Print
 بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم تاقیكردنەوەدا
Wednesday, February 23, 2011

مه‌ریوان عه‌لی  
لە كورتبینی و لاوازی و نەخۆشی ئەقڵیەتی سیاسییەكانی كورد هیچ  گومانێكم نییە! هیچ گومانم لەوە نییە كە تارمایی شەڕی ناوخۆ لەبەردەم بارەگای حیزبەكاندا وەك خۆی ماوە، گومانم لەوە نییە ئەو فەرماندە و سەرلق و سەرلەشكرانەی لە شەڕی ناوخۆدا بۆ گرتنی تەپۆڵكەیەك چەندین لاوی بێ دەرەتانیان بە كوشت دەدا، ئێستا دوای دانانی جلەكانی شەڕ، لەبەركردنی قات و بۆینباخ، بەڵام هێشتا تینوی رشتنی خوێنی زیاترن بۆ دەستبەسەراگرتنی پشكێكی كۆمپانیاكان، جەنڕاڵەكانی شەڕی ناوخۆ تەنیا لە خوێنڕشتنەوە چارەسەر و عەزیمەتی قوەتی خۆیان دەبیننەوە، هیچ گومانم نییە لەوەی ئێرە بێ حكومەتی و بێ دەسەڵاتی یاساو بێ دامودەزگای مەدەنی و سیاسییە، ئێرە جەنگەڵستانە و تەنها خوێنڕێژە ئازاكان گرەوی ئەو ململانێیە دەبەنەوە كە لە گۆڕەپانەكەدا دەكوڵێت.

گومانم نییە لەوەی فیكر و سیاسەت و مەعریفە دەمێكە خراونەتە نێو زبڵدانەوە، گومان نییە لەوەی رۆشنبیران لەوپەڕی پەراوێزیدان، گومانم نییە لەوە ئەم حیزبانە ئەقڵ ئاغا هەمومان وەك نۆكەر و رەنجبەر تەماشا دەكەن، گومانم نییە لەو ئەقڵیەتی پاڵەوان و تۆڵەسەندنەوە و دەستبڕینەوە و قبوڵنەكردنی تەعدا و خوێنڕشتن، لە خوێن و زاكیرەی مەسئولە نا مەسئولەكانی ئێمەدا رەگ و ریشەیەكی نەبڕاوەی هەیە، گومانم نییە لەوەی ئەم وڵاتە نەك لەسەر دەستی بەعس، بەڵكو لەسەر دەستی یەكێتی و پارتی هەنجن هەنجن كراوە و لە جیاتی دو لەتكراوە بە سەدان لەتی بێ ساحێب....

لەزۆر شت بێ گومانم... لەزۆر شت گەیشتومەتە باوەڕی رەها، لەوەی ئەم دەسەڵاتە تەنیا ئەو كەسانە بەهاوڵاتی خۆیان دەزانن كە بە زمان و بەنەغمەی ئەوان دەنوسێت و قسە دەكات، لەوەی مافی ژیان لەم نیشتمانەدا تەنیا بۆ ئەو كەسانەیە كە سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەكانن، لەوەی حیزب بوەتە دێوەزمەیەك بەسەر لاوانەوە، لەوەی زانكۆ و دادگا و یاسا و پەرلەمان لەلایەن سەرانی حیزبەوە لاقەكراوە،...  لە زۆر شتدا گەیشتومەتە باوەڕی رەها، لەوەی هەر كەس هێرش بكاتە سەر مقەدەس دەكوژرێت، لەوەی هەر كەس حیزبی نەبێت دەفەوتێ، لەوەی شكاندنی پەنجەرەی مقەڕێك یانی خوێنڕشتن... بەڵام لەوەدا كە بزوتنەوەی گۆڕان خۆی نەكات بە خاوەنی ئەو خوێنە رژاوانەی رۆژی خۆپیشاندانەكە، هێشتا نەگەیشتومەتە باوەڕی تەواو... هێشتا مێشكم پێویستی بەوەیە لێكدانەوەی تر ئامادەبكات بۆ ئەوەی بگەمە ئەو باوەڕەی چۆن گۆڕان خۆی بە خاوەنی ئەو خوێنە رژاوە نازانێت، چۆن گۆڕان لە نێوان خوێنڕشتن و تەقەكردن و سەلامەتی خۆیدا بێدەنگی هەڵبژارد....

ئەوەی وامان لێدەكات گۆڕان رەخنەباران بكەین ئەو خەمساردییە بو بەرامبەر خوێنە رژاوەكان، لە بەرامبەریشدا ئەو شەونوخونیە بو كە بۆ بارەگا سەرەكیەكانی خۆیان نیشانیاندا، ئەوەی بۆ گۆڕان بوە خەتی سور خوێنڕشتن نەبو! وەك خۆیان باسی دەكەن! بەڵكو بارەگاكانی گۆڕان بو، ئەوەی وایكرد گۆڕان بێدەنگ بێت لەو خۆپێشاندانە بەهێزە، تەنیا بۆئەوە بو تۆمەتی نەدرێتە پاڵ، كە ئەو ناڕەزایەتییەی خەڵك بریتی نییە لە ناڕەزایەتی ئەوان، ئەی بۆ بەیاننامە حەوت خاڵییەكەتان دەركرد؟ ئەی بۆ فوتانكرد بە دەزگاكانی ئیعلامەكەتان تا خەڵك ناهەقی قبوڵ نەكات، فەرمون لاوانی ئەم نیشتمانە قبوڵیان نەكردو رژانە سەر شەقامو بەخوێنی خۆیان شۆستەكانیان سوركرد...

خێرە ئەوان رژانە سەر شەقام ئێو خۆتان نەكرد بە خاوەنیان! خێرە خوێنی ئەو هەمو لاوە بەسەر یەكدا رژا ئێوە ئاگرە سورە لەخۆم دورەتان هەڵبژارد. ئەگەر گۆڕان بە نیازە بەو بەیاننامە ساردو سڕە، بەو بەیاننامەیەی كە دەڵێت لە شەقامێكی پاریسەوە سەرچاوەی گرتوە، نەك لە شاڕێی سالمی خوێناویی‌، ئەگەر نیازیەتی ئەوە بە هەڵوێستوەرگرتن بەرامبەر ئەو هەمو خوێنە رژاوە كۆتایی پێ بهێنێت، باشترە چیدی بێدەنگیی هەڵبژێرێت و چاو بنوقێنێت لەهەمو گەندەڵی و تاوان و كوشتارێك، كە ئەم دەسەڵاتە كوردییە لە ناوەڕاستی شارەكاندا بە رۆژی نیوەڕۆ ئەنجامی دەدات، چونكە بیرمان نەچێت هێشتا خوێنی زۆر كەسی تر ماوە كە ئەم دەسەڵاتە بیڕێژێت...

Sbeiy.com © 2007