Print
 یەكێتی نیشتیمانی، لەبەردەم دوڕیانێكی مێژویدا
Tuesday, February 22, 2011

به‌ختیار عه‌لی  
      
  ئەم ساتەی ئەمڕۆ پێیدا دەڕۆین، ساتێكی گرنگە لە مێژوی یەكێتی نیشتیمانیدا... یان وردتر بڵێین لە بەردەم هەمو ئەوانەی تا ئەمڕۆ سەر بە یەكێتی نیشتیمانین. هەندێ ساتی گرنگ هەیە هەم لە ژیان و هەم لە مێژودا كە تێیدا مرۆڤ راستەوخۆ دەكەوێتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی گەورەوە. پرسیارێك دێتەپێشێ «ئایا درێژە بە هەمان رەوتی رابوردوی بدات، یاخود بیر لەوەبكاتەوە دوبارە سیاسەت و ژیان بە جۆرێكی تر ببینێت؟» ئەو شەپۆلە مێژوییە گەورەیەی لە خۆرهەڵاتدا هاتوە، واقیعێكی نوێ و جوگرافیایەكی سیاسی تازەی دروستكردوە...

ئەمڕۆ بەسەدان لاوی كورد لە ژێر هەرێمی دەسەڵاتی ئێوەدا لە خۆپیشانداندان... من لێرەدا وەك نوسەرێك قسەناكەم، بەڵكو وەك مرۆڤێك و وەك باوكێك. هەمو دەزانین ئەو نەوەیە بۆچی توڕەیە، هەمو دەزانین ئەو نەوەیە چەند وەختە نائومێدیی لەسەر نائومێدی سەفتەی دەكات، چەند وەختە نیشتیمانەكەی تا بینەقاقای لە ناو نەبونی عەدالەتی كۆمەڵایەتیدا نوقمە... ئەمڕۆ ژیانی ئەو نەوەیە و پاراستنی رۆحی لە ئەستۆی ئێوەدایە. هەمو شتێك جگە لە خوێن... هەمو شتێك جگە لە خوێن. نرخی ژیانی هەر گەنجێك لە نرخی هەمو دەسەڵاتی دونیا گەورەترە... ئەو گەنجانە هەمو كوڕو برای ئێمەن، هەڵەیەكی مێژویی گەورە دەكەن هەتا یەك فیشەكیش بەرامبەریان بتەقێنن... ئەو توڕەییەی ئەمڕۆ بەشێكی زۆری توڕەییە دەرهەق بە خوێنی كەسانی وەك سۆران و سەردەشت، كە ئێوەش لە رۆژی نیوەڕۆدا چاوتان لێ نوقاند و لێی بێدەنگ بون.

زیادكردنی هەر شەهیدێك، جگە لە گەورەكردنی توڕەیی خەڵك هیچی تر نییە. واز لەوە بهێنن بە ناوی ئاژاوەگێڕی و نۆكەر و دەستی دەرەكییەوە قسەبكەن... پێشتر هەمو سیستمەكانی دونیا ئەم وشانەیان بەكارهێناوەو سودێكی نەبوە. لەم جۆرە ساتانەدا بەعەقڵییەتی كۆن سیاسەت ناكرێت... لەم ساتانەدا ئەسڵەن سیاسەت ناكرێت، سیاسەت دوێنێ دەكرا نەوەك ئەمڕۆ. ئەم ساتانە ساتی بێداربونەوەی هوشیاری ئەخلاقی و ساتی هاتنەدەنگی مرۆڤەكەی ناوتانە. هەڵەیەكی گەورەیە لە پێناوی سیاسەت یان هەرشتێكی تردا ئەو مرۆڤە بكوژن. ئەمە ئەو ساتانەیە لە مێژودا كە دەبێت سیاسی تێیدا بێدەنگ بێت و مرۆڤەكەی ناخی بێتەزمان، سیاسی بڕواتە دواوەو ئینسانەكەی ناومان قسەبكات. ئێستا گرنگ نییە لە سیاسەتدا چی باشە یان خراپە... ئەوە گرنگە چی بۆ ویژدان و ئینسانییەتتان گرنگە.

خۆتان دەزانن من جگە لە نوێنەری خۆم، نوێنەری هیچ كەس نیم، قەتیش رازی نابم نوێنەری كەس بم... لەبەرئەوەی من سیاسی نیم و نوێنەرایەتیكردنی خەڵك لە سروشتی خەڵكی سیاسیدایە و دورە لە سروشتی من و دورە لە سروشتی هەمو شاعیر و رۆماننوسێكی دونیاش. شتێكی قەشەنگیشە هەمو مرۆڤێكیش بتوانێت تەنیا نوێنەری ئینسانەكەی ناو خۆی بێت. ئێوە هێزی ئەوەتان هەیە كوردستان بكەن بە گۆمی خوێن، بەڵام هێزی ئەوەشتان هەیە كە پشت لە خەڵك و گەنجانی رۆحسوك و دڵگەرمی ئەم میللەتە نەكەن... بەشێكی زۆرتان كوڕی دڵسۆزی ئەم نیشتیمانەن، هەندێكتان وەك ئێمە توڕەن لە گەندەڵی و نەبونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، مەهێڵن ئەو بەشە گەندەڵ و ناشیرینەی ناو یەكێتی نیشتیمانی خیانەتتان لە ئینسانەكەی ناو خۆتان پێبكات... مەهێڵن خوێن بڕژێت و لەوە زیاتر مەمانگرێنن. فرمێسكەكانی ئێمە ئەمجارە بەدەست ئێوەیە.

ئەمە ئەو ساتانەی مێژوە كە تەنیا بڕیاری خێرا و راست، ئینسانییەتی ئینسان رزگاردەكات.

ئەوەی بەتەمابن گەنجان و كچ و كوڕی نائومێدی ئەم نیشتیمانە، بە ئاسانی بڕۆنەوە بۆ ماڵێ و بچنەوە ژورێ زەحمەتە. لەبەرئەوە جگە لە پاراستنی ژیانیان، هیچ چارەیەكی ترو رێگایەكی دوهەمتان لەبەردەمدا نییە. من دڵنیام هێشتا روبەرێك ماوە بۆ بیركردنەوە لە ناوتاندا، بیركردنەوەیەك كە تەنیا خەیاڵی لای دەسەڵات و پارەو حوكمی هەتاهەتایی نەبێت... روبەرێك ماوە، تێدەگات و دەبینێت و دەرك بە گەورەیی شەپۆلەكان دەكات، روبەرێك بیر لە خوێن و كوشتن ناكاتەوە، روبەرێك رازی نابێت تفەنگەكەی خۆی بكاتە سنگی خەڵك، روبەرێك تێدەگات چەندە ئەستەمە تەقە لە میللەتی خۆت بكەیت، چەندە ئەستەمە... من بۆ مێژو دەڵێم، ئەوەی بەشێكی گرنگی ئەم ململانێیە لەنێوان دەسەڵات و میللەتدا یەكلاییدەكاتەوە، ئەو بەشەی ناو یەكێتی نیشتیمانییە كە ساتی ئەوە هاتوە خۆی لە هەمو تۆزی دێرینی بتەكێنێت و دەستی خۆی بە خوێنی لاوانی نیشتیمان سور نەكات.

Sbeiy.com © 2007