Print WWW.SBEIY.COM
 بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان؛ کام کوالێتی بەنزین؟
عەبدولڕەحمان عەلی رەزا
30/05/2015
لەماوەی رابردودا وەک بەشێک لەکاری پەرلەمانی خۆم چەند پرسیارێکم ئاڕاستەی وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزارەتەکەی بەڕێزیان کرد دەربارەی چۆنیەتی پشکنینی سوتەمەنی لەدەروازە سنورییەکان و شێوازی کوالێتی سوتەمەنی هاوردە لەدەرەوەی هەرێم، لەوەڵامی ئەو چەند پرسیارەی بەندەدا وەزارەت زۆر بەکورتی وەڵامێکی تەنها چەند دێڕی منیان داوەتەوە، بەکوردی و بەکورتی پێم دەڵێن چەندین جار وەڵامی ئەم پرسیارەمان داوەتەوەو لەئێستاشدا بۆ پشکنینی سوتەمەنی و کوالێتیەکەی تیمەکانمان بەسەرپەرشتی کوالێتی کۆنتڕۆڵ کە سەر بەوەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە بەشێوازێکی چالاک کار دەکەن.

من هیوادارم هەمو شمەکێکی هاوردە باشترین کوالێتی هەبێت ئینجا رێگای پێ بدرێت بێتە ناوخاکی هەرێمی کوردستان و دواتر هاوڵاتیان (بەکاربەر) بەکاری بهێنن تاکو بەدور بن لەزیان، بەڵام من بەوەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەڵێم کام تیم و کام کارکردنی چالاک لەدەروازە سنورییەکان، من بەهۆکاری ئەوەی یەکێک لەو لیژنانەی کە لەپەرلەمان تێیدا ئەندامم و تەنانەت بڕیاردەری لیژنەکەشم (لیژنەی بازرگانی و پاراستنی بەکاربەر ە) تارادەیەک ئاگاداری شێوازی هاوردەکردنی سوتەمەنیم لەدەروازە سنورییەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، و بێ ئاگاش نیم لەشێوازی پشکنینەکان و چاودێریشمانکردوە و لەکوێدا پێویستی کردبێت قسەمان هەبوە لەسەری و لایەنی پەیوەندیداریشمان لێ ئاگادارکردوەتەوە، ئەوەی لەوەڵامی پرسیارەکەم جارێکی تر بۆتەوە پرسیار لام ئەوەیە:
١-  چەند تیمتان هەیە لەدەروازەسنورییەکان؟ کامانەن تیمی ئێوە بۆ پشکنینی سوتەمەنی لەدەروازەکاندا؟

٢- من لەگەڵ لیژنەکەمدا سەردانی بەشی تاقیگەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانم کرد لەشاری هەولێر بۆ زانینی شێوازی پشکنینی سوتەمەنی لەتاقیگەکانتاندا، بەڵام بەرپرسانی تاقیگەکە زۆر راشکاوانە پێیان وتین لەو چوار تاقیگە گەڕۆکەی کە هەمانە بۆ پشکنین لەهەولێردا تەنها یەکێکیان کاری رۆژانە دەکات و سێ دانەکەی تریشیان بەهۆی بێ شۆفێری و بێ ستافییەوە کارناکەن، باشە وەزارەتێک لەپایتەختەکەیدا تیم و شۆفێری نەبێت بۆ راییکردنی کارەکانیان، ئیتر تیمی چۆن هەیە تاکو بینێرێت بۆ دەروازە سنورییەکان؟

٣-  وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چەندین مانگە تاقیگەیەکی گەڕۆکی لەدەروازەی باشماخ داناوە، بەڵام با وەزارەت بۆ خۆی تیمێکی (لیژنەیەک)ی تر بنێرێت بزانێت چەند مانگە ئەو تاقیگەیە کارناکات و بێ ستافە؟ ئیتر تیمی چالاکی چی؟

٤-  ئایا وەزارەت خۆی دەزانێت ئەنجامی پشکنینێک کە لەڕێگەی کوالێتی کۆنتڕۆڵەوە دەنێردرێت بۆ سلێمانی چەند رۆژی پێدەچێت؟ ئەی وەزارەت شێوازی ناردنی ئەو نمونانە دەزانێت چۆن دەنێردرێت؟ لەکوێی دنیادا هەبوە نمونە بۆ پشکنین بە بازرگانەکە خۆیدا بنێردرێت؟

٥-  وەزارەت بێ ئاگایە لەوەی کەڕاستە کوالێتی کۆنتڕۆڵ لەدەروازەکانی باشماخ وپەروێزخان ئەرکی ناردنی نمونەی سوتەمەنی دەگرنە ئەستۆ، بەڵام لە دەروازەی حاجی ئۆمەران کوالێتی کۆنتڕۆڵ هیچ پەیوەندییەکی بە سوتەمەنی و کوالێتیەکەی وپشکنینیشیەوە نیە؟ ئایا ئەمە بانێک و دو هەوا نیە وەزارەت؟

بۆیە من دەڵێم باشتر بو وەزارەت لەوەڵامی پرسیارەکەدا ناوی تیمی وەزارەتی نەهێنایەو تەنها بیوتایە کوالێتی کۆنتڕۆڵ ئەوکارە دەکات ئەویش لە باشماخ و پەروێزخان، نەک سەرجەم دەروازەکان .


*بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی و پاراستنی بەکاربەر لەپەرلەمانی کوردستان