Print
 زیادەڕەویی لە «باربو»دا
Wednesday, May 18, 2011

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح  
      بودجەی بەكاربردنی 2011ی هه‌رێمی کوردستان لە 7 خانەی سەرەكی پێكدێت، كە یەكێك لەو خانانەش، (باربو)ە. باربو، خانەیەكە لە بودجەی زۆربەی وڵاتانی دونیادا بونی هەیە، بەڵام رێگاو شێوازی خۆی هەیە بۆ خەرجكردن، كەچی لە هەرێمی كوردستاندا، زۆرجار بە زیادەڕەوییەكی زۆرەوە خەرجكراوە.

لە وڵاتە پێشكەوتوەكاندا، كاتێك كۆمپانیاكان لەبوارێكی دیاریكراودا توشی قەیران دەبن، حكومەت وەك باربویەك، هاوكارییان دەكات و پاشان بەشێوەی قەرزی درێژخایەن، ئەو پارەیەیان لێوەردەگرێتەوە، بۆنمونە، ئەوەی لە چەند ساڵی رابردودا، لە ئەوروپا و ئەمه‌ریكا بینیمان، كە بەهۆی قەیرانی ئابورییەوە بەشێكی زۆری بانكەكان، توشی گرفتی گەورەبون و حكومەتیش بۆ دەربازكردنی ئەو بانكانە لەو قەیرانە ئابورییانە، هاوكاریی كردن، بەڵام بزانین حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم پارە زۆرەی چۆن خەرجكردوە.

ساڵانە، بڕێك پارەی زۆر بەناوی باربوەوە (اعانات) دەدرێتە شەریكات، بەشێكی زۆری ئەم پارەیە، دەچێتە چوارچێوەی بەهەدەردانی پارەوە، تائێستاش دیار نییە كە ئەو شەریكاتانەی لەم پارەیە سودمەندبون، بەپێی چ پێوەرێك سودمەند بون و ئەو شەریكاتانە هی كێن؟

لەهەرێمی كوردستاندا، سێ بواری زۆر جدی هەن كە پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەیە و ئەو پارەیەی دراوەتە شەریكات، بۆ ئەم سێ بوارەش نەبوە، چونكە ئەگەر ئەم شەریكاتانە لە بواری پیشەسازیدا كاربكەن، بانكی پیشەسازی هەیەو لە بودجەی پارساڵدا (30) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراو تەنیا یەك دیناریشی لێ خەرج نەكراو ئەگەر لە بواری نیشتەجێبونیشدا كاربكەن، سندوقی نیشتەجێبون هەیەو ئەگەر لە بواری كشتوكاڵیشدا كار بكەن، سندوقی كشتوكاڵیی هەیە و پێویست ناكات لە باربو پارەیان بۆ تەرخانبكرێت، ئەی دەبێت ئەم پارەیە بۆ چی بێت؟

حكومەت، نەك ئەم پارەیەی بە ناڕۆشنی خەرجكردوە، بەڵكو لەماوەی رابردودا، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی زۆر چەواشەكارییانە، ئەو زانیارییانەی داوەتە پەرلەمان، كە پەیوەندییان بە باربوەوە هەیە و زۆرینەیان زانیاریی نادروستو دژبەیەك بون.

بۆ نمونە، لە بودجەی ساڵی (2010)دا كە چوە پەرلەمان، حكومەت ئاماژەی بەوەدابو كە بۆ ساڵی (2009)، بڕی (359) ملیار دیناری بۆ باربو تەرخانكردوە، بەڵام لە بودجەی ئەمساڵدا كە چوەتە پەرلەمان، حكومەت وتویەتی، لە ساڵی (2009)دا، (733) ملیار دینار بۆ باربو تەرخانكراوە، واتە زانیارییەكانی حكومەت بەبڕی (374) ملیار دینار دورن لەیەكەوە.

لە پارساڵدا، (398) ملیار دینار بۆ باربو تەرخانكرا، بەڵام تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی پارساڵدا، (512) ملیار دینار خەرجكراوە، واتە تەنیا لەشەش مانگی یەكەمی پارساڵدا، (114) ملیار دینار زیاتر لەو پارەیە خەرجكراوە، كە بڕیاربو پارساڵ بۆ باربو خەرج بكرێت، ئەمە جگە لە شەش مانگی دوەم كە نازانرێت چی خەرجكراوە؟

باشترین بەڵگەش بۆئەوەی كە ئەو پارەیەی بۆ باربو تەرخاندەكرێت، خەرجی ناپێویستە، ئەوەیە كە چۆن لە ساڵی (2009)دا، (773) ملیار دینار بۆ باربو خەرجكراوە و ئەمساڵ بۆ (85) ملیار دینار كەمی كردوە، ئەگەر پێویستە، چۆن دەبێت بەو بڕە كەم بكات؟

لە ساڵی (2009)و شەش مانگی یەكەمی پارساڵدا، یەك ملیار و (37) ملیۆن دۆلار بەناوی باربوەوە دراوەتە شەریكات، بەو پارەیەی كە دراوەتە شەریكاتو نازانرێت كام شەریكاتەو هی كێیە، (90) جار رێگای دوسایدی تاسڵوجە بۆ چەمچەماڵی پێ چاك دەكرا، ئەو پارەیە كە دراوەتە شەریكات و هیچ ئەندام پەرلەمانێكیش نییە بزانێت ئەم شەریكاتانە هی كێن، (1000) قوتابخانەی هاوچەرخی (18)پۆلیی پێ دروستدەكرا، ئایا دەكرێت نەزانرێت، پارەی دروستكردنی (1000) قوتابخانە چی بەسەر هاتوە؟

ئەو پارەیەش كە لەو (18) مانگەدا دراوەتە شەریكات، بەم شێوەیە دابەشكراوە، ترلیۆنێك و (155) ملیار دیناری ئەم پارەیە بە شەریكاتی گشتی دراوە و (121) ملیار دیناریش بۆ شەریكاتی تایبەت خەرجكراوە.

Sbeiy.com © 2007