Print
 پەنجەی بارزانی هەڕەشە لە کێ دەکات؟
Thursday, March 3, 2011

ئاری ئەبوبەکر
گەورەترین گرفت لە سیاسەتدا ئەوەیە، کە خاوەنی کۆمەڵە سیاسییەک بیت، وڵات و خاک بە هی خۆیان بزانن،  نیشتیمان بە موڵکی خۆیان و بە ئارەزوی خۆیان بڕیار بدەن کێ بۆی هەیە لە نیشتیمان بژی، کێ بۆی نییە لەناو نیشتیماندا بژی.

ئەو عەقڵە سیاسییەی کە پێی وایە کە ئەو بڕیار دەرە لەسەر مافی ژیان و راوەدونانی هاوڵاتییان لە ناو وڵاتی باوباپیرانیان، هەمان عەقڵیەتی نازییەکانە کە پێی وابو جولەکە مافی ئەوەیان نییە لەسەر خاکی جێرمەنەکان بژین، ئەم عەقڵیەتە ئەگەر بۆ سەدەی رابردو دەستی دابێت، ئەوا بۆ ئەم سەردەمە نەک هەر دەست نادات، بەڵکو چوەتە زبڵدانی مێژو، ناکرێت و نابێت  لە سەدەی ٢١ دا سیاسیمان هەبێت وا بیربکاتەوە.

مەسعود بارزانی کە لە ئیَستادا خاوەنی باڵاترین دەسەڵاتە لە هەرێمدا، کەچی بە هەفتەیەک پێش روداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان فڕی بۆ دەرەوەی وڵات، وا ماوەی سەفەرەکەی زیاتر لە دو هەفتەی تێپەڕاندوە ئینجا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وڵات، وەک ئەوەی کە ئێستا لە کوردستان رودەدات هیچ نرخێکی نەبیت، گرفتەکە هەر ئەمە نییە، بەڵکو گرفت لەوەدایە کە ئەم زاتە دور بەدور بێ ئەوەی خۆیمان نیشان بدات، بە وتەیەک و لێدوانێک، شتگەلێکی سەیر دەڵێت وەک دواهەمین لێدوانی کە ئەڵێت: "ئه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ ده‌كات له كوردستان جێی نابێته‌وه‌ ". ئەم لێدوانەی بارزانی لە لێدوانی سیاسی سەدەی ٢١ ناچێت، ئاخر موبارەک و بن عەلیش لە گەرمەی روداوەکانی تونس و میسردا لێدوانی وایان نەداوە، چونکە بن عەلی و موبارەک لەوە تێگەیشتبون کە لێسەندنەوەی مافی ژیانکردن لە هاوڵاتییان لەسەر خاکی وڵات لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، کەچی سەرۆکی هەرێم، زۆر بیباکانە دور بەدور، ئەو مافە بە خۆی دەدات کە ژیان و دەرکردنی هاوڵاتییانی وڵات لەسەر خاکی نیشتیمان زەوت بکات یان پێیان رەواببینێت، جا چ ئاژاوەگێڕبن یان کەسانی هێمن بە قەولی بارزانی وتەنی.

پارادۆکسی ئەم زاتەی کە ناوی سەرۆکی هەرێمە و دور بە دور بە بەیاننامە ئەبێتە دادوەر و مافی ژیان و دەردەبدەرکردن بە هاوڵاتییان دەدات، ئەوەیە، کە لە دەسەڵاتدار و سەرۆکی وڵاتەوە خۆی ئەکات بە دادوەر و حوکم دەردەکات، لە کاتێکدا ئەگەر بە گریمانە دایبنێن، ئەگەر هاوڵاتییەک شایەنی ئەوە بێت کە لە وڵات دەربەدەرکرێت (ئەمە بە ئەگەر دانراوە ئەگەر نا لە هیچ کوێیەکی دونیادا هیچ هیزێک نییە بە یاسا و دادوەریشەوە بتوانیت هاوڵاتییەکی وڵاتەکەی دەربەدەربکات و مافی ژیانی لەسەر خاکی وڵات لێ بسەنێتەوە)، ئەوا ئەوە سەرۆکێکی هەڵبژێردراوی کاتی نییە کە بتوانێت ئەو مافە لە هاوڵاتی زەوت بکات، بەڵکو ئەوە دادگا و دادوەرە کە دەتوانێت ئەو مافە زەوت بکات.

لە راستیدا سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی هەر وڵاتێکی تر، ئەگەر بەڕاستی سەرۆکی هەمو هاوڵاتییان بێت، ئەبێت هەروەک چۆن سەرۆکی کوڕە هێمن و لەسەرخۆکانە، دەبێت ئاوەها سەرۆکی کوڕە گێرەشیوێن (ئەگەر قەرارە خۆپیشاندان بە گێرەشیوینی دابنرێت) و خۆپیشاندەرەکانیش بێت، هەروەک چۆن سەرۆکی ئەوانەیە کە وێنەی ئەو بەرزدەکەنەوە و هاواردەکەن بارزانی، ئەبێت سەرۆکی ئەوانەش بێت کە وێنەی ئەو دادەگرن و دەڵێن نا بۆ سەرۆک.
بەڵام پێدەچێت ئەم زاتەی ناوی سەرۆکی هەرێمە لەژێرکاریگەری روداوەکانی ئەم دواییەی بەسەر حیزبەکەیدا هاتوە لە ناوچەی سەوز، بە جۆرێک لە جۆرەکان سۆز زاڵبوبیت بەسەریدا و ئەم لیَدوانەی دابێت، ئەگەر نا ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەو زاتە توانای هەستان بەو ئەرکەی نییە کە هەموان بە باش و خراپ، بە ئاژاوەگێڕ و خۆپیشاندەران و ئەندامانی حیزبەکەیەوە بەیەک چاو سەیر بکات و سەرۆکی هەموان بێت.

 

Sbeiy.com © 2007