Print
 خۆپیشاندانەكانی سەرای ئازادی... چرایەك لە تونێلێكی تاریكدا
Saturday, April 9, 2011
خالد رەنجدەر

گردبونەوەی جەماوەری و خۆپیشاندان و رێپێوان و رادەربڕین بەشێكن لەو مافە بناغەییانەی كە دەبێ ھەمو ھاوڵاتیەك ھەیبێت. ھیچ یاسایەك رێ بە دەسەڵات نادات كە رێ لە پیادەكردنی ئەو مافانە بگرێت، بە پاساوی بێ بنەما قەدەغەیان بكات، یان ئەگەر رێگەشی پێدا ھەرخۆی لە رێی پۆلیس و كادیری حیزبەكانی ناو دەسەڵات بەربەست و ئاستەنگی دروست بكات بۆیان، یان لە كاتی خۆپیشانداندا بە ھەندێك جموجوڵ و لێدوانی پێشوەخت و گوشارھێنان، خۆپیشاندەران بوروژێنێ و بەرەو تێكدان و توندوتیژی بیانبات تا لێدان و بڵاوەپێكردنیان ئاسان بێت.

لە وڵاتانی دیموكراتیدا كاتێك خۆپیشاندان دەكرێ و لەو جێیەی كە دیاری كراوە جەماوەر كۆدەبێتەوە، دەستەی ئامادەكاری خۆپیشاندانەكە داواكاری خۆپیشاندەران دەخاتەڕو. ھەر لەو كاتەدا نوێنەرێكی دەسەڵات، ئەندامی پەرلەمان یان بەرپرسێكی حكومەت ئامادە دەبێت. بۆ ھێشتنەوەی متمانە بەو حكومەتە ئەندامەكەی پەرلەمان یان بەرپرسە حكومیەكە وتارێكی كورت بۆ خۆپیشاندەران دەدات، داواكاریەكان وەردەگرێ و بەڵێنیان پێ دەدات كە بیانگەیەنەتە جێی خۆی.

لە سەرای ئازادی لە سلێمانی ئەوەی لەسەرشانی خۆپیشاندەران بو ئەنجامیاندا. خۆپیشاندانەكە بەھێمنی بەڕێوەچو و جەماوەر لە ئاستێكی بەرزی شارستانیدا داواكاریەكانیان خستەڕو، بەڵام ئەوەی لەسەر دەسەڵات پێویست بو بیكات جێبەجێ نەكرا. ئەو دەسەڵاتەی شەو و رۆژ بانگەشەی ئازادی و دیموكراتی دەكات ئامادە نەبو نوێنەرێك بنێرێت بۆلایان و گوێیان لێبگرێت. بە پێچەوانەوە، زۆر خەمسارد و كەمتەرخەم بو وەك ئەوەی جارێكیتر ھەڵبژاردن نەكرێتەوە و دەسەڵات پێویستی بە دەنگی ھاوڵاتیان نەبێت. بۆ زیاتر وروژاندنی جەماوەر دەسەڵات رۆژ لە دوای رۆژ وتارەكەی خۆی توندتر دەكرد، لەبری لێپرسینەوە لە ئەدای حكومەت لە رێی پەرلەمانەوە متمانەی پێ دایەوە، كەوتە چاوشاركێ لەگەڵ داواكاریەكانی خۆپیشاندەران. كۆتایی ھەمو تاكتیكەكان لەوێوە سەری دەركرد كە دەسەڵات سەلماندی حیزب سەروەرە و لەسەرو حكومەت و یاساوەیە، ئەندامانی سەركردایەتی ھەردو حیزبی دەسەڵاتدار كۆبونەوە و تاوتوێكردنی داواكاریەكانی خۆپیشاندەرانیان بردە تەلاری پەرلەمان. لە ھیچ وڵاتێكی دیموكراتیدا نابینی سەركردە و ئەندامانی حیزبی دەسەڵاتدار ئەو پێشێلكاریە بكەن و ئەوان لەبری حكومەت لە ھۆڵی پەرلەماندا داواكاریەكانی خۆپیشاندەران تاوتوێ بكەن.

ئێستاش دەسەڵات بەردەوامە لە پێشێلكاریەكانی خۆی و بێ گوێ دانە یاسا و دەستور و رای گشتی و رێكەوتننامە نێودەوڵەتیەكان كەوتۆتە دەستگیركردنی خاوەنی ئەو دەنگانەی دژ بە گەندەڵی و ناعەدالەتی ئەو دەسەڵاتە لە سەرای ئازادی وەستانەوە.

سەرەنجامی خۆپیشاندانەكان ھەرچۆنێك بێت و ھەر دەرنجامێك لەگەڵ خۆیاندا بێنن، خاڵی وەرچەرخان بون لە مێژوی سیاسی كوردا. خۆپیشاندانەكانی سەرای ئازادی و قەزا و ناحیەكان رێچكەشكێن بون بۆ وەستانەوە بەڕوی دەسەڵاتێكدا كە كۆمەڵگەی كردۆتە كۆمەڵگەیەكی عەسكەرتاریا و بە بودجەی خەڵكی كوردستان دەیان دەزگای وەك ئاسایش و پاراستن و دەزگای زانیاری و زێرەڤانی و ھێزی تایبەت و گاردی سەرۆكایەتی و پۆلیسی دروست كردوە. وەستانەوە بو بەڕوی دەسەڵاتێكدا كە بەناوی بەرەنگاربونەوەی تیرۆرەوە توندوتیژی لەم ھەرێمەدا خوڵقاندوە. خۆپیشاندانەكان سەلماندیان بۆ دەسەڵات كە میللەت بێ ئاگا نیە لە گەندەڵی دەسەڵات و گەمەكردنی بە چارەنوسی ئەم ھەرێمە. خۆپیشاندانەكان سەلماندیان كە ھاوڵاتیان پارێزەری مافە نەتەواتیەكانن، بە دەسەڵاتیان وت كە دەستەوسانە لە ئاست دەستێوەردانی دەرەكی، بگرە خۆی بەشێكە لە پەلكێشكردنی بێگانە و سیاسەتی بێگانە بۆ ناو ھەرێم. بە كورتی و بە كوردی: خۆپیشاندانەكان چرایەك بون لە تونێلێكی تاریكی دورودرێژدا.

Sbeiy.com © 2007