Print
 خیانەت نیە ئەگەر دۆسیەی گەندەڵی و پێشێلكردنی ئازادیەكان بەرنە بەغدا
Sunday, March 13, 2011
خالد رەنجدەر


لە حەڤدەی شوباتەوە تا ئەمڕۆ كەس لە بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان ئامادە نین بێنە روی خۆپیشاندەران و گوێ بۆ داواكاریەكانیان بگرن. بەپێچەوانەوە ھەردو حیزبی دەسەڵاتدار كێشەكانیان بردۆتە ھۆڵی پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمان یەك بە دوای یەكدا بەرپەچیان دەداتەوە، ھەر كە تینیشی بۆ ھات دانیشتنەكە كۆتایی پێدێنێت و دەرگای پەرلەمان دادەخات.

پێموایە مادام ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و دەسەڵاتی ئەم ھەرێمە بەشێكە لە دەسەڵاتی عێراق، بزوتنەوەی گۆڕانیش بونی فەرمی لە بەغدا ھەیە، جێی خۆیەتی كە گۆڕان دۆسیەیەكی گەورە بۆ گەندەڵی و گەندەڵەكان و بكوژانی خۆپیشاندەران دروست بكات و بە بەڵگەوە بیباتە دادگای باڵای عێراق، داوای دادگاییكردنیان بكات. بە ھیچ شێوەیەك خیانەت نیە ئەگەر خۆپیشاندەران و ئۆپۆزسیۆنی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە ھاوپەیمان لە ناوەند و باشوری عێراق بۆ خۆیان پەیدا بكەن و بیكەنە گوشارێك بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری ریشەیی لە ھەرێمدا. مادام ھاوپەیمانێتی بۆ دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە عێراق و دەرەوەی عێراقدا رەوایە، ئۆپۆزیسیۆن و خۆپیشاندەرانیش مافی خۆیانە ھاوپەیمان بۆخۆیان پەیدا بكەن.

ئێستا كە عەرەبەكان دەیانەوێت مام جەلالی سەرۆكی عێراق بانگھێشتی پەرلەمانی عێراق بكەن، لەسەر كۆبونەوەی لەگەڵ پێشمەرگەدا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكەن، جێی خۆیەتی كە ئۆپۆزسیۆنیش لەسەر پێشێلكاری مافی ھاوڵاتیان و شەھیدكردنی خۆپیشاندەران و داڵدەدانی گەندەڵەكان و دەست لەكاروباری حكومەتی ھەرێم وەردان لە لایەن حیزبەكەیەوە بكەنە دۆسیەیەك و داوای لێپێچینەوە بكەن لە گەڵیدا.

جێی خۆیەتی میللەت بزانێت كە سەرۆكی ھەرێم كاتێك ون دەبێت بۆ كوێ دەچێت و چ پرۆتۆكۆلێك مۆر دەكات، بۆچی میدالیای لە مل دەكەن؟ تاكەی كاروباری ئەم ھەرێمە ھەردەبێ بە دزی و نھێنی بچێت بەڕێوە؟ ھەروەھا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت كە ئایا بۆچی لەو كاتەی پاسەوانی بارەگای حیزبەكەی كوڕی ھاوڵاتیانیان شەھید و بریندار دەكرد بە پەلە نەگەڕایەوە بۆ ھەرێم؟ لە وڵاتانی دیموكراتیدا سەرۆكی وڵات یان سەرۆكی حكومەت بە پەلە دەگەڕێتەوە وڵاتەكەی كاتێك كە پێی دەڵێن خانویەكی چەندە نھۆمی روخاوە، یان كارەساتێكی ھاتوچۆ بوە و خەڵكی تێدا مردون. ھاتنەوەی بە پەلەی سەرۆك بۆ وڵاتەكەی نیشانەی رێزگرتنیەتی لە نرخ و بەھای خەڵكەكەی. لە وڵاتانی دیموكراتیدا ئەگەر سەد كەس لەبەردەم پەرلەمان یان لەبەردەم وەزارەتێك خۆپیشاندانیان كرد بەلای كەمەوە بەرپرسێكی گرنگ دێت بە دەمیانەوە و نەك ھەر یاداشتەكەیان لێوەدەرگێت، بەڵكو دەزانێت بۆچی ھاتون، لەو چوارچێوەیەشدا وتارێكیان بۆ دەدات، یاداشتەكەشیان لێ وەردەگرێت و دەستبەجێ دەگەیەنێتە ئەو جومگەی دەسەڵات كە بەرپرسە لە داواكاریەكانیان.

