Print
 مەریوان وریا قانیع: سه‌رای ئازادی شوێنێکه‌ بۆ خەون و ئازادی
Wednesday, March 23, 2011


(سبه‌ی):
مه‌ریوان وریا قانیع، نوسه‌رو روناكبیری‌ دیارو ناسراوی‌ كورد كه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌ له‌ نامه‌یه‌كیدا كه‌ له‌ لاپه‌ره‌ی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ ئینته‌رنێت بڵاویكردوه‌ته‌وه،‌ جارێكی‌ تر پشتیوانی‌ خۆی‌ بۆ خۆپیشانده‌رانی‌ سه‌رای ئازادی‌ ده‌رده‌بڕێت و هه‌ستی‌ خۆی‌ به‌رامبه‌ر دیمه‌نه‌كانی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ ده‌رده‌بڕێت.
له‌ نامه‌که‌یدا نوسیویه‌تی: پڕ بەدڵ حەزمدەکرد ئێستا و لەم ساتە دەگمەنەدا، لەناو ئەم سەرای ئازادییەدا لەگەڵتان بم، پەنجەکانم لەپاڵ پەنجەکانی ئێوەدا بوایە بۆ سەرلەنوێ نوسینەوەی یاسا و بەھاکانی ئەو ژیانەی کە سبەینێ دروستیدەکەین، بەڵام بەداخەوە چەندان ھۆکاری تایبەت منی تا ئێستا لە دەرەوەی ئەو سەرایە ھێشتۆتەوە.


ده‌قی نامه‌که‌

بۆ سەرای ئازادی، شوێنێک بۆ خەون و شوێنێک بۆ ئازادی

دۆستان و ھاوڕێیان و ئازیزانی من لە نیشتیمان...
خۆشحاڵم جارێکی تر لە ڕێگەی ئەم نامەیەوە پەیوەندی بە ئێوەی ئازیزەوە بکەمەوە، پڕ بە دڵ حەزمدەکرد لەم ساتە مێژووییە دەگمەن و گەورانەدا لەناوتاندابم. ئەو ساتانەی ئینسان بە وشیارییەکی نوێوە مێژوویەکی نوێ و دونیایەکی نوێ و خەونێکی نوێ دروستدەکات.

ھاوڕێیان...
لە مێژووی مرۆڤدا ئەو ساتانە دەگمەنن کە ئینسان ھەستبکات دەست و پەنجەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەناو ھەناوی مێژوودایە، ئیرادەی خەریکی سەرلەنوێ نووسینەوەی ژیان و کۆمەڵگا و پەیوەندییەکانە. ھەستبکات عەقڵی خەریکی جێگۆڕکێیەکی ڕاستەقینە بە شتەکان. ئەم ساتانە چەند دەگمەنن، ھاوکات ساتی پاککردنەوەی بینین و بیستن و قسەکردنە لە خڵتە و غوباری ساڵە ناشیرینیەکانی مێژوو. ئەم ساتانە ساتی بوونی ئینسانە بە دروستکەری یەکەمی ژیانی خۆی، بە بکەری ڕاستەقینەی ژیانی ئەو کۆمەڵگایەی تیایدا دەژی. پڕ بەدڵ حەزمدەکرد ئێستا و لەم ساتە دەگمەنەدا، لەناو ئەم سەرای ئازادییەدا لەگەڵتان بم. پەنجەکانم لەپاڵ پەنجەکانی ئێوەدا بوایە بۆ سەرلەنوێ نووسینەوەی یاسا و بەھاکانی ئەو ژیانەی کە سبەینێ دروستیدەکەین. بەڵام بەداخەوە چەندان ھۆکاری تایبەت منی تا ئێستا لە دەرەوەی ئەو سەرایە ھێشتۆتەوە.

ھاوڕێیان من ئەم سەرای ئازادییە باش دەناسم، ھیچ شوێنێکی تری دونیا بە ڕادەی ئەم سەرایە ناناسم. من بڕێکی زۆری مناڵیم لەناو ئەم گۆڕەپانەدا بەسەربردوە. جارێک وەک کتێب فروش و جارێک وەک ڕۆژنامەفرۆشێکی دەستگێڕ و جارێکی تر وەک منداڵێک سەرسام بەشار لەم سەرایەدا ژیاوم. زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم لەگەڵ بست بە بستی ئەم مەیدانەدا حیکایەتێکی تایبەتم ھەیە. من لەم سەرایەدا ئینسانم دیوە گریاوە، تێکۆشەرم دیوە پەلاماری دوژمنانی داوە، خەڵکم دیوە سەمایان کردوە، کاسبکارم دیوە بژێوی ژیانی پەیداکردوە، نابینام بینیوە بەخەیاڵ دەستی لە ڕۆحی ئەم شارە داوە، گەنجم بینیوە لە سێدارە دراوە. ئەم سەرایە سەرای مێژووی کورد و ئینسانی کوردە بە ھەموو کارەسات و ئاھەنگەکانیەوە، بە تێکشکان و ھەستانەوەکانییەوە، بە گریان و پێکەنینەکانییەوە. ئەم سەرایە لەڕۆژی دروستبوونییەوە سەرای ژیان بووە. سەرایەک پڕ ڕووداو و حیکایەتی جیاواز.

بەڵام ھاوڕێیان، ئەو سەرایەی من بەدرێژایی تەمەنی خۆم ناسیومە و دواندومە سەرایەکی خەمباربووە، سەرایەک بووە دڵشکاو، پڕ قسە بەڵام بێدەنگکراو و ترسێنراو. من تەنانەت خەیاڵی ئەم سەرایەش دەناسم، دەزانم ھەمیشە خەونی بەوەوە بینیوە شتێکی تربێت، ناوێکی تر و ژیانێکی تر و گۆرانییەکی تری، ھەبێت. ڕووداوەکانیشی مەزنتر و جوانتر و ئینسانیتربێت. خۆشی زۆر زیاتربێت لەوەی کە ھەیە.

خۆشحاڵانە ئەمڕۆ کە لە دوورەوە وێنەکانی ئێوە و وێنەکانی ئەم سەرایە دەبینم، دەزانم سەراکەمان چیدی تەنھا خەون نابینێت، بەڵکو خەونەکانی دەژی، تەنھا خاوەنی خەیاڵێکی ئاگرین نییە، بەڵکو ئەو خەیاڵە سانتیمەتر بە سانتیمەتر دەکات بە واقیع، خۆشی تەنھا گۆڕەپانی تایبەتی شارێکی تایبەت نییە، بەڵکو وزەی گەورەی نیشتیمانێکە دەیەوێت جارێکی تر و سەدان جاری تر سەرلەنوێ لەدایکببێتەوە. بەدرێژایی تەمەنم من ئەم سەرایەم بەڕادەی ئەمڕۆ ئازاد و پڕئومێد و ناسک نەبینیوە. ھەرگیز بەقەد ئەمڕۆ نەژیاوە و ھەرگیز بە ئەندازەی ئەمڕۆکە شاعیرانە نەبووە. ئەم سەرایە جوگرافیایەکی نوێییە: جوگرافیای لەدایکبوونی سەرزەمین و نیشتیمانێکی نوێ.

ھەموو مێژوویەک ساتەوەختی تاریک و ڕووناکی خۆی ھەیە، زەمەنی ئومێد و نائومێدی تایبەتی ھەیە، ساتی نوچدان و ھەڵسانەوەی خۆی ھەیە. ئەوەی ئەمڕۆ لە نیشتیمانی ئێمەدا ڕوودەدات، ئەوەی ئێوە لەم سەرای ئازادییەدا دروستیدەکەن، داگیرسانی ھەموو چرا و ئەستێرە و ڕوناکییە کوژاوەکانی ناو مێژووی ئێمەیە. ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت گەڕاندنەوەی ئومێدە بۆ ناو لەشی نیشتیمانێک لەوەدەچوو دڵۆپێک ئومێدی تێدانەمابێتەوە. ئەمڕۆ مێژووی ئێمە دەستدەبات ئەو خڵتە و غوبار و تەپوتۆڕانە دەسڕێتەوە کە بەرچاوی تاریکردوە. ئەوەی ئەو کارە گەورەیە دەکات ئێوەن، ئەوەی ئەم مێژووە تازەیە دەنووسێتەوە ئێوەن. ئەوەی ئەم سەرایە دەکاتە بێشکەی ئازادی، ئێوەن.

جارێکی تر سڵاوی من لە دوورەوە
مەریوان وریا قانیع
ئەمستەردام

Sbeiy.com © 2007