Print
 خێمەکان سوتان بەڵام...
Monday, March 7, 2011
ئاری ئەبوبەکر


سوتاندنی خێمەکانی بەردەرکی سەرا بۆ من شتێکی چاوەڕوانکراو بو، چاواڕوانکراو بەو مانایەی هەست بەبونی ویستێک دەکرا، ویستێک کە نایەوێت گوێ لە داواکاری خۆپیشاندەران بگرێت و هەر رۆژەی لە ژێر ناوێک و بە تاکتیکێکی تازەوە دەیەوێت ئاڕاستەی چاومان بە لایەکی تردا بەرێت و لە گرنگی خۆپیشاندانەکە کەمبکاتەوە، بۆ ئەم ویستە گرنگ نییە کە دەکەوینە دروستکردنی دوژمنی وەهمی دەستبەجێ، تەقینەوەی بۆمبی هەوایی، یان هەر تاکتیک و مانۆڕێکی تر.

بێ بونی ئەم ویستە، پێموانییە هیچ کەس و لایەنێک بیتوانییانە دەستی بۆ سوتاندنی خێمەکان ببردایە و بکەوتنیاتە پڕ شەقکردنی ئەو گەنجانەی بە دنیایەک ئومێدەوە نیازی بەڕێکردنی شەوبون لەژێر خێمەکاندا. سوتێنەرانی خێمەکانی سەرای ئازادی، جگە لەوەی ناخوازن کە گەنجەکانمان خەو بە دنیایەکی باشترەوە ببینن کە بە قۆڵ و بازوی خۆیان ببنە خوڵقێنەری، دواجار پەیامی ئەوەش دەدەن بە گوێماندا کە چاویان بە گردبونەوە، خۆپیشاندان و مانگرتنی هێمننانە و مەدەنییانەی گەنجاندا هەڵنایەت.

تاڕادەیەک لە نزیکەوە ئاگاداربوم کە چەند لەو گەنجانە بە ئومیَدێکی زۆرەوە دەیانویست شەوانە لە سەرای ئازادی بمێننەوە، تەنها بۆئەوەی کە بتوانن دنیا باشتر بکەن، تەنها ئومیَدیان ئەوە بو کە دەسەڵاتدارێک، مەسئولێک یان سەرکردەیەک گوێیان لیَبگرێت و بەدەم داواکانیانەوە بچێت، ئاگاداری ئەوەش بوم کە چەند لەو گەنجانە هەستیارانە کاریان بۆ ئەوە دەکرد کە هێمنی خۆپیشاندانەکان بپارێزن و بەهانە نەدەنە دەست دەسەڵاتداران بۆ تێکدانی کەشی خۆپیشاندانەکە، بەڵام مەخابن ئەوە گەنجەکان نین کە دەخوازن پشێوی باڵ بەسەر وڵاتدا بکێشێت، بەڵکو ئەوە ئەو دەستە قیزەونەیە کە خێمەکان دەسوتێنێت و بەهانە دەدات بە گەنجان کە پشێوی دروستبکەن، چونکە ئەوەتا بەبەرچاوی دەسەڵاتدارانەوە خێمەکانیان دەسوتینرێت و پڕ شەق دەکرێن.

هەرچەند دەشێت ئەو دەستەی خێمەکانی سوتان بۆ چاوترسێنی گەنجەکان بێت، بەڵام تەجروبەی چاوترساندن، هێندەی ورەی خۆپیشاندەران بەرز دەکاتەوە و سۆزی باقی جەماوەریان بۆ پەرلکێشدەکات، نیو هێندە ناتوانێت کەس لە رەوتی ئارامی خۆپیشاندان ساردبکاتەوە یان بیانترسێنێت، بەڵام دواجار دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوەیان پێوتین کە ئەو ئارامی و ئاسایشەی کە ٢٠ ساڵە گوێمانی پێدەئاخنن، درۆیەکەی موباریکە، لەگەڵ یەکەم راکێشان(تەنگەژە)یدا دەپچڕێت و ناتوانین لە ئارامی و ئاسایشی خۆمان لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتدارانەدا دڵنیابین.
 

Sbeiy.com © 2007