Print
 کاتێك میریی دەبێتە چەتری تاوانباران
Tuesday, February 22, 2011

سیروان بابه‌عه‌لی  
      
  (راستیی) ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بەردەوام داکۆکیی لێ بکات؛ ئەوانەی ناتوانن تا سەر داکۆکیی لە درۆ بکەن‌ کێشەی نەزانییان نییە، ئەوان زۆرجار لە راستگۆکانیش زۆرزانترن، بەڵکو بۆشایی مۆراڵییان هەیە، کە هەر دەبێت راستیی پڕی بکاتەوە.

چۆن سەرۆکی هەرێم‌، دێوەکانی دەسەڵاتەکەی‌، فەیلەسووفەکانی میدیاکەی، نەیانتوانی تاسەر داکۆکیی لە بەرینبوونەوەی گەندەڵیی‌ و نادادپەروەریی بکەن، ئاواش ناتوانن تاسەر داکۆکیی لە چەپاندن ‌و ئازاردان ‌و دەستگیرکردن ‌و بێسەروشوێنکردن ‌و کوشتن بکەن.

کە یەکەمجار وێنەکانی خۆپیشاندانەکەی بەردەم (لقی چوار)م بینیی، لە چەند دیمەنێکدا بە روونیی هەستم بەوە کرد، خۆپیشاندەران بەبەردەم ئەو بارەگایەدا تێپەڕ دەبن؛ لەشیان رووی لە شەقامی (سالم)ە‌و رێ دەکەن، سەریان بەلای راستدا رووە و بارەگاکە سووڕاندووە، دەستیان بەرزەو هاوار دەکەن... بەڵام پاشان کە گرتە ڤیدیۆییەکانم بینیی، وا دەردەکەوت، کە بەرپرسانی بارەگاکە لە ژوورەوەن‌ و منداڵ ‌‌و مەزنی خۆپیشاندەر بەردیان تێدەگرن. ئەوەی ئێمە نەماندەزانیی ئەوەبوو، ئەو گرتە ڤیدیۆییانە لە نێوەڕاستەوە گیرابوون...

پاشان لە (لڤین پرێس) ئەو گرتە ڤیدیۆییەم بینیی، کە خۆپیشاندەران تەنانەت لە بارەگای (لقی چوار)یش تێدەپەڕن؛ هێشتا کەسەکانی نێو بارەگاکە لەسەر بانن‌، هیچ پەنجەرەیەکی بارەگاکە نەشکاوە و کەسیش بەرد ناهاوێژێت...  لەپڕ سەری گەنجێك دەشکێنرێت؛ ئەو پێی وایە، لەسەر بارەگاکەوە سەری شکێنراوە، بەردهاویشتن دەست پێدەکات؛ پاش ئەوە زۆرینەی کەسەکانی سەر بارەگاکە چۆڵی دەکەن‌ و دەچنە ناوەوە و بەخەستیی تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن...

مرۆڤ گومانی لەوە نییە، هێندەی ژمارەی ئەو بەردانەی گیرانە بارەگاکە و ئەو فیشەکانەی لە بارەگای (لقی چوار)ەوە نران بە خۆپیشاندەرانەوە، گرتەی ڤیدیۆییش سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەی ١٧ی ٢ بوونیان هەیەو تا چەند مانگێکیش هی نوێیان لێ دەردەکەوێت... بەڵام دواگرتەی ڤیدیۆیی ئەوەیە (یاخود وا دەرکەوتووە) کە لە بارەگاکەوە یەکەم پەلاماری خۆپیشاندەران دراوە.

ئەوەی ئێمەمانان لە هەموو شتێك زیاتر ئازار دەدات، هەڵوێستی (پدك) نییە بۆ خوێنڕشتن؛ لەڕاستییدا گەر (پدك) وای نەکردایە، ئەو (پدك)ە نەدەبوو، کە ئێمەمانان تێیگەیشتووین... دواجار (پدك و ینك) لەوە ناسراوترن، پێویستان بە کارکردی تر بێت!

