Print
 سوتاندنی خێمەکان و خۆسوتاندنی یەکێتی
Monday, March 7, 2011
کاوە حەسەن

هێرشکردنە سەر سەرای ئازادی، سوتاندنی خێمەکان و هەڵکوتاندنە سەر رادیۆی دەنگ و تێکشکاندنی کەرەستەکانی و تاڵانکرنی هەندێکیان دو گۆڕانکاری زۆر ترسناکن. ئەم دو هێر‌شە مافیایە بەربەرییانە لەهەمان کاتدا رویاندا (2:15 خولەکی سەر لە بەیانی). هەروەها بەدوای کۆبونەوەکەی بارزانی و تاڵەبانیدا دێت. بۆچی ئەم پێشهاتانە زۆر ترسناکن؟

لە هەفتەی رابوردودا چەند گۆڕانکاریەکی دڵخۆشکەر رویدا. پەیتا پەیتا خەڵکانێکی زۆر لە چین و توێژە جیاوازەکان بەشداریان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد، تەنانەت خەڵکانێکیش کە بەشێکن لە بنکەی جەماوەری یەکێتی بەشداریان کرد. دەسەڵات گەشتە ئەو قەناعەتەی کە دۆخەکە ناکرێت بەم شێوە بەردەوام بێت، هەروەها کۆبونەوەکانی نێوان گۆڕان و یەكێتی پێشهاتی بەئومێد بون، بەڵام سوتاندنی خێمەکان کۆتایی بە (هەفتەی گەشدبینی) هێنا.

پاش گۆڕانکاریەکانی هەفتەی رابوردو هیوایەک هەبو کە لەوانەیە ئەو بەشەی یەکێتی کە باوەڕی بە مامەڵەی عەقڵانی هەیە لەگەڵ شەپۆلەکانی ناڕەزای بتوانێت، یەكێتی رزگاربکات لەو قەیرانە قوڵەی پیایدا تێئەپەڕێت بەوەی بەکردەوە ئامادە بێت گوێبگرێت لەداوا رەواکانی خۆپیشاندەران و بەم هەڵوێستە خۆی لە پارتی جیابکاتەوە، بەڵام بەداخەوە روداوەکانی دوێنێ شەو پرۆسەکە ئەگەڕێنێتەوە بۆ 17ی شوبات کاتێک لە لقی چواری پارتییەوە تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و پاشان هێرش کرایەسەر کەناڵی نالیا، ئەم هێر‌شانە ئاماژەیەکی ترسناکە بەوەی کە باڵی (چارەسەری سەربازی) لەم ساتەوەختەدا باڵادەستە لەناو یەکێتیدا و ئەمە قەیرانە قوڵەکەی یەکێتی قوڵتر ئەکاتەوە. لە لایەکی ترەوە وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەم کردەوە مافیایە بەربەریە ئەگەری ئەوە هەیە کە خۆپیشاندانەکان توندوتیژی لێبکەوێتەوە بە جۆرێکی ئەوتۆ کە هیچ لایەنێک نەتوانێت کۆنترۆڵی بکات.

سەرباری ئەم هێرشە هەمەجیە مافیایە بەربەریە دژی خۆپیشاندەرانێک کە هیچ تاوانێکیان نەکردوە، تەنها بەشێوەیەکی شارستانیانە گوزارشت لە داواکاریە رەواکانیان ئەکەن، زۆر گرنگە خۆپیشاندەران بە هێمنی و شارستانیانە بەردەوام بن لە دەربڕینی ناڕازاییەکان و داواکاریەکانیان. ئەم هێرشانە هێمایە بۆ ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقی مافیایی ئەوانەی ئەم کارە قێزەونەیان کردوە ئەوانی فەرمانەکانیان دەرکرد.

وەڵامی خۆپیشاندەران ئەبێت بریتی بێت لە دانانی زۆرترین ژمارەی خێمە و هاندانی زۆرترین جەماوەر لە هەمو چین و توێژەکان بۆبەشداریبون لە خۆپیشاندانەکاندا، بۆ نمونە ئەکرێت خۆپیشاندەران کەمپینێکی مەدەنی دەست پێبکەن لە ژێر ناونیشانی (کەمپینی خێمەکانی ئازادی) بۆ هاندانی جەماوەر بۆ کۆکردنەوە و هەڵخستنی زۆرترین خێمە لە سەراکانی ئازادی، نەک هەر تەنها لە سلێمانی، بەڵام لە هەمو شار و شارۆچکەکان، هەروەها لە هەندەران.

ئەم باڵەی یەکێتی هەڵەیەکی زۆر زۆر کوشندەی ستراتیجی ئەکات ئەگەر وابزانێت بەم کردەوە مافیایە ناشیرینانە ئەتوانێت بارودۆخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ پێش 17ی شوبات. ئەم باڵە ئەبێت دەرس وەربگرێت لە دەرئەنجامەکانی تەقەکردنی چەکدارەکانی لقی چواری پارتی لە خۆپیشاندەران. لەجیاتی ئەوەی خۆپیشاندەران بترسێن و ژمارەیان کەم بێتەوە، ئیرادەیان بە‌هێزتر بو و نوێنەرانی زۆربەی چین و توێژە جیاوازەکان چونە ریزی خۆپیشاندانەکانەوە. هەروەها خۆپشاندانەکان تەشەنەی کرد بۆ زۆربەی شارو شارۆچکەکان، دەسەڵات ناچار بو دان بەوەدا بنێت کە دەسەڵات لە قەیرانێکی قوڵدایە و ئەبێ گوێبیستی داواکاریەکانی خۆپیشاندەران بێت.

ئەم ‌هێرشانە هەم قەیرانە قوڵەکەی یەکێتی قوڵتر ئەکاتەوە، هەم توڕەیی خۆپیشاندەران و خەڵک بەرامبەر یەکێتی زیاتر ئەکات. لەبەر ئەم هۆکارانە ئەو بەشەی تری یەکێتی کە دەزانێت شەپۆلەکانی ناڕەزایی وەستاندنی بۆ نیە، دەزانێت داواکارەکانی خۆپیشاندەران رەوایە و سیستەمی سیاسی پێویستی بە چارەسەرکرنی ریشەیی هەیە لەبەردەم تاقیکرنەوەیەکی مێژویی چارەنوسسازدایە. ئەم بەشە ئەتوانێت رۆڵی جەنەڕالەکانی میسر و تونس ببینێت کاتێک دو بڕیاری چارەنوسسازیان دا و لایەنی جەماوەر و مێژویان هەڵبژارد، بەم هەڵوێستە ستراتیجیە بەئەخلاقە بەرزەیان لاپەڕەیەکی زێڕینیان بۆ خۆیان تۆمارکرد لە مێژوی میسر و تونس و ناوچەکەدا.
 
لەم ساتەوەختە چارەنوسسازە مێژویەدا چارەنوسی یەکێتی لە دەستی ئەم بەشە بەویژدانەی یەکێتیدایە. ئێستا پێنجی ئەوێ بۆ دوانزەی شەو، بەڵام هێشتا درەنگ نیە بۆ ئەوەی ئەم بەشەی یەکێتی، یەکێتی رزگار بکات لە بەربەریەکانی دو چارەکی سەر لە بەیانی. ئایە ئەم بەشەی یەکێتی رۆڵی مێژوی خۆی ئەبینێت؟

Sbeiy.com © 2007