Print
 ٨ مارس و چەواشەکاری
Tuesday, March 8, 2011
روناک ئەحمەد


کێشەی رەگەزی مێ کێشەیەکە لەسەر ئاستی دنیا بونی هەیە، بێگومان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕێ ئەگەر لێرەدا کەمێک تیشک بخەمەسەر باشوری کوردستان، کە ژنان بە کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە تا ژن کوشتن، فرەژنی... دەناڵێنن، بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە چونکە سیستەم و کەلتور و پەروەردە و یاساو کۆمەڵگا بە دەستی پیاو دروست بوە دیسان ژنان لێرەشەوە بۆتەوە بە قوربانی، کە ئەوەنەی تر ژنانی لە مانای مرۆڤ بون دەرهێناوە.

هەر ئەمەش بۆتە هۆیەک کە حیزبەکانیش بەپێی بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنن... ئەمە وای کردوە ژنانی ئەو پارچەی کوردستانی ئەوەنەی تر بێئومێد کردوە، جیاوازیەکی ئێجگار زۆریان لە بەینی رەگەزی مێ، نێردا کردوە، ئەمە لە کاتێکدایە لەو بەشەی کوردستان لەژێر سایەی ٢٠ ساڵ حوکمڕانی ئەو دوحیزبە ژنیش وەک بەشێک بۆتە قوربانی وەک شتەکانی تریان لێکردوە لەمانای مرۆڤ بون دەریان هێناوە و کردویانە بە شت، واتا وەک ئامرازیان لێ کروە، بۆ سەلماندنی ئەم دێڕەم لە بە هاری ساڵی ٩١ کاتی راپەڕین کرا، دواجار هەر لەسەروبەندی ئەو راپەڕینەدا هەستان بە زیندوکردنەوەی دو کەلتور ئەویش ژن هێنان و ژن کوشن بو، بەرپرسەکان هەمو دەستیان کرد بە ژن هێنان خۆیان وتەنی بە ژنی یەکەمیان دەوت ژنی شاخ و بە ژنی دوەمیان دەوت ژنی شار!

هە رلە درێژەی ئەم کارانە دواجار ژنانیشیان وەک شتەکانی تر بە حیزبیبون کرد، واتا وەک شتەکانی تر دابەشیان کرد بەسەر خۆیاندا چۆن شەهید و خوێندکار، پێشمەرگە، دەزگاکان، پارەی میللەت و خاک و نیشتیمان و... دابەشیان کرد، هەر بەناوی رێکخراوەوە ژنانیشیان کرد بە دو بەشەوە لە بەشی پارتی ناویان نا ئافرەتان لە بەشی یەکێتیش ناویان نا ژنان، دواجاریش چەند ناوی تری لێکەوتەوە وەک ژنانی ئازادیخواز و خوشکانی موسڵمان و...! ئەمە لەکاتێکدا بو کە ئەم حیزبانە بەناوی دیموکراتییەوە رێکخراو بۆ ژنان دروست دەکەن، لەبری ئەوەی داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکەن ژنانیشیان ئەوەنەی تر توشی گرفت کرد ئیتر کێشەی ژنان لەو پارچەی کوردستان ئەوەنەی تر لەژێر سایەی سەری ئەم حیزبانە زیادی کرد، دواجار ژن کوشتن و ژن سوتاندن و فرەژنی ئەوەنەی تر زیادی کرد دواجاریش لە پەرلەمانەکەی عەدنان موفتی دەست بۆ فرەژنی بەرزکرایەوە! کە ژنان نەیانتوانی لەو پەرلەمانە هیچ ناڕەزاییەک دەرببڕن، چونکە ژنان تەنها دروستکراوی دەستی حیزب بون، با کەمێکیش تیشک بخەینەسەر ئەم رێکخراوە حیزبیانەی کە لە کوردستان دروستیان کردون بەناوی مافی ژنانەوە و تەنها تەمسیلی حیزبەکانیان نەبێ هیچ شتێکی تریان پێ ناکرێ، چونکە هەرشتێ بە دەستی حیزب دروست ببێ بێگومان دەبێ بە دڵی حیزبەکەشی هەڵسوکەوت بکات! بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە ئەم رێکخراوانە بون بە نوێنەری ژن لەو بەشەی کوردستان خۆیان ناوناوە چالاکوانی ژنان و ئەوەنەی تر ژنیان کردۆتە قوربانی چۆن لەسەرەوە حیزبەکانیان دژایەتی یەک دەکەن، لە خواریشەوە ئەمانیش دژایەتی یەک دەکەن و ناتوانن هیچ کارێکی هاوبەش پێکەوە بکەن بۆ ژنان و ئەتوانین بڵێین، کە ئێمە شایەتی سەدان تاوانین لەسەر ژن، بەڵام ئەم رێکخراوانە بەپێی پێویست کارێکی وایان نەکردوە کە کاریگەری و کاردانەوەیان بەپێی پێویست بێت، ناتوانن لە ٨ مارسدا گرفتی ئەو ساڵەی ژنان هەمو پێکەوە بکەن بە پرۆژەیەک و کاری لەسەر بکەن، تەحدای ئەو سیستەم و دەسەڵات و کەلتور و کۆمەڵگا بکەن کە هەرچی ناهەقی و ناعەدالەتیە قبوڵی دەکات، بەڵام ژنی وەک مرۆڤی خاوەن بڕیار قبوڵ نییە.

هەر بۆ سەلماندنی ئەم دێڕەم لە جەژنی قورباندا سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی لە مناسەباتێکی حیزبیدا کۆمەڵێ ژنکوژی بەردا، کە ئەمە سوکایەتی بو بە مرۆڤ بە یاسا بە ژن، هەر وەک شتەکانی تری، بەڵام ئەم رێکخراوانە کاردانەوەیەکی وەهایان نەبو کە کاریگەری هەبێ. لەبەرئەوە شتێ ناکەن کە بە دڵی حیزبەکەیان نەبێ و حیزبەکان چۆن کارەساتی نەتەوەی و بۆنەی دینی و بۆنەی حیزبی و بۆنەی نەتەوەییان هەمو کردوە، بە مناسەبەیەکی بێ ناوەڕۆک و بە شیعر و شانامە یادی دەکەنەوە و خەڵکی پێ چەواشە دەکەن، ئاواش ٨ مارسیان کردۆتە مناسەبەیەکی هەزەلی لە ٨ مارسدا رێکخراوەکان دێن کۆمەڵێ هەڵپەرکێ و شعر و شانامە دەڵێن و ناوی دەنێن رۆژی ژنان، کە ئەوە خۆی لە خۆیدا گەورەترین سوکایەتیە بە ژن، کە ژن تەنها ئەو رۆژەی هەبێ، کە پێویستە ٨ مارس بکرێتە رۆژێک کە رۆژی داواکاریبێت و رۆژێ بێت کۆی تاوانی یەک ساڵ کۆکەیتەوە، لەو رۆژەدا بیدەیتە دەسەڵاتداران و پەرلەمان، چونکە کوشتنی هەر ژنێک ئەوا کۆمەڵگا، یاسا، دەسەڵات و حیزب تاوانبارە.

Sbeiy.com © 2007