Print
 تاکەی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە شەهید دەکەن؟
Thursday, March 3, 2011


هەورامان وریا قانع
ئێستا ئیدی دەسەڵات بە تەواوی و بەشێوەیەکی رون و ئاشکرا روە هەرە ناشرین و دزێوەکەی بەدەرکەوت، دەرکەوت چیتر دەسەڵات پێویست ناکات بەدزی و بەنهێنی و لەڕێگەی پیلانی ژێربەژێرەوە تەقە لە هاوڵاتیان بکات و تیرۆریان بکات. هەنوکە دەسەڵات پێویستی بەوە نییە بەنهێنی سۆران و سەردەشتەکان شەهید بکات و تاوانەکەش بنێتە ئەستۆی خەڵکانی دیکە. دەسەڵات لە ئێستادا بەوپەڕی بێ شەرمی و بەوپەڕی دڕندەییەوە لولەی تفەنگەکانی کردوەتە خۆپیشاندەران و ئامادەیە لە چرکەیەکدا دەیان و سەدانیان لێ شەهیدو بریندار بکات. ئامادەیە لەچاوتروکانێکدا سەرشەقام و کوچەو کۆڵانەکانی کوردستان بە خوێنی ئەو گەنجانە سوربکات کە دەیانەوێت کوردستانێکی بێ خوێن و جوانتر لەمەی ئێستا بێتەئاراوە.

ئاخر بەردێک لەدەستی منداڵێکی 11 ساڵییەوە فڕێبدرێ، چ بینایەک دەڕوخێنێ و کام بارەگای حیزبی وێران دەکات تاکو بە فیشەک وەڵامبدرێتەوە. بەردێک گەنجێکی 14 ساڵ بیهاوێژێت ئەگەر بەر کڵاوە ئاسنەکەی سەرتان و قەڵغانەکەی دەستتان بکەوێ، لە دەنگێکی بچکۆلانەو لە ترپەیەکی بچوک زیاتر چی دی دەکات، تاکو بیگرن و لەژێر تێڵاکاندا مێشکی بپژێنن. کەی رەوایە بەردێک کە زۆرجار تەنانەت ناگاتە بەردەمی حەوشەی بارەگاکان، بەڵام خاوەنەکەی دەدرێتە بەر دەستڕێژو شەهید دەکرێ. کەی رەوایە پێنج پەنجەی ناسک و بچکۆلانە کە تازە فێری هەڵگرتن و وەشاندنی بەرد بوە، رەنگە یەکەمجاریبێت بەردێک بهاوێت، کەچی دوای ئەوە ئیدی هەڵنەسێتەوەو خوێنەکەی لەو بەردە زیاتر بڕوات کە هاویشتویەتی. بەردێک زۆرجار ئەو ماوەیەی کە دەیبڕێت هێندەی باڵای گەنجەکە نییە، کەچی لەسەر بڕینی ئەو ماوە کورتە گەنجەکە گیان لەدەستدەداو دەبێتە قوربانییەکی دیکەی ئەم هەرێمە کە لەسایەی دەسەڵاتدا پڕە لە غەدرو خیانەت.

گەر هەمو ئەو بەردانەی لەم خۆپیشاندانانەدا هاویشتراوە کۆبکەینەوە، لە شکاندنی کۆمەڵێ پەنجەرەو روشاندنی بە ئەستەمی چەند دیوارێک زیاتر هیچ دی نییە، هیچ بارەگایەکی حیزبی بەو بەردانە نەڕوخاون و نەسوتاون و وێران نەبون. بەڵام ئەو فیشەکانەی لە بارەگاکانەوەو لە وەڵامی بەردەکاندا تەقێنراون، ماڵی چەندین کەسی وێرانکردوەو دەیان دایک و خوشکی رەشپۆشکردوە. سەدان مناڵی لە بینینی باوکی یان براکەی بێبەشکردوە. ئاخر لەگەڵ تەقاندنی هەر فیشەک، دەڵی کچێک دادەخورپێت نەبادا خۆشەویستەکەی لەسەرای ئازادی بەرکەوتبێت. ناڵەو گریانی دایکێک دەبیسرێت کە هەواڵی بەرکەوتنی کوڕەکەی بۆ دەبەن. هەمو بەردی دنیا هێندەی دەستڕێژێک خوێن ناڕێژێت.

کەمەکێک کەرامەت و تۆزقاڵێک ویژدانتان بێت، هێشتا لولەی تفەنگەکانتان ئەو گوڵە سورانەی پێوەیە کە کچان و کوڕانی ئاشتیخوازی ئەم هەرێمە پێشکەشی کردن تاکو تەقەی پێنەکەن. هێشتا شوێنی ماچی گەنجان بە رومەتتانەوە دیارەو نەسڕاوەتەوە، ئیدی چۆن تەقەیان لێدەکەن، چۆن دڵتانهات بیاندەنەبەر دەستڕێژو لێیانبکوژن. هەڵەیەکی کوشندە دەکەن وابزانن تا تەقە زیاتربکەون خوێن زیاتر بڕژێنن و شەقامەکان زیاتر سورکەن، دەنگی ناڕەزایی خۆپیشاندەران کپدەکەن و ناچار بەوازهێنانیان دەکەن. ئەم لۆژیکە پێش ئێوە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە تاقیانکردەوەو هیچ سودێکی نەبو. شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران، ئەو وزە گەورەیەیە کە لێناگەڕێت خۆپیشاندان دامرکێتەوە. ئەو گوڕوتینەیە کە تابێت کڵپەو هاواری خۆپیشاندان گەورەترو دلێرانەترو بەرفراوانتر دەکات. تا ژمارەی قوربانییەکان زیاتربێت، رۆژی هەرەس و تێکشکاندنی ئێوەش نزیکتردەبێتەوە.

Sbeiy.com © 2007