە (416) لە (10/7/2005)و بە ئیمزای عومەر فەتاح، سەرۆكی ئیدارەی پێشوی سلێمانی، (48) دۆنم زەوی كــە مــــوڵكی ژمارە (29/79)ی كەرتی (7)ی ئاوبارەیە لەسەر (یانەی وەرزشی پێشمەرگە) تاپۆ دەكرێت، كە پێشتر موڵكی وەزارەتی پیشەسازی و وزە بوەو هەردو وەزارەتی پیشەسازی و وه‌زاره‌تی دادیش پابەند دەكرێن بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەوە.

لەماوەی (15) رۆژ دوای دەرچونی بڕیارەكە، لە بەڕێوەبەرێتیی تۆماركردنی خانوبەرەی سلێمانی (صوره قید)ی ئەو موڵكانە تەواو كراوەو تاپۆكراوە لەسەر یانەی وەرزشی پێشمەرگە و بەوەش دەردەكەوێت كە بەزوترین كات دوای دەرچونی بڕیارەكە، سەرجەم مامەڵەكان كراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامە كەوتون، ئێستا كار لە زەوییەكەدا دەكرێت بۆ ئەوەی لە پرۆژەیەكی بواری وەبەرهێناندا لە رێگهی چەند كۆمپانیایەكەوە بكرێتە یەكەی نیشتەجێبون و بەخەڵك بفرۆشرێتەوە.

تەنیا (10) رۆژ دوای تاپۆكردنی (48)دۆنم زەوی بەناوی یانەی وەرزشی پێشمەرگەوە، جارێكی دیكە (372)دۆنمی دیكە لەهەمان ناوچە و بە بڕیارێكی دیكە لەسەر هەمان یانە تاپۆ دەكرێتەوە.

بە بڕیاری ژمارە (428) كە لە (20/7/2005) دەرچوە و بڕیاردراوە بە تەملیككردنی پارچە زەوی ژمارە (80/29) كـــەرتـــی (7)ی ئاوبارە بەناوی (یانەی وەرزشی پێشمەرگە)، كە روبەرەكەی (372) دۆنمو (24) ئۆلكو (90.8) مەتردوجایە و موڵكی وەزارەتی پیشەسازی و وزەیە و بەهەمان شێوەش بڕیارەكە، ئیمزای عومەر فەتاح، سەرۆكی حكومەتی ئیدارەی سلێمانی لەسەرە.

بەهەمان شێوەی پارچە زەوییەكانی دیكە و لەماوەی (15)رۆژدا، سەرجەم مامەڵەكانی ئەم (372) دۆنمە لە تاپۆو شارەوانی تەواوكراوە و زەوییەكە کراوه بەناوی وەزارەتی پێشمەرگەوە.

لەئێستاشدا بە نوسراو پشتگیری سەرۆكی یانەی پێشمەرگە كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، ئەو زەوییە دابەشكراوە بەسەر چەند كەسێكی حیزبی و نزیكی بەرپرساندا و تەنیا ژمارەی زەوییەكەیان پێدراوە و هەندێكیشیان مامەڵەیان پێوە دەكرێت.

سەرجەم ئەو پارچە زەوییانە كە لەسەر یانەی وەرزشی پێشمەرگە تۆماركراون، دەكەونە تەنیشت و پشتی كارگەی شەكرەكەی سلێمانییەوە و زەوی گرنگ و گرانبەهای پیشەسازین و پێشتر موڵكی وەزارەتی پیشەسازی و وزە بون و بڕیاربوە ژمارەیەك پرۆژەی پیشەسازییان تێدا ئەنجامبدرێت، هەروەك لەدەورەبەری ئەو پارچە زەوییانە ئێستا ژمارەیەكی زۆر كارگەی جۆراو جۆر دامەزراون.

سەبارەت بە بەكارنەهێنانی ئەو زەوییانە بە پێچەوانەی ئەو مەبەستەی بۆی تەرخانكراوە، ئاكار محەمەدی پارێزەر وتی: «ئەو زەوییانە سەرجەمیان بەناوی دروستكردنی كۆمەڵگە و یاریگای وەرزشی دابەشكراون، بەڵام زۆربەی بەپێچەوانەی ئەو مەبەستەی بۆی تەرخانكراوە، بەكارهاتوە. بەپێی یاساش پێویستە ئەو زەوییانە لەلایەن حكومەتەوە وەربگیرێنەوە. چونكە یانەی پێشمەرگە كۆمەڵگەی وەرزشی لەسەر دروست نەكردوە، بۆ مەبەستی بازرگانیی بەكارهاتوە».

زەوی لە پیرەمەگرون بۆ یانەی پێشمەرگە
دوای وەرگرتنی ئەو هەمو پارچە زەوییە، یانەی وەرزشی پێشمەرگە داوای زەوی زیاتری كردوە و بەڕێوەبەرێتی گشتیی شارەوانییەكانیش زەوییەكی (5000) مەتریی لە پیرەمەگرون دەداتێ.

بەنوسراوی ژمارە (192) لە (19/2/2009)، شێخ جەعفەر شێخ مستەفای سەرۆكی یانەی وەرزشی پێشمەرگە، داوا لە بەڕێوەبەرێتی گشتی شارەوانییەكان دەكات بە دابینكردنی پارچە زەوییەك، كە روبەرەكەی لە (5)دۆنم زەوی كەمتر نەبێت بۆ دروستكردنی كۆمەڵگایەكی وەرزشیی بۆ یانەكەیان.

(5) رۆژ دوای داواكارییەكەی یانەكە، بەڕێوەبەرێتی شارەوانییەكان داوا لە بەشی یاسا دەكەن، كە داوا لە شارەوانی پیرەمەگرون بكەن، كە ئەگەر شوێنی گونجاویان هەیە لەسەر نەخشە دیاری بكەن و تۆمارەكەیان بۆ بنێرن، راستەوخۆ هەمان رۆژ بە ئیمزای خالید حسێن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكان، نوسراو ئاراستەی شارەوانی پیرەمەگرون دەكەن بۆ هەمان مەبەست.

شارەوانیی پیرەمەگرون، هەر رۆژێك دوای ئەوەو لە (25/2/2009) (صـــــورهقـــــیــد)ی زەوییەك دەردەهێنن و دواتریش نەخشەی بنەڕەتی شارۆچكەكە ئامادەدەكەن و بە نوسراوی (532) لە (24/3/2009) وەڵامی بەڕێوەبەرێتی شارەوانییەكان دەدەنەوە و رەزامەندی نیشاندەدەن بەتەرخانكردنی بەشێك لە موڵكی (7522/5) موقاتەعەی (5)ی سوسێ، كە روبەرەكە (100x50) (5000م2) بۆ یانەی وەرزشی پێشمەرگە و نەخشەی بنەڕەتی و تۆماری زەوییەكەشیان بۆ دەنێرن.

یانەی پێشمەرگە زەوییەكانی دەداتە بازرگانان
دوای تەرخانكردنی ئەو هەمو موڵك و زەوییانە لەلایەن حكومەتەوە بۆ یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە ناوی دروستكردنی یاریگا و كۆمەڵگای وەرزشییەوە، لەبەرامبەردا یانەی پێشمەرگە، زەوییەكانی بێبەرامبەر دەداتە بازرگانان بۆ دروستكردنی پرۆژەی بازرگانی.

بە نوسراوی ژمارە (232) لە رۆژی (2/3/2009) كە ئیمزای شێخ جەعفەر شێخ مستەفای سەرۆكی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی لەسەرەو ئاڕاستەی بەڕێوەبەرێتی تۆماركردنی خانوبەرەی سلێمانی كردوە، ئاگاداریان دەكاتەوە كە موڵكی ژمارە (110/482) موقاتەعەی (35)ی كانی سپیكە كە روبەرەكەی (877)مەترو (22،5) سم2، تۆماركراوە بەناوی (كاظم مصطفی‌ پیرداود) بەبێ هیچ بەدەلێك، بەوپێیەی لەسەر بودجەی خۆی پرۆژەی بازرگانی لەسەر دروست دەكات.

هەروەك داوا لە بەڕێوەبەرێتی تۆماری خانوبەرەی سلێمانی دەكەن، هێمای بارمتە (حجز)ی بخەنە سەر، تا پرۆژە بازرگانییەكەی تەواو دەكات.

دوای ئاشكرابونی ئەو بەڵگانە و بەڵگەكانی پێشوش ئەو پارێزەرە بەپێویستی دەزانێت: «داواكاری گشتی هەڵوێستی جدی بنوێنێت و بەناوی كۆمەڵگاوە سكاڵا لەسەر ئەو بڕیارانەی سەرۆكی پێشوی حكومەتی ئیدارەی سلێمانی تۆماربكات. بۆ گەڕاندنەوەی ئەو زەوییانە، تاوەكو سودی لێببینرێت بۆ پرۆژەی دیكەی گرنگ لە ژیان و پێداویستی خەڵك بەكاریبهێنێت».

Sbeiy.com © 2007