Print
 هەڕەشەكان لەكوێوە دێن؟
Wednesday, March 9, 2011


عەبدوڵڵا رێشاوی
عەقڵییەتێك لە كوردستاندا هەیە هەمیشە هەڕەشەی بونی «هەڕەشە» بەسەر ئەزمونی هەرێمی كوردستانەوە، لە خەڵكی كوردستان دەكات.

ئەم عەقڵییەتە لەگەڵ دروستبونی هەر ناڕەزایەتییەكی مەدەنی و  هەر جیاوازییەكی سیاسی، ئەم قەوانە دەخاتەوە ئیش و خەڵكی كوردستانی پێ دەترسێنێت و رەخنەو ناڕەزایەتی و  جموجوڵە مەدەنییە كاریگەرەكانی پێ تیرۆر دەكات، ئەو جموجوڵانەی كە لە بنەڕەتدا ئەزمونەكە بەهێز دەكەن، نەك دەیفەوتێنن.

لە راستیدا، ئەم قەوانە «كوردستان هەڕەشەی لەسەرە» پڕیەتی لە چەندین پەیام و مەسجی جیاوازی سامناك كە هەمویان لە زەرەرو زیانی ئەزمونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان تەواو دەبن، نەك لە قازانجی.

یەكەم: لەسەر ئاستی ناوەوە؛ ئەم قەوانە بێباوەڕی و ترسنۆكی دروست دەكات لەلای تاكی كوردو كۆی نەتەوەیەك كە پێویستی بە ئومێد و ئازایەتی و باوەڕبەخۆبونە، نەك ترساندن، بۆ ئەوەی بتوانێت وەك نەتەوەیەك كە چانسێكی گەورەی بۆ هەڵكەوتوە، بێتە مەیدان و ئەزمونی تواناكانی خۆی بكات لە پێكهێنانی حكومەت و فەرمانڕەوای و سەروەری نەتەوەیی.

دوەم: لەسەر ئاستی دەرەوە؛ ئەو مەسجە ئەوە دەگەیەنێت دۆستو دوژمن كە هێشتا كورد خۆی باوەڕی بە حوكمڕانییەكەی خۆی نییەو ئەوەی دەستی كەوتوە وەك «خەوێك»، یان شتێكی كاتیی تەماشای دەكات كە هەر كات ئامادەیە لێی راچڵەكێت، یان وازی لێبهێنێت.

سێیەم: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ كورد وەك نەتەوەیەك تەماشا دەكرێت كە باوەڕی بە خۆیو ئەو چانسەی پێیبەخشراوە نییەو بە گومانەوە تەماشای كیانەكەی دەكات، كە ئەمەش بۆ لەدەستدانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی خەتەرە.

ئەم قەوانە لەگەڵ هەمو زیانەكانی خۆی لە راستیدا هەڵگری چەندین ئیشكالیەتەو چەندین پرسیاری لە دەورە:
یەكەم: كامانەن ئەو هەڕەشانە؟ بێگومان ئەو عەقڵییەتەی ئەم قەوانە، وەك هەڕەشە و وەك شەماعەیەك بۆ پاساوی شكست و ئیستیبدادی سیاسی خۆی دەخاتە ئیش، مەبەستی لە هەڕەشەكانی سەر هەرێم، هەڕەشەی سنورەكانە لەگەڵ هەڕەشەی حكومەتی ناوەند!، بەڵام لە راستیدا ئەمە دورترینو بێماناترینی ئەو هەڕەشانەن كە ئەگەری ئەوەیان هەیە دوچاری هەرێم ببنەوە، دوچاریشی نابنەوە هەتا خۆمان بە شكستەكانی خۆمان دروستی نەكەین.

لەگەڵ ئەوەی سەردەمی داگیركاریی سەربازیی بەسەرچوە، ئەوا چ ئێران، چ توركیا، چ سوریا و چ ده‌سەڵاتی ناوەندیش، هەڕەشەیەكیان لە هەرێمی كوردستان نەكردوە و بە پێچەوانەوە زۆر بە ئیحتیرامیشەوە لەگەڵ ئەم «ئەزمونە» مامەڵەیان كردوە...

ئەم وڵاتانە، بەشی خۆیان هێندە ئەجێنداو ئیشكالیاتی ناوخۆییان هەیە كە كەمتر بیان پەرژێتە سەر ئەوەی خۆیان بۆ قوتدانی ئەوەی لە كوردستان هەیە ئامادەبكەن، سەرەڕای رێگرە ناوخۆییەكان و ئەو گۆڕانە ریشەییەی بەسەر شێوازی ئیشكردنی دەوڵەتی مۆدێرندا هاتوە لە دنیا كە زیاتر ناچارە سەرقاڵی ناوخۆی بێت، نەك دەرەوە.

سیاسەتی كوردیش لە رانەگەیاندنی سەربەخۆیی بۆ ئەوە بوە كە ئەو وڵاتانە هەڕەشەمان لێ نەكەن، كەواتە ئیدی بۆچی لە هەڕەشەیان دەترسین؟

هێرشە سەربازییەكەی روسیا بۆ سەر هەرێمی سەربەخۆی جۆرجیا لە (2009)دا، هەر زو شكستی هێنا كە لە هیچەوە دروست نەبو، تەنیا لە هەڵەیەكی گەورەی سیاسیی سەرۆكی جۆرجیاوە نەبێت.

بەڵام ناچارین بپرسین؛ ئەگەر هەڕەشەیەك لەسەر حوكمڕانیی هەرێم هەبێت،  لەكوێوە دێت؟

بێگومان، ئەگەر هەڕەشەیەك لە سەر حوكمڕانی كورد لە هەرێمی كوردستاندا هەبێت، هەڕەشەیەك نییە لەودیو سنورەكانەوە، بەڵكو هەڕەشەیەكە لە ناوەوەو لەناو خودی خۆمانەوە سەرچاوە دەگرێت.

گەندەڵی، دروست نەكردنی بناغەكانی «دەوڵەت» پاش (20) ساڵ لە حوكمڕانیی، هەیمەنەی حیزب و كۆنترۆڵكردنی حكومەت و سستكردنی لە لایەن حیزبەوە و هەمو ئەو كێشە و گیروگرفتانەی تر كە ئەزمونەكە لەناوەوە بە دەستییەوە دەناڵێنێت. ئەم هەڕەشانەی لێدەرچێت، ئیدی پێموایە؛ هیچ هەڕەشەیەكی دیكە لەسەر حوكمڕانیی كورد لە هەرێمی كوردستان نییەو ئەو قەوانە لە وەهمێكی ترسنۆكانە و لە مۆتەكەیەكی دروستكراو بۆ ترساندنی خەڵكو كوشتنی جیاوازییەكان زیاتر، هیچی تر نییە.

Sbeiy.com © 2007