Print
 مه‌ریوان وریا قانع: سوتاندنی خێمەکان و چاره‌نوسی یەکێتی نیشتیمانی
Monday, March 14, 2011

(سبه‌ی‌):
دەسەڵاتدارانی کوردوستان دەبێت چەند خێمەی تر بسوتێنن، چەند کەناڵی ڕادیۆ و تەلەفیزۆنی تر ئاگردەن، چەند گەنجی تری وڵات بگرن و بفڕێنن و برینداربکەن، بۆئەوەی ئەو ڕاستییە سادەیەیان بۆ ڕونببێتەوە ئەوەی ئەمڕۆکە لە کوردوستاندا ڕودەدات شتێکی کاتی و تێپەڕ نییە. مەسەلەیەک نییە ناڕەزاییەکی ساتی و توڕەبونێکی تێپەڕ دروستیکردبێت، شتێک نییە چاو سورکردنەوە و پەلاماردان و پێکەنینی ئەم یان ئەو سەرکردە لەسەر تەلەفزیۆن کۆتایی پێبھێنێت. ئەوەی ڕودەدات ڕوداوێک نیە ھیچ سیاسییەک بە بڕیارێک، بە ناردنی تاقمێک چەکدار، بە پەلاماردانی ئەم یان ئەو مەیدان لە مەیدانە زۆرەکانی ئازادی، کۆتایی پێبھێنێت. ئەوەی لە کوردستاندا ڕودەدات ھەوڵدانە بۆ ڕاستکردنەوەی مێژویەکی ھەڵە، بۆ گۆڕینی مۆدێلێکی تایبەت لە حوکمڕانی، بۆ دروستکردنی سیاسەتێکی نوێ بۆ ئومێد و چاوەڕوانی.
سوتانی خێمەکانی سەرای ئازادی بەتەواوی پەردەی لەسەر ڕوخسارە عەسابەیی و مافیاییەکه‌ی دەسەڵات لابرد، نیشانیداین دەسەڵات لاڵە و ھەڵگری ھیچ زمانێک نییە، جگە لە زمانی چەتەیی و مافیایی و وێرانەسازی. بەربەریەت کاتێک دروستدەبێت کە زمانێک بۆ گفتوگۆ نەمێنێتەوە، بەربەریەت دۆخی نەمانی زمانە، دڕندە ئەو کەس و ھێز و لایەنەیە کە زمانی گفتوگۆی لەدەستداوە. وەحشی بە کەسێک دەگوترێت کە زمانی نییە و وەک کێویەک دەجوڵێتەوە.
* * *
لە چەند ڕۆژی ڕابردودا سلێمانی بەرەو ئەوە دەچو ببێتە شارێک جوان بە ناڕەزاییەتییەکانیەوە، جێگایەک گەورە بە ڕۆحە ڕەخنەییەکەیەوە، شوێنێک لێبوردە بە تێکەڵبونی دین و نادین و گەنج و پیر و ژن و پیاوییەوە بەیەکدی. ھاوکات دەسەڵاتدارانی شاریش لەوە نزیکدەکەوتنەوە لە قوڵایی و ھەقیقەتی ناڕەزاییەکان تێبگەن، لۆژیکی توڕەبونەکان ببینن، بۆیاندەرکەوێت ئەوەی ڕودەدات تەنھا خواستی کەسانی نەیار و دژ بە دەسەڵات نییە، بەڵکو خواستی سەدان و ھەزران کەسی سەر بە ھێز و دەزگاکانی دەسەڵاتیشە.
بەڵام سوتانی خێمەکانی سەرای ئازادی ھێما بۆ گۆڕانێکی لەپڕ و خێرا لە میزاج و زەوقی بڕێک لە دەسەڵاتداراندا دەکات، دەلالەت لە ھیستریایەکی ترسناک دەکات کە دەشێت ئاکاری گروپێکی تایبەتی ناودەسەڵات بێت و لەڕۆژانی داھاتودا چاوەڕێی کارەساتی گەورەیان لێبکەین. ئەم ڕوداوە بەر لەھەمو کەسێک یەخەی یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان دەگرێت، یەخەی ھێزێک کە لە بیست ساڵی ڕابردودا ھەمو دەزگاکانی حوکمڕانی ئەو شارەی بەدەستەوە بوە و تا ئێستاش بەدەستیەوەیە. ھەمومان دەزانین شتێک لە کوردستاندا نەماوە ناوی ”حکومەتی ھەرێم“ بێت، ئەوەی ھەیە و حوکم دەکات تەنانەت حیزب نییە بەمانا سیاسییە ڕاستەقینەکەی، بەڵکو ئەو ھێز و دەستە و تاقمانەی ناو حیزبن کە لەھەموان زیاتر لە پێگە و قازانج و دەستکەوتە تایبەتەکانی خۆیان دەترسن و بەگومانن. ئەوەی دوێنێ شەو ڕویدا ھێما بۆ سەرکەوتنی ئەو دەستە بێباک و نابەرپرسیارەی ناو حیزب دەکات، کە نە ئاگای لە ڕوداوەکانی کوردوستانە، نە ئاگای لە ھەست و نەستی خەڵکە و تەنانەت ئاگای لە خواستی بڕێکی زۆری ئەندامانی ناو حیزبەکە خۆشی نییە.
* * *
ڕێگرتن لەوەی یەکێتی نیشتیمانی بەتەواوی داخزێتە بەرەی دژ بە خەڵک و ئاڵای دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی داواکاری و ناڕەزاییەکانی خەڵک ھەڵگرێت، ئەرکێکی سیاسی و نیشتیمانی گرنگە. بەڵام ئەم ئەرکە بە پلەی یەکەم و بەر لە ھەموان لەسەر شانی کەسە دڵسۆز و بەرپرسیارەکانی ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان خۆیەتی، ئینجا ئەرکی ئەو ھێزانەی ترە کە دەتوانن لەگەڵ یەکێتیدا بکەونە گفتوگۆ و نەھێڵن بەتەواوی داخلیسکێت بۆ ناو خەرەندی دژ بە خەڵک. دەبێت نەھێڵدرێت ئەم ئاراستە ترسناکە لەناو یەکێتیدا ببێت بە ئاراستەی باڵادەست و بڕیارە چارەنوسسازەکان بدات. بەشە زیندوەکەی ناو یەکێتی دەبێت نەھێڵێت یەکێتی لەم دۆخە ناسکەدا ھەڵەی گەورە و ستراتیژی بکات. لە مێژە لینین گوتویەتی سیاسی ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە ھەڵە ناکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ھەڵەی ستراتیژی ناکات. ئەرکی زۆر لایەنە نەھێڵن یەکێتی ھەڵەی ستراتیژی و گەورە بکات.

ئه‌م وتاره‌، ئه‌مڕۆ له‌ سه‌ر په‌یجی خۆی‌ له‌سه‌ر فه‌یسبوك، نوسه‌رو روناكبیری‌ گه‌وره‌ی‌ كورد، (مه‌ریوان وریا قانع) نوسیویه‌تی و بڵاویكردوه‌ته‌وه‌

 

Sbeiy.com © 2007