Print
 په‌یامی مەریوان وریا قانیع، بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و کادرانی زانکۆی سلێمانی
Tuesday, February 22, 2011


(سبه‌ی):
خوێندکاران و مامۆستایان و کادرانی بەڕێزی زانکۆی سلێمانی ئازیز،
من گەرچی لە زانکۆیەکی ئەورپیدا خوێندومە و لە زانکۆیەکی ئەوروپیدا مامۆستام، بەڵام تا ئێستاش خۆم بە قەرزاری ئەو زانکۆ ئازیزە دەزانم کە لە سەرەتای ھەشتاکانا قوتابی بوم تیایدا: زانکۆی سلێمانی.
سەرەتای ھەشتاکان ئەم زانکۆیە شوێنی خەباتی ژێرزەمینی قورس و شوێنی پێگەیاندنی دیدی رەخنەیی نەوەی من بو، ئێمە لەناو فەزای ئەو زانکۆیەدا لەوە گەیشتین چ غەدرێکی گەورە لە کوردبونی ئێمە دەکرێت، بەعس چ ھێزێکی ترسناکە، مۆدێلی بەعسییانەی دەسەڵات چ ھەڕەشەیەکی گەورە و ھەمەلایەنە بۆسەر ماف و کەرامەت و ئینسانیەتی ئینسان. ئێمە ئەو ڕۆژە فێربوین بۆئەوەی ئینسانییەتی