Print
 لەپێناو پتەوکردنی دیموکراسی لە کوردستان
Tuesday, March 8, 2011
د.عەبدلڕەحمان مەولود

چاکسازی لە سیستەمی سیاسی یەکێکە لە داخوازیەکانی ئێستای هاوڵاتیانی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش ناٌەزایەتیەکی سەرتاپاگیر هەمو کوردستانی گرتۆتەوە. لەپێناو پتەوکردنی دیموکراسی لە کوردستان لە خوارەوە گرنگترین ئەو چاکسازیانەی پێویستە بکرێ لە پرۆسەی هەڵبژاردن، دەزگای حکومەت و پەرلەمان دەستیشان کراون. ئەم چاکسازیانە رون و سادەن، جێبەجیکردنیان ئاسانە و لە بەرژەوەندی هەمو خەڵکی کوردستانن جیا لەوەی رەوتی سیساسی کورستان بە چ ئاقارێکدا کۆتایی دێت.

١.چاکسازی لە پرۆسەی هەڵبژاردن
پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێویستی بە منازەرەی نێوان سەرۆکی حیزبەکان و کاندیدەکانی سەرۆکایەتی هەیە، منازەرەی نێوان سەرۆك حیزبەکان یان نێوان سەرۆکی کوتلە سیاسیەکان یارمەتی ئەوە دەدات کە خەڵك باشتر ئاشنا بێت بە بەرنامەی حیزبەکان (کوتلەکان) بۆ هەڵبژاردن و پەیمانەکانی پێش هەڵبژاردن. منازەرەکردنی نێوان حیزبەکان یارمەتی خەڵكیش دەکات بۆ ئەوەی باشتر رۆلی چاودێری بگێرن؛ خەڵك بە ساناتر دەتوانێ دەستنیشانی ئەوە بکات حکومەتی هەڵبژێردراو بەرنامەو و پەیمانەکانی هەڵبژاردن دەباتە سەر یان نا. ئەمەی دواییش یارمەتی دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەدات بەشێوەیەکی هێمنانە - ئەو حیزبەی درۆ لەگەڵ خەڵك دەکات و پەیمانەکانی پێش هەڵبژاردن جیَبەجێ ناکات لە هەڵبژاردنی داهاتو خەڵك دەتوانێ دەنگی پێ نەدات. منازەرەش لەنێوان کاندیدەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان یارمەتی خەڵك دەدات ئاشنا بن بە توانای سیاسی، فیکری، و لێهاتوی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی. بەم جۆرەش چانسی ئەوە زیاد دەبێت، ئەمڕۆ یان سبەی، باشترین کاندید ببێت بە سەرۆکی کوردستان.
 
٢. چاکسازی لە حکومەت
سەرۆك وەزیران، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرەکانی حکومەت دەبێت بە هەڵبژاردن بێنە سەرکار. حیزب (کوتلە) سیاسیەکان هەر یەکەیان بە ژمارەیەك کاندید دەچەنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن. حیزب (کوتلە)ی سەرکەوتو دەبێت لەنێوان ئەندامە براوەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان دیاری بکات. گرنگی ئەم هەنگاوە لەم خاڵانەدایە: ا. وەزیرێك بە دەنگی خەڵك هاتبیتە سەرکار خاوەن ئیرادەی زیاترە لەوەی لە رێگای حیزبەوە تەعیین کرا بێت، ب. خەڵك بە ئاسنتر دەتوانێ تەمێی ئەندامێکی حکومەت بکات کە بۆ مانەوەی لە شوێنی کارەکەی پێویستی بە دەنگی خەڵك بێت، ج. کەسێك کە بە دەنگدانی خەڵك لەسەر کورسی دەسەڵاتی حکومەت دانیشت بێت لەناو حیزبەکەی خۆشی قورسایی زۆری دەبێت، ئەمەش رێگا خۆش دەکات، بە تێپەڕبونی کات، سیاسی مشەخۆر و ئیکسپایەر لە حیزبیش نەمێنن یان کەم ببنەوە.

٣. چاکسازی لە دەزگای پەرلەمان
سانسۆڕ لەسەر دانیشتەکانی پەرلەمان دەبێت نەمێنێت. پێویستە دانیشتنەکانی پەرلەمانی راستەوخۆ لەڕێگای کەناڵی تەلەفزیۆن بگۆزرێتەوە بۆ خەڵك و هوڵی پەرلەمانیش کراوە بێت بۆ هەر کەسێکی دانیشتوی کوردستان ئارەزو بکات چاودێری دانیشتنەکانی پەرلەمان بکات. هەر سانسۆرێك ئێستا لەو بارەیەوە هەیە پێویستە نەمێنێت.

سیستەمی هەڵبژاردنیش پێویستە تێکەڵێك بیَت لە هەڵبژاردنی بازنەیی و سەرتاسەری، بازنەیی بۆئەوەی خەڵك بزانێ دەنگی بەکێ داوەو ئەندام پەرلەمانیش پشت ئەستور بێت بە دەنگی خەڵك. سەرتاسەریش بۆ ئەوەی ئەو حیزبانەی کە لایەنگرانیان پەرش و بڵاون لە ناوچەکانی هەڵبژاردن ناتوانن دەنگ بە دەست بێنن، بەڵام کۆی دەنگەکانیان لە سەرتاسەری کوردستان ژمارەیەکی بەرچاوە مافەکانیان نەخورێت و بتوانن نوێنەر بنێرن بۆ پەرلەمان.

ئەم خاڵانەی کە لە سەرەوە ریزکراون سەرەتایترین پرنسیپی سیستەمی دیمکراسیین کە بەداخەوە ئێستا لە کوردستان پیادە ناکرێن. جا بۆ ئەوەی حکومەت رونتر کاربکات، چاودێری خەڵك بەسەر حکومەت زیاتر بێت و قلشتی نێوان دەسەڵات و خەڵکیش کەمبێتەوە، دەسەڵات پێویستە هەلوێستە بکات لە ئاست ئەم خاڵانە و لە نزیکترین دەرفەت لە پەرلەمانی کوردستان قسەیان لە سەر بکات و بریاری پێویستیان لە سەر بدرێت. پێویستە لەلایەن خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی کوردستانیش پێداگیری لە سەر ئەم چاکسازیانە بکرێ، ئەگەر لەسەروی داخوازیەکانی ئەمڕۆی خۆپێشاندەرانی کورستان و ئەندام پەرلەمانەکانی ئۆپوزسێۆن ئەوا بێ شك پێویستە لە نیَوان داخوازیەکاندا بن.


* دکتۆرا لە زانستی کۆمپیتەر/دانیشگای کارلتون/کەنەدا

Sbeiy.com © 2007