Print
 زمانەجیاوازەکانی ناڕەزایی‌
Wednesday, February 23, 2011

محه‌مه‌د خورشید  
      
سەرەتا دەخوازم بڵێم، هیچ پاساوێک نیە بۆ تەقەکردن و قەتڵوعامی گەنجانی سڤیل، کە خۆپێشاندان ئەنجامدەدەن، جائەو خۆپێشاندانە بۆ هەرمەبەستێکبێت، تاکو مەبەستی روخاندنی دەسەڵاتیش. گەنجانی شاری سلێمانی کاتێ لە ١٧.٢ دا دەستیان بە ناڕەزایی و رێپێوانکرد، دژی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان، بە بەرد هێرشیانکردە سەر لقی چواری پارتی، لەخراپترین کاردانەوەدا، دەبوایە بە بەرد وەڵام بدرایانەوە، نەک بە رێژنەی گوللـە، من لەدەسەڵاتدارانی بەقەولی خۆیان (دیموکراتی) لەهەرێمی کوردستان دەپرسم. ئایە وەڵامی رێپێوانی ناڕەزایی و داخوازی گەنجان. دەستڕێژی چەکەکان و قەتلوعامە؟ یاخود دانیشتن و گوێگرتن و گفتوگۆکردنە، لەگەڵ نوێنەرانی گەنجی ناڕازی لەگەندەڵی؟
 
لە وڵاتە دیموکراتەکاندا، کاتێ خۆپێشاندەران توندوتیژیش بەکاردێنن، وەک هێرشکردنە سەرماڵ و موڵکی گشتی و تایبەتی و زیانپێگەیاندنیان، کاردانەوەی ئەوپڕی توندی، ئەو دەسەڵاتانە گازی فرمێسکرێژ و فیشەگی مەتاتیە، نەک دەستڕیژی چەکەکان، لەڕاستیدا ئەمەی لە سلێمانی رویدا خوێنڕشتنی شەرعیەتی رێپێوانە.

با دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان گوێی خۆیان ئاواڵەکەن، لەبڕی تۆمەتبارکردنی گەنجانی ناڕازی سەرشەقامی شارو شارۆچکەکانی کوردستان، بەگێرەشوێن و نەناسراوەکان. گوێبگرن لەداواڕەواکانیان. بێگومان داواکانی ئەوان جەگەلە بەموئەسەساتکردن و بەعەدالەت دابەشکردنی سەروەت و سامان و چاککردنی خزمەتگوزارەیەکانی ئەم هەرێمە شتێکیدینیە. وانەو پەندەکانی مێژو سەلماندویانە، لەو چرکەساتانەی خەڵکی وشیاردەبێتەوە بەمافەکانیان و شەقام ئەوروژێت، تەنها دو رێگا لەبەردەم دەسەڵاتدا هەیە، گوێگرتن لەداواکانیان و جێبەجکردنیان، یان سەرکوت و توندوتیژی. رێگای یەکەمیان دیموکراسی و عەقڵانیەت، دوەمیان داخران دیکتاتۆریەت.

من لێرەدا بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەڵێم، گەر بە تەنگی خوێنی رۆڵەکانی ئەم گەلەوەن، گەر خەمخۆری ئێستاو داهاتوی ئەم هەرێمەن، گەر رێزی گیانبەختکردوان و تێکۆشانی رابوردو دەگرن، گەر دەتانەوێت ئێستامان پارێزراو بێت، ئایندەی کوردستان رو لەگەشی و پڕ لەجوانیبێت، گوێبگرن لە داخوازیەکانی گەنجانی کوردستان. لەگەڵ نوێنەرانی گەنجانی خۆپێشاندەر دابنیشن و گفتوگۆی جدی داخوازیەکانیان بکەن، چونکە تەنها رێگا، بۆ پێشکەوتن و مەدەنیەت، لێکتێگەیشتن و دیالۆگە. نەک توندوتیژی و تەخوین. هەروەها تکا لە گەنجانی رێپێوانەکان و ناڕازیش دەکەم، با بەزمانی گوڵ و ئاهەنگی مۆزیک، ناڕەزایی و رێپێوانەکان و داواڕەواکانمان بەرینە پێش.

ئەوەتا لەنێوانی بەردو فیشەک، داهێنانی زمانی نوێ لەنێو گەنجانی ناڕازی و خۆپێشاندەر دێتەپێش، زمانی گروپی سپی بۆ ئاشتی. خۆبوێران لە توندوتیژی، داواڕەواکانتان رونترو پێکانی ئامانجەکانتان ئاسانتر دەکات.

Sbeiy.com © 2007