ئاستی گەنجێتیی ‌و پیرێتیی کۆمەڵگەیەك بە رێژەی لەسەدای (رێژوان ‌و زمناکۆ و سورکێو و شێرزاد)ەکانی لێك دەدرێتەوە... کە لێکۆڵیار و کۆمەڵناسەکان (بۆ نموونە) لە زیندووێتی کۆمەڵگەیەکی وەك کۆمەڵگەی (ئێرانیی) دەدوێن، قامك بۆ رێژەی لەسەدای (رێژوان و زمناکۆ و سورکێو و شێرزاد)ەکانی رادەکێشن... بەپێچەوانەشەوە کە کۆمەڵگەیەکی گورجی پێشڤەچووی وەکو کۆمەڵگەی (ئەڵمانیی)، ناسۆرو رەشبینیی بە پاشەڕۆژی خۆی دایدەگرێت، لە سۆنگەی کەمبوونەوەی رێژەی لەسەدای (رێژوان ‌و زمناکۆ و سورکێو و شێرزاد)ەکانییەوەیەتی.

دەسەڵاتی کوردیی، هەر بەدزییەوە دەسەڵاتێکی گەندەڵ ‌و بازرگان ‌و نادادپەروەر نییە، بەڵکو بەئاشکراش رژێمێکی ژیانکوژ و پاشەڕۆژ کوژە... پارتە فەرمانڕەواکان، هەر بەتەنها کاریان بۆ ئەوە نەکردووە، ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە لەو خەرەندەدا بهێڵنەوە؛ بەڵکو لە هەوڵی لەنێوبردنی ئەو نەوەیەشدان، کە چاوی لە رەهەندی بەدیهێنانی ژیانێکی لەوە جوانترە کە ئەمان بۆیان وێنا کردووە.

 ئەو رژێمە دەسەڵاتێك بەڕێوەی دەبات، هێندەی ئەوەی داکۆکیی لە پرێستیژە خێڵەکییەکان دەکات، بە خەمی بەهای مرۆڤەوە نییە. دەسەڵاتێکە ژیان لە جوانتریین جێگەیدا دەکوژێت.

لە یاسادا گوتەزایەکی بەنێوبانگ هەیە زۆربەمان دەیزانین؛ دەڵێت: (تاوانبارکراو بێتاوانە تا ئەو کاتەی تاوانبارییەکەی دەسەلمێنرێت)... ئەو تێزە بە دیوێکی تریشدا بەبڕوام هەر راستە؛ واتە: (تاوانبارکراو گومانلێکراوە، تا ئەو کاتەی بێتاوانییەکەی دەسەلمێنرێت).

لەوێدا ئەوەی ئێمەمانان ئازار دەدات ئەوەیە، میریی، ئەو میرییەی سەرۆکەکەی (دکتۆر بەرهەم)ە!.. لەپاڵ تاوانبارکراوان بە خۆێنڕشتنی خۆپیشاندەراندا‌، کە بە فیشەك، وەڵامی بەردی منداڵەورتکەیان دایەوە، خۆی نمایش دەکات‌و هێشتا دڵیان دەداتەوە!

هیچ شتێك هێندەی هۆش بەخۆهاتنەوە بۆ دیکتاتۆر یان رژێمێکی خوێنڕێژ لە دواساتی تەمەنیدا گرنگ نییە؛ لەڕاستییشدا گەورەتریین گەمژەیی‌‌ و بێئاگایی دیکتاتۆر و رژێمە خوێنڕێژەکان لە دواساتەکانی تەمەنیاندا روودەدات.

ئەو دەسەڵاتە گەمژانەتریین هەڵەکانی خۆی دەست پێکردووە؛ بێئاگایە لەوەی گەر میللەت بەردو داریش نەهاوێژێ ‌و چوارمشقیی شەقامەکان بتەنێ ‌و بایکۆتی فەرمانەکانی بکات، سەرەتای تەوابوونی دەست پێدەکات.

Sbeiy.com © 2007