لە دانیمارك وەزیری بێگانەكان دەستی لە كاركێشایەوە لەبەرئەوەی وەزارەتەكەی رەفزی داوە بە چل پەنابەری فەلەستینی كە بە بێ وڵات لەقەڵەم دەدرێن. لە ھەرێمی كوردستانی عێراق و لە سەرای ئازادی لە سلێمانی دەسەڵاتدارانی ھەرێم رەفزیان دا بە ھەزاران خۆپیشاندەری ھاوڵاتیانی خۆیان و ھیچ نرخ و بەھایەكیان بۆ داواكاریەكانیان دانەنا.

زۆرم پێ سەیرە، ئەم دەسەڵاتەی ھەرێم دەڵێی كورد نین و لەو وڵاتە لە دایك نەبون. سەدام حسین لە یەكێك لە سەردانەكانیدا بۆ شاری سلێمانی لە كاتی شەڕی عێراق و ئێراندا خۆی كرد بە ماڵی یەكێك لە ئەفسەر كوردەكانی سوپای عێراقدا و خاوەن ماڵ باسی ئەوەی بۆ كرد، كە كوردیش بەشداری شەڕەكە دەكات و بەرگری لە عێراق دەكات، بەڵام سەدام گوێی بۆ نەگرت و ئەوەی خۆی دەیویست وتی. وتی: كاكە مێژو باش بۆ كورد نانوسێت. ئەگەر ھەمو كورد بە درێژایی بەرەی شەڕ بە (ئاڕ بی جی)ەوە بوەستانایە، ئەو لەبەرچاوی نەبو، ھەر بەو چاوە سەیری كوردی دەكرد كە دوژمنە.

بەڕاستی جێی گریانە كە میللەتێك رژاوەتە سەر شەقامەكان و بە ھێمنانە گلەیی خۆیان لە دەسەڵات دەكەن، دەسەڵات ھێندە نرخ و بەھایان بۆ دانانێت كە بێت لە نزیكەوە قسەیەكیان بۆ بكات. تا ئیستا دەبو مام جەلالیش و مەسعود بارزانیش چەندین جار سەردانی ئەو خۆپیشاندەرانەیان بكردایە و لە نزیكەوە خۆیان گوێبیستی داواكاریەكانیان بونایە. ئاخر میللەت چۆن دڵی لێت ناشكێ كە تۆی سەرۆكی ھەرێم لەبەرخاتری دادگاییكردنی كوڕەكەت دەچیتە نەمسا، بەڵام لەبەرخاتری ھەزاران ھاوڵاتی خۆت جارێك رویان تێناكەیت، سەردانی ئەو شارە ناكەیت كە پێشوازی لە باوكت كرد و لەگەڵیدا چونەوە بۆ بارزان؟

ئێوە دەڵێن شۆڕشتان بۆ میللەت كرد و ئەم ئەزمونەی ئەمڕۆ بەرھەمی خەباتی میللەتە. كام میللەتە؟ مەبەستان ئەو میللەتەیە كە لە لەسەرچۆك لەبەردەمتاندا كڕنوشتان بۆ ببات، ئاڵای سەوز و زەرد بە شانیدا بچێتەخوارەوە و لە شەقامەكاندا رێپێوانتان بكەن؟ باشە ئەوانەی خۆپیشاندان دەكەن و داوای مافەكانی خۆیان دەكەن میللەت نین؟ ئێوە ھەر دەبێ سەرۆكی میللەتێك بن كە رەخنەی نەبێت و لەسەر مافەكانی رق نەیگرێت؟

تكاتان لێ دەكەم لەو پەیژەیە وەرنە خوارەوە كە میللەتی لێوە بە بچوك دەبینن، پێش ئەوەی میللەت بەو سەری دوربینەكە سەیرتان بكات، ھێندەی تر دوربكەونەوە!

Sbeiy.com © 2007