Print
 
 ئاراسته‌ی‌ كه‌شتییه‌كه‌
نوسه‌ر:  عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی‌
Thursday, June 27, 2013

هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ بارودۆخێكی‌ زۆر جیاوازدایه‌ به‌به‌راورد به‌ دوێنێیه‌كی‌ نزیك، به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هۆكاره‌كه‌ش هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌ تایبه‌ت‌ و هاوكێشه‌ هه‌رێمی ‌‌و جیهانییه‌كانی‌ ده‌وروبه‌رمانه‌، واته‌ هێنده‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ هه‌وا له‌ قازانجی‌ ئێمه‌ی‌ كورد له‌ 20 ساڵی ‌رابردودا جوڵێنه‌ری‌ كه‌شتییه‌كه‌ بوه‌ ‌و هه‌لی‌ زێڕین ‌و ئاستی‌ باشی پێبه‌خشیوین، هێنده‌ "كاپتنه‌كان"ی‌ كه‌شتییه‌كه‌ رۆڵیان نه‌بوه‌ له‌ ئاراسته‌كردنیدا به‌رێگایه‌كی‌ دروست، رێگه‌یه‌ك له‌و ئامانجانه‌ نزیكمانكاته‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ بونه‌ته‌ خه‌ونی‌ هه‌مو كوردێك.

ئه‌نجامگیریی‌ ئه‌م په‌ڕه‌گرافه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ش له ‌ره‌شبینییه‌وه‌ نییه‌ بۆ كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كان ‌و سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردودا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد دێـته‌ ئه‌ژمار و خۆی‌ ته‌نها له‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ كه‌مدا ده‌بینێـته‌وه‌، هه‌میشه‌ به‌ڵگه‌گه‌لێك ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر ئانوساتێكدا ده‌ستمان له‌سه‌ر دڵمان بێت، له‌وه‌ی‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ بۆ دواوه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه ‌و نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ خاڵی‌ سه‌ره‌تا.

هه‌ر وێستگه‌یه‌ك كه‌ پیایدا تێده‌په‌ڕین پێمانده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی ‌ره‌شمه‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ هێشتا وانه‌یان له‌ ئه‌زمونه‌كان وه‌رنه‌گرتوه‌، وانه‌یان نه‌ له‌ مێژوی‌ میرنشینه‌كانی‌ كورد ‌و نه‌ له‌مێژوی‌ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر، ئه‌وه‌تا بۆ هه‌ر وێستگه‌یه‌كی‌ ژیانی‌ سیاسیمان به‌ كێشمه‌كێشێكی‌ توندا تێده‌په‌ڕێت، كه‌ بارودۆخه‌كه‌ هی‌ ئه‌و كێشمه‌كێشه‌ نییه ‌و كوردستانه‌كه‌مان هێشتا ماویه‌تی‌  تا به‌مجۆره‌ دڵڕه‌قانه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكرێت، سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كوردیش نه‌وه‌ك له‌كاتی‌ كێشه‌وقه‌یرانه‌كاندا كه‌ ده‌رئه‌نجامی‌ سیاسه‌تی‌ هه‌ڵه‌ی‌ خۆیه‌تی‌ به‌دوای‌ چاره‌سه‌ردا ناگه‌ڕێت، به‌ڵكو به‌ ئاشكرا هه‌ستده‌كرێت سیاسه‌تی‌ دروستكردنی‌ قه‌یرانی‌ نوێ‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ی‌ قه‌یرانه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كان، له‌مه‌شدا سڵ له‌ دروستكردنی‌ هیچ قه‌یرانێكی‌ ده‌ره‌كی ‌‌و ناوخۆیی‌ ناكه‌نه‌وه‌، وه‌ك له‌ 17ی‌ شوباته‌وه‌ به‌رونی‌ ده‌یبینین، تازه‌ترین قه‌یرانیش ده‌نگوباسی‌ گه‌رمی‌ ته‌زویری‌ ده‌نگ‌ و ده‌ستكاری‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌.

ئه‌براهام لینكۆڵنی‌ سه‌رۆكی‌ شانزه‌هه‌می‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مەریكا، وته‌یه‌كی‌ به‌ناوبانگی‌ هه‌یه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌، ئه‌براهام ده‌ڵێت: "من به‌ هێواشی‌ ده‌ڕۆم، به‌ڵام هه‌رگیز نابینن یه‌ك هه‌نگاو بۆ دواوه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌"، بریا سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد ته‌نها گره‌نتی‌ ئه‌وه‌یان بكردایه‌ كه‌ ئه‌وان نایانه‌وێت بمانگێڕنه‌وه‌ بۆ دواوه‌‌ و ئیتر قبوڵی‌ گه‌مه‌ی‌ دیموكراسی‌ ده‌كه‌ن ‌و ئاماده‌ی‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتن‌ و به‌دوای‌ هه‌نگاوی‌ سه‌ركرده‌ عه‌ره‌بییه‌كان ناكه‌ون، كه‌ ده‌رئه‌نجامی‌ وڵاته‌كانیان به‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ گه‌یاند.
 
كێشه‌كه‌ش ته‌نها له‌وه‌دایه‌ ئایا دو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ كوردستان ئاماده‌ن ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كانیان ئاڵوگۆڕكه‌ن له‌كاتی‌ دۆڕانیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا؟ یاخود ته‌نانه‌ت له‌ناو خودی‌ خۆشیاندا هێشتا باوه‌ڕیان به‌م چه‌مكه‌ نییه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌مه‌ قبوڵكه‌ن ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ سه‌روه‌رییه‌ك بۆ خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن، ده‌بنه‌ گره‌نتی‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و گه‌له‌ی‌ زۆر ده‌مێكه‌ چاوی‌ له‌ ئاینده‌ و سه‌ربه‌رزكردنه‌وه‌یه‌ له‌ناو گه‌لانی‌ جیهاندا، ئه‌گه‌رنا خوا ئه‌و رۆژه‌نه‌كات نه‌وه‌ك كه‌شتییه‌كه‌مان به‌هێواشی‌ رێ‌ ده‌كات، به‌ڵكو ئاراسته‌ی‌ بۆ دواده‌بێت، ئه‌وساش گه‌ستنی‌ په‌نجه‌ی‌ په‌شیمانی‌ دادی‌ كه‌س نادات‌ و مێژوش دڵڕه‌قانه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌نوسێت كه‌ بڕیاری‌ هه‌مو شتێكی‌ ئه‌م گه‌له‌یان له‌ ده‌سته‌.
Sbeiy.com © 2007