Print WWW.SBEIY.COM
 دوای چارەکە سەدەیەک ماڵئاوایی لە بەرشە كرد
21/05/2015 17:23:37
(سبەی):
چاڤی هێرناندێز، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بەرشەلۆنە، دوای (25) ساڵ یاریکردن بۆ یانە کەتەلۆنییەکە، وازهێنانی خۆی راگەیاند و چوە ریزی یانەی سەدی قەتەرییەوە.
چاڤی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە یاریگای نێو كامپ بۆی سازکرابو رایگەیاند: ماوەی (25) ساڵە لە یانەی بەرشەلۆنەم و ماوەی (17) ساڵیشە وەك یاریزانی پلە یەكی یانەكە یاری دەكەم، یانەکەم داوای لێکردم درێژە بەکاروانەکە بدەم، بەڵام ئیتر کاتی ئەوە هاتوە جیاببمەوە.
لەگەڵئەوەشدا نەیشاردەوە کە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەدا ركابەرایەتی بەرز بەدی دەكرێت، بەڵام لە یانەی ئەسەدی قەتەردا ئەو ئاستە نابینرێت، وتیشی:" بۆ من سەردەمێكی دیكە دەست پێدەكات، من لەوێ تەنیا یاری تۆپی پێ ناكەم ئەركی دیكەشم پێدراوە".
یاریزانەکەی یانە کەتەلۆنییەکە وتیشی:" بۆ من لەبەركردنی درێسێكی نوێ ئەستەمە، پێشوتر ھەرگیز حەزم نەكردوە بیر لەو رۆژە بكەمەوە، لە بەرشەلۆنە زۆر دڵخۆش بوم، پێموایە باشترین یانەیە".
ئارەزوی خۆیشی نیشاندا جارێکی تر وەک راهێنەرێک بگەڕێتەوە ئەو یانەیەی کە چارەکە سەدەیەک یاری تێداکردوە.
لە ماوەی (17) وه‌رزی رابردودا له‌ یانەی بەرشەلۆنە، چاڤی توانیویه‌تی (23) جام كه‌ سێ جامی له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا و دو جام له‌ جامی سوپه‌ری (UEFA) و دو جام له‌ جامی فیفا بۆ یانه‌كانی جیهان و هەشت جام له‌ خولی لالیگا و دو جام له‌ جامی شای ئیسپانیا و شەش جام له‌ جامی سوپه‌ری ئیسپانیا لەگەڵ یانەکەیدا به‌رز بكاته‌وه‌، ئەگەری ئەوەش ھەیە لە شەشی حوزەیران جامێكی دیكەی چامپیۆنز لیگ بەرز بكاتەوە.