Print
 بەراوردی ئەم قەیرانە لەگەڵ شەڕی ناوخۆ لە جێی خۆیدا نیە!
Monday, February 21, 2011

رێبوار کەریمی 

سەرەتا ئەوە بڵێم کە بەبڕوای من بەراوردکردنی ئەم ئاخێزەی شاری سلێمانی و کێشەی ئەم رۆژانە بە کێشەی شەڕی ناخۆ بە بە بەراوردێکی دەقیق نازانم، گومان لەوەدا نیە کە ئەم کێشەیە زیانی زۆری لە زۆر بوارەوە بەدوادا دێت و بۆیە لە روانگەی هەڵسەنگاندنی زیانەکانیەوە دەکرێ لەگەڵ کارەساتەکانی رابردوش، بۆ نمونە شەڕی ناوخۆ بەراورد بکرێت. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئەم کێشەیە زۆر پەل و پۆدارتر و ریسکدارترە لە شەڕی ناوخۆ.

هێزەکانی ناو هاوکێشەی ئەم کۆنفلیکتە نوێیە وەک هاوکێشەی شەڕی ناوخۆ دیاریکراو نین، بەشێک لە بکەرەکانی لە سەردەمی شەڕی ناوخۆوە بۆمان ئاشنان، بەڵام فاکتەری مەیدانی و کۆمەڵایەتییەکان و لەوەش گرینگتر باکگراوندی مێژوی ئەم کێشە نوێیە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ پشینەی شەڕی ناوخۆ بەروارد ناکرێ. لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو فاکتەرانەی هاوسەنگی هێز لەم کێشە نوێیەدا دیاری دەکەن، بەڕادەی سەردەمی شەڕی ناوخۆ رون و دیاریکراو نین. بەشێک لە فاکتەرەکانی وەک دەستتێوەردانی ئیقلیمی فاکتەری کلاسیکن لە کێشەکانی ئێمەدا. هەبون و دەشمێنن. بەڵام فاکتەرە ناوخۆییەکان، کە بەشێکی گرینگی پێوەندی بەو شتەوە هەیە کە من ناوی دەنێم "تێک چڕەژانی نەوەکان" و ویست و هەڵوێستیان، ئەم کێشەیە دەکا بە کێشەیەکی مەترسیدارتر لە شەڕی ناوخۆ، یەک خاڵی دیکەشمان لە بیر نەچێت:
لە شەڕی ناوخۆدا دولایەن دەیانەویست پشتی یەکتر لە عەرزبدەن و بەوە شەڕەکە ببەنەوە و، ببڕێتەوە. بەڵام سروشتی کێشەی ئەمجارە لەوەدا ئاڵۆزە کە تەنانەت ئەگەر لایەنی حکومەتی، پشتیشی لە عەرزبدرێ، کێشە ریشەییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە کەڵەکەبوەکانی کۆمەڵگای کوردی بەو ئاسانییە بەلادا ناکەون.

هەڵبەت ئەگەر بڕێک گەشبینانە بڕوانین، خاڵێکی جیاوازیی گرینگی دیکەش هەیە کە دەشێ هیوابەخش بێت:
بەپێچەوانەی شەڕی ناوخۆ، کە جەوهەرێکی دواکەوتوانە و ناشیرینی هەبو، ئەم کێشە نوێیە لە تەنیشت هەمو لایەنە نەخوازراو و مەترسیدارەکانی، جەوهەرێکی روبەرەوپێش و گەشی هەیە، بەو مانایەی کە ئەگەر شەڕی ناوخۆ لە پێناوی یەکاڵاکردنەوە و چڕکردنەوەی دەسەڵات لای لایەنێک بو، ئامانجی ئەم شەڕە نوێیە، نەک چڕکردنەوەی دەسەڵات، بەڵکو بڵاکردنەوە و دیسانترالیزەکردنی دەسەڵاتە، ئامانجی نەوەی سەر شەقامەکانی هەریمی کوردستان نەک دابەشکردنەوەی دەسەڵات لە نێوان هێزە تەقلیدییەکانی کۆمەڵگای کوردی، بەڵکو بەدیهێنانی گۆڕانی رادیکاڵ لە رۆڵ و دەوری نەریتیی ئەو هێزانە و بەشێوەیەکی گشتی داڕشتنەوەی رێسای ئەو گەمە سیاسی و کۆمەڵایەتیەیە بە چەشنێک کە هەمو جارێک هێزە تەقلیدیەکان نەبنەوە بە براوەی ریزبەندی هێزەکانی. ئەم کێشەیە لەو روانگەیەشەوە رولەپێش و هیوابەخشە کە، شەڕێکە بۆ پاشەکشە پێکردنی بنەڕەتی بە زمانی چەک و بەکارهێنانی ئامرازە رەقەکانی دەسەڵات بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان.

بۆیە من لە سەر ئەو باوەڕەم کە ئەگەر بەستێنی گونجاو بۆ دیالۆگێکی جڤاکی لە سەر هەمو ئاستەکانی کۆمەڵگای کوردی پێک بێت و ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی شارستانیانە کاناڵیزەبکرێن، لە هەموشی گرینگتر ئەوەی کە لە قۆناغی یەکەمدا دو لایەنی کێشەکان بکەونە تەعامولێکی شارستانیانە و بنیاتنەرەوە لە گەڵ یەکتر (وەک بۆ نمونە لە شێوەیە مامەڵەی بەڕێوەبەرایەتی زانکۆ سلێمانی لەگەڵ خوێندکارە خۆپێشاندەرەکاندا بیندراوە، واتە دەسەڵات دابەزێتەخوار بۆ سەر شەقام، سەرشەقامیش لە کردە و گوتەی ئیستفزازی و روخێنەر پاک بکرێتەوە)، دەکرێ شیمانەی ئەوە بکەین کە ئەم قەیرانە مۆدێڕنەی ناو کۆمەڵگای کوردی، بەو راچەنینە نوێیەوە کە پێکی هێناوە، "ژانی لە دایکبونێکی نوێ" بێت.

Sbeiy.com © 2007