Print
 سوتاندنی خێمەکانی سەرای ئازادی
Monday, March 7, 2011
هەورامان وریا قانع


لە تاریکی شەودا و بە بەرنامەیەکی پێشوەخت، هەڵکوتانە سەر خێمە ئاشتیخوازەکانی سەرای ئازادی، یەکێکە لە کارە هەرە دزێوەکانی ئەو دەسەڵاتە سەربازییەی پێیوایە بە سوتاندنی کۆمەڵێ خێمە، ئیدی کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان دێت و خەڵکی دەچنەوە بۆ ماڵەکانیان. دەسەڵاتی دەمامکدار، دەسەڵاتێک لە ترسی توڕەیی گەنجان بە ناچاری خۆیدەشارێتەوەو لە زوڵمەتی شەوداو کاتی ئاپۆرەی هاوڵاتیانی لێنابێت، ترسنۆکانە پەلاماری نامەردانە دەدات و خێمەکان دەستوتێنێت و لاوەکان دەگرێت. ئەم دەسەڵاتە تێناگات سەرای ئازادی بوەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی گەنجان و لاوانی ئەم شارە زیندوەی کوردستان. تێناگات ئەم سەرایە ئێستا ئیدی بریتی نییە لە گۆڕەپانێکی سادە کە کۆمەڵێ شەقام بەیەکەوە دەبەستێتەوە، نا ئێستا ئەم سەرایە بوەتە ماڵە گەورەکەی هەموان، بوەتە شوێنی هەزاران هاوڵاتی ئەم شارە کە دەیانەوێ سەرەتای ژیانێکی تازەو پڕ لە ئازادی و دادپەروەری بێننە ئاراوە. ئێستا سەرای ئازادی ئەو خوێنەیە بەناو جەستەی دانیشتوانی ئەم شارەدا دێت و دەچێت و بوەتە بەشێک لە ویژدان و رۆحی سەرکەش و نەبەردیان. لە ئێستادا سەرای ئازادی ئەو دەنگە نادیارەیە رۆژانە بانگیان دەکات و لێرەدا کۆیاندەکاتەوە. دەنگێک سەر بە هەمو ماڵێک و کوچە و کۆڵانێکی شارەکەدا دەکات و بە هاوڵاتیانی دەڵێ بەڕێکەون بۆ سەرا بۆ مەیدانی ئازادی. ئێستا لێرەدا و لەم سەرایەوە، خەڵکی مانایەک بە ژیانی خۆی دەدات و بونی نیشتیمانپەروەرانەی خۆی دەسەلێمنێت. هەنوکە سەرای ئازادی سەکۆیەکی شکۆمەندو مایکێکی جوامێرە کە دەیان و سەدان سەکۆو مایکی دەسەڵاتی هێناوەتە سەرچۆک. ئەمڕۆ ئەوەی دەسەڵات لێیدەترسێت خێمەکان نییە، بەڵکو ئەو هاوارە نادیارەیە کە بێ خێمەش دەگاتە هەمو شوێنێک. هاوارێک تا خێمەی زیاتر بسوتێت لەناو خۆڵەمێش و دوکەڵی خێمەکانەوە زیاتر کڵپە دەگرێت و توندتر دەبێت.

گۆڕەپانی ئازادی بەردەرکی سەرا، لەوە دەرچوە چەند چەکدراێکی دەمامکدار، لەژێر باڵی شەوی تارو بەدزی و دور لە رۆحی برایەتی و تەبایی و  ئاشتیخوازانەی خۆپیشاندەران و خێمەکان و گەنجەکانی ناوی، بتوانن گۆڕەپانەکە چوڵبکەن. ئەستەمە ئەم سەکۆی ئازادییە بەکاری نابەجێ و ناشرین و چەتەگەری لەو شێوەیە چۆڵکرێت. مەحاڵە بەو شێوازە بەعسئاسایە ئەم مەیدانە خۆڕاگرە بترسێنرێت و کپبکرێتەوە. ئەوەی بیەوێ لە رێگەی هێزو ترس و تۆقاندنەوە، لە رێگەی هێنانی هێزی شەوانە و لە رێگەی لولەی تفەنگەوە، ئەم شارە کۆنترۆڵ بکات، سەری دای لەبەردو دیارە هیچ سودێکی لە ئەزمونی رابردوی سلێمانی وەرنەگرتوە. ئەم شارە نە مولازم موحسینەکانی بەعس و نە چەکدارە دەمامکدارەکانی ئێستا، نەیانتوانی و  ناتوانن رۆحی شۆڕشگێڕانەی پیرو لاوەکان بۆ تەنها ساتێکیش خاوبکەنەوە.

ئه‌وان ده‌یانه‌وێ به‌م کاره‌ تێکده‌رانه‌یان ره‌وتی ئاشتیانه‌ی خۆپیشاندان تێکبده‌ن و به‌ ئاقاری توندوتیژیدا بیبه‌ن، به‌ڵام چونکه‌ هه‌میشه‌ خۆپیشانده‌ران زۆر له‌وان نیشتیمان په‌روره‌رترو دڵسۆزتر بون، بۆیه‌ به‌ سه‌دان کاری دیکه‌ی تێکده‌رانه‌و ئاژاوه‌ گێڕانه‌یان ناتوانن ره‌وتی ئاشتیانه‌ی خۆپیشاندان تێکبده‌ن، زمانی سوتاندن و فیشک و گرتن بۆ ئه‌وان، زمانی ئاشتی و هێمنی و یه‌کڕیزی بۆ ئێمه‌. له‌وان خێمه‌ سوتاندن و له‌ ئێمه‌ش خۆڕاگری هێمنانه‌.

Sbeiy.com © 2007