Print
 مەلای خەتێی ئەمجارە
Monday, March 7, 2011
خالد ڕەنجدەر



زۆر لەمێژە پەرلەمانی ھەرێمی كوردستانی عێراق لەژێر پرسیادایە، شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە. زۆر لەمێژە بۆ خەڵكی ئەم ھەرێمە ئاشكرا بوە كە مەكتەبی سیاسی ھەردو پارتی دەسەڵاتدار ئەو پەرلەمانە دەجوڵێنن. بەڕاستی گەندەڵی ناو دەزگاكانی حكومەت و حیزب بونەتە كۆڵێكی زۆر قورس بەسەر شانی میللەتەوە. لەھەر دیوێكی ئەم دەسەڵاتە بڕوانی ھەر كەموكورتی و پەردەپۆشكردنی پرۆژە سەرنەكەوتوەكان، خستنە بنباڵی گەندەڵەكان، ئافەرین و دەستخۆشی كردنە لەو كەسانەی بە شان و باڵی دەسەڵاتدا ھەڵدەدەن.

لە دانیشتنی نائاسایی رۆژی 4/3/2011ی پەرلەمانی كوردستاندا مەلایەكی تری خەتێمان بۆ زیندو بوەوە. مەلای خەتێی ئەمجارە تەڵاقی كوردی نەخست، بەڵكو بە "خەواریج" ناوی بردین، لە كاتێكدا خۆی زۆر باش دەزانێت كە خەواریج كێ بون و ئامانجیان چی بو و میللەتی ئیسلام بە زانا و عەوامەوە چۆن باسیان دەكەن.

مەلای خەتێی ئەمجارە، مەلا بەشیرە كە بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە كە ئەو كورسیە تا سەر بۆ ئەو نامێنێت و رۆژێك دێت كە دەبێ بچێتەوە ماڵی خۆی و ناو ئەو خەڵكەی ئەو ئەمڕۆ بە خەواریج ناویان دەبات. من نازانم ئەو كاتە بە چ رویەكەوە لەبەرمبەریاندا رادەوەستێت و چۆن وەڵامی پرسیارەكانیان دەداتەوە؟
 
مەلا بەشیر خۆپیشاندەرانی ئەم میللەتەی بە خەواریج لەقەڵەم دا و تاڵەبانی و بارزانیشی بە ئیمامی عوسمان و ئیمامی عەلی شوبھاند، سیستمی بەڕێوەبردنی ھەرێمیشی كردە سیستمێكی ئیسلامی وەك سەردەمی ئیمامی عەلی. بەڕاستی سەیرە! ساڵانێك لەمەوبەر موسوڵمان لەسەر وتارەكانی مەلا بەشیر ھەر لە مزگەوتەكەی خۆیدا بەرشەقی پاراستن كەوتن، چونكە مەلا بەشیر ھێرشی دەكردە سەر دەسەڵات و ئەم دەسەڵاتەی پێ قبوڵ نەبو. كەچی ئەمڕۆ مەلا بەشیرمان لێ بۆتە مەلای خەتێ و مۆری خەواریج دەنێ بەناوچاوانی میللەتەوە و دەسەڵاتی گەندەڵیش دەگەیەنێتە ئاستی خەلیفەكانی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت).

مەلا بەشیر زۆرباش دەزانێت كە سیستمی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە ھەرێمی كوردستان ئیسلامی نیە، تاڵەبانی و بارزانیش ئیمامی موسوڵمانان نین، ئەو كەسانەش كە داوای چاكسازی و نەھێشتنی گەندەڵی دەكەن ئەو نیشانانەیان تێدا نیە كە لە خەواریجی سەردەمی ئیمامی عەلیدا ھەبون.

خەواریج لە فەرمانڕەوایی ئیمامی عەلی بە تەواوی دەرچون، ئیمامی عەلیش بە چەك لێیدان. خەواریج دەرچون لە كۆمەڵی موسوڵمانان بە ھەق دەزانن، كاتێك لێی دەردەچن ئیتر كۆمەڵی موسوڵمانان بە كۆمەڵێكی كافر لەقەڵەم دەدەن و وەك كافر مامەڵەیان لە گەڵدا دەكەن، خۆیانی لێ بێبەری دەكەن و خوێن و ماڵیان بە حەڵاڵ دەزانن.

ئەم شوبھاندنەی مەلا بەشیر لە جیی خۆیدا نیە، ئەمە رەچەشكاندنێكی زۆر ترسناكە بۆ دەسەڵاتی ھەرێم كە زیاتر لە خۆپیشاندەران بدات و سەركوتیان بكات بەوەی لە فەرمانڕەوایی دەسەڵاتێكی شەرعی لایان داوە. من پێموایە دەبێ مامۆستایانی ئاینی كورد لە ھەمو پارچەكانی كوردستان ھەڵوێستیان لەو وتارەی مەلا بەشیر ھەبێت و مەلا بەشیر لە قسەكانی خۆی پەشیمان بكەنەوە. بەردەوامبونی ئەو شێوازە لە ئاخاوتن و دەركردنی ئەم جۆرە فەتوایانە كۆمەڵگەی كوردەواری توشی قەیران و دڵەڕاوكێ و ترس و لەرز دەكەن.

ئەم وتارەی مەلا بەشیر و وتاری نوێنەرەكانی حیزبی دەسەڵاتدار لە پەرلەماندا ئەشھەدومابیلا كێشانە بۆ دەسەڵات، ھەڵكردنی گڵۆپی سەوزە بۆی كە ھەر كارێك دەیكات رەوایە. لەبری گوێگرتن بۆ داواكاریەكانی میللەت، نوێنەرانی حیزبی دەسەڵاتدار، بە سەرۆكی  پەرلەمانیشەوە، كەشوھەوایەكی زۆر ناسازیان دروست كرد و ئەوەی مەبەستیان بو ئەنجامیان دا، گوێشیان بۆ داواكاریەكانی میللەت نەگرت.

لێدوانەكەی مامۆستا ئیدریس كاریتانیش لە جێی خۆیدایەتی كە خۆپیشاندان مافێكی شەرعیە، گوناە و تاوانە خۆپیشاندەرانی ئێستا كە داوای ماف و حەقی خۆیان دەكەن بە خەواریج بیان شوبنھێنین، ناكرێت مامۆستایانی ئاینی ھەندێك قسە لە پێناو بەرژەوەندی ماڵ و دونیادا بكەن كە لەگەڵ ئیسلامدا نایەتەوە.

Sbeiy.com © 2007