Print
 گۆڕان و یەكگرتو و كۆمەڵ، پڕۆژەیەكی چاكسازیی پێشكەش دەكەن
Saturday, March 5, 2011
(سبه‌ی):
هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان، گۆڕان و یەكگرتو و كۆمەڵ، سەرقاڵی گفتوگۆ و كۆبونەوەن بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی چاكسازیی بنەڕەتی لە كوردستان و پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەكەن، وەك ئەوەی که رێكەوتون لەسەری كاتێك دیاریی دەكەن بۆ جێبەجێكردنی داواكاریی پڕۆژەكەیان.
چەند رۆژێكە هەرسێ حیزبی ئۆپۆزسیۆن (بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامیی و كۆمەڵی ئیسلامیی) لەسەر ئاستێكی باڵا سەرقاڵی كۆبونەوەو ئامادەكارین بۆ داڕشتن و چۆنیەتی پێشكەشكردنی پرۆژەكەیان، ئەوەش دوای چەند جارێك داواكاریی بۆ چاكسازیی سیاسیی و ئیداریی لە هەرێمی كوردستان و خۆپیشاندانی ناڕەزایی هاوڵاتییانی هەرێمەكە دێت.
جەلال جەوهەر، ئەندامی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئامادەكارییەكانی پرۆژەكە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی (رۆژنامە) ئاماژەی بە خاڵە سەرەكییەكانی پرۆژە "هاوبەشەكەیان" كردو رونیكردەوە؛ كە هێشتا پرۆژەكە تەواو نەبوەو گفتوگۆی لەسەر دەكەن و وتی: "ئەو پرۆژەیەی بەدەستمانەوەیە بۆ چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان، چەند لایەنێك دەگرێتەوە، ئەوانیش: رەشنوسی دەستور، حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كورستان و دەسەڵاتی دادوەریی".
باسی لەوەشكرد؛ بڕیارە پرۆژەكەیان چەند لایەنی دیكەش لەخۆ بگرێت، كە بە لای ئەوانەوە گرنگە وەك مەسەلەی پێشمەرگەو هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس، هەروەها هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەكتیڤكردنی لیژنەی نەزاهەو دامەزراندنی دەستەی نەزاهەی كوردستان، وتیشی: "هەمواركردنەوەی هەندێك پرۆژەیاسا، وەك یاسای خۆپیشاندان و گەڕاندنەوەی موڵك و سەروەتی دەستبەسەردا گیراوی هاوڵاتیان و حكومەت لە لایەن دەسەڵاتداران و حیزبەكانەوە لەناو پرۆژەكەدا جەختی لەسەر دەكەنەوە".
بەپێی وتەی هەڵسوڕاوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان، لەناو پرۆژە چاكسازییەكەیاندا ئاماژەیان بە چۆنیەتی مامەڵەی نێوانی ئەحزاب و حكومەت و چەسپاندنی سەربەخۆیی لە زانكۆكان و ناوەندەكانی خوێندنی باڵاو دابەشكردنی داهاتەكان بە شێوەیەكی عادیلانە كردوە، ئەوەشی خستەڕو؛ كە ئەوەی بە لایانەوە گرنگەو جێگیریان كردوە، ئەوەیە كاتێكی دیاریكراو (سەقفێكی زەمەنی)یان داناوە، وتیشی: "تائێستا رەشنوسی پرۆژەكە ئامادە كراوەو دوای رێككەوتن لەسەری پێشكەشی ئەو دەسەڵات و لایەنەی دەكەین كە پێویستە".
Sbeiy.com © 2007