Print WWW.SBEIY.COM
 ئاینی ئیسلام خێراترینه‌ له‌ گه‌شه‌کردندا له‌جیهاندا
09/05/2015 13:33:21
ئانا بێڵ
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ ئاراز ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د


به‌پێی توێژینەوەیەکی نوێ، ئاینی ئیسلام خێراترین ئاینه‌ له‌ گه‌شه‌کردندا. سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی پیو ماوه‌ی شەش ساڵە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەسەر سەرژمێری دانیشتوان و ئاین لەسەرتاسەری جیهاندا. ئەوەی لەتوێژینەوەکەدا ئەم سەنتەرە پێی گەیشتوە ئەوەیە کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٥٠ گەشە دەکات و بەهەمان پێودانگ ئاینی ئیسلامیش گەشە دەکات.

ئاینی مه‌سیح و ئاینه‌کانی تریش گه‌شه‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام ئاینی ئیسلام به‌ به‌راورد به‌ ئاینه‌کانی تر خێراتر گه‌شه‌ ده‌کات. ژماره‌ی بودیسته‌کان چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هه‌روه‌ک خۆی بمێنێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ که‌میش بکات.

هۆکاری ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆچی؟
دو هۆکاری سه‌ره‌کی هه‌ن، رێژه‌ی له‌دایکبون، واته‌ ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی هه‌ر ئافره‌تێک ده‌یبێت، هه‌روه‌ها ژماره‌ی گه‌نج. شوێنکەوتوانی ئاینی ئیسلام له‌هه‌ردوکیاندا له‌ لوتکه‌دایه‌.

کۆنراد هاکێت توێژه‌رێکی سه‌ره‌کییه‌ له‌توێژینه‌وه‌که‌ی سه‌نته‌ری پیو. کۆنراد هاکێت رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئه‌مه‌ چیرۆکێکه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌فریقاو زیادبونی ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی.

کۆنراد هاکێت ئاشکرای ده‌کات: "بۆ تێگه‌یشتن له‌و گۆڕنکارییه‌ی که له‌ ماوه‌ی ساڵانی داهاتودا ‌روده‌دات ئه‌فریقا پشکی شێری به‌رده‌که‌وێت و هۆکاری بنه‌ڕه‌تیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ دانیشتوانی ئه‌فریقا گه‌نجن... که‌وابو ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ دانیشتوانی ئه‌فریقا به‌ زویی ده‌گه‌نه‌ ته‌مه‌نێک که‌ منداڵیان هه‌بێت، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌فریقا خه‌ڵک منداڵی زیاتر ده‌بێت به‌ به‌راورد به‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌کی دی. به‌ تێکڕای، هه‌ر یه‌ک ئافره‌ت پێنج منداڵی ئه‌بێت. ئه‌فریقا له‌و خه‌ڵکانه‌ پێکدێت که‌ خۆیان وه‌ک موسڵمان یان مه‌سیح ده‌ناسێنن".

هاکێت ئه‌وه‌ش سه‌ربار ده‌کات که‌ دانیشتوانی به‌شی باشوری بیابانی ساهارا له‌ ئه‌فریقا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له‌ نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٥٠ دو ئه‌وه‌نده‌ زیاد بکات. هەربۆیە نەتەوەیەکگرتوەکان وای دەخەمڵێنێت کە ژمارەی دانیشتوانی ئەفریقا بگاتە ٢ ملیار. ئەمەش بەو مانایە دێت، لە کۆی پێنچ کەس لە جیهاندا یەک کەس لە کیشوەری ئەفریقا دەژی.

توێژینەوەکەی سەنتەری پیو پێشبینی دەکات ئەگەر ئەم دیاردەیەی ئێستا بەردەوام بێت، بەهاتنی ٢٠٥٠، ژمارەی موسڵمانان نزیکەی هێندەی ژمارەی مەسیحییەکانی لێدێت. ئاینی مەسیحیش گەشە دەکات، بەڵام بەهەمان رێژەی ئاینی ئیسلام نابێت. توێژینەوەکە پێشبینی دەکات کە شوێنکەوتوانی ئاینی مەسیحی لە ٢.١٧ ملیار خەڵکەوە بۆ ٢.٩٢ زیاد بکات. ژمارەیی موسڵمانانیش لە ١.٦ لە ساڵی ٢٠١٠ دا، بۆ  ٢.٧٦ لە ساڵی ٢٠٥٠ زیاد بکات.
 
هاکێت ئەوەش دەخاتەڕو کە هۆکاری زیادبونی ژمارەی موسڵمان لەبەر ئەوە نییە خەڵک ئاینی خۆی بگۆڕێت بۆ ئیسلام بەڵکو "لەڕاستیدا ئەوە بەشێکی زۆر کەمە لەمەڕ مەسەلەی زیادبونی ژمارەیی موسڵمان. هۆکارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە رێژەی لە دایکبون لە نێو موسڵماناندا زیاترە و دانیشتوانەکەشی لە توێژی گەنجانن".

لە ئەمەریکا ئاینی مەسیح هەروەک خۆی بە گەورەترین ئاین دەمێنێتەوە. بەڵام ژمارەی ئەوانەی لەئەمەریکادا دەڵێن موسڵمانن بە هاتنی ساڵی ٢٠٥٠ لە ژمارەی ئەوانە زیاتر دەبن کە دەڵێن شوێنکەوتەیی ئاینی جولەکەن. بەڵام، بۆ زانینی ژمارەیی جولەکە لەساتی ئەنجامدانی توێژینەوەکەدا تەنها ئەو ئەمریکیانە هەژمارکراون کە خۆیان وتویانە لەسەر "ئاینی جولە"کەن. واتە توێژینەوەکە ئەو کەسانە لەخۆ ناگرێت کە خۆیان بە جولەکە داناسێنن لە روە "کلتور"یەکەوەو بەشداری بۆنەی ئاسایی ئاینی ناکەن.

هەرچەندە ژمارەی موسڵمانان لەئەمەریکادا بۆ دو ئەوەندە بەرز دەبێتەوە، هاکێت دەڵێت رێژەکە هێشتا کەمە و نزیکەی لە سەدا ٢.١ دەبێت.

هاکێت پێیوایە "ئەمە گۆڕانێکی سەرسوڕهێنەرە لەئەمەریکادا، هەرچەندە وا دەردەکەوێت کە گۆڕانەکە زیاتر سیمبۆڵی بێت وەک لەوەی کاریەگەری ریشەیی هەبێت".

لەئێستادا وڵاتی ئیندۆنیسیا گەورەترین دانیشوانی ئاینی ئیسلام تێیدا نیشتەجێیە، کە زیاد لە ٢٠٠ ملیۆن خەڵکن کە خۆیان بە موسڵمان دەناسێنن. بەڵام توێژینەوەکەی سەنتەری پیو، پێشبینی دەکات هیندستان کە زۆربەی لەسەر ئاینی هیندۆسین، ژمارەیی موسڵمانەکانی لە وڵاتی ئیندۆنیسیا زیاتر بێت بە هاتنی ساڵی ٢٠٥٠. بە هاتنی ساڵی ٢٠٥٠، ژمارەی موسڵمان لە هیندستاندا بۆ ٣١١ ملیۆن بەرز دەبێتەوە.

ئه‌گه‌ر ئه‌و گوڕانکاری و پێشهاتانه‌ راست ده‌رچن تا‌کو کۆتایی ئه‌م سه‌ده‌یه‌، هاکێت پێیوایه‌ که‌ ژماره‌یی موسڵمانان زیاتر ده‌بێت له‌ژماره‌ی مه‌سیحییه‌کان پێش‌ هاتنی ساڵی ٢١٠٠.

هاکێت دەڵێت: "دۆزینەوەیەکی دانسقەیە چونکە مەسیحییەکان بەردەوام زۆرینە بون، کەوابو ئەمە یەکەمجارە ژمارەیی موسڵمان زیاتر بێت لە ژمارەی مەسیحی، بەدڵنیاییەوە ئاینی مەسیحی شەش سەدە پێش ئاینی ئیسلام کەوتوە پێش ئەوەی ئاینی ئیسلام بتوانێت زیادبون لەڕوی ژمارەوە بە دەستبهێنێت".

پرۆفیسۆر چۆن فارینا، کە لە زانکۆیی جۆرج مەیسن لە ویلایەتی ڤێرجینیا لە ئەمریکا وانەی ئاینی دەڵێتەوە،  پێی وایە کە توێژینەوەکەی سەنتەری پیو شتێکی چاوەڕوان کراوە سەبارەت بە زیادبونی ژمارەی موسڵمان و مەسیحی. پرۆفیسۆر جۆن بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندوە: "هیچ نیشانەیەکی سەرسوڕهێنەر بەدیناکەم سەبارەت بەو دیاردەیەیی کە ئەوان ئاماژەیی پێدەدەن". خەڵکی دیندار ئارەزوی خێزانداری دەکەن و خێزانی گەورەشیان هەیە و هەرلەبەر ئەوەشە ژمارەیی منداڵ زۆرتر دەخەنەوە".

پێشبینیکردن سەبارەت بەوەی لەداهاتودا ڕودەدات ورد نییە لەڕوی زانستییەوە. توێژینەوەکە ئەوەش بەیان دەکات: "چەندین هۆکار ڕەنگە ئەم پێشهات و ژمارانە بگۆڕن". رەنگە خەڵک ئاین بگۆڕن. کارەساتی سروشتی، قات و قڕی و جەنگەکان دەتوانن کاریگەریان هەبێت لە سەر دانیشتوان.

تەنانەت ئەلبێرت ئەنیشتاین، مەزنترین زانایی سەردەم، دەڵێت: "تەنانەت پێشبینیکردن بۆ چەند ڕۆژێکی کەم سەبارەت بە ئاو و هەوا ئەستەمە".

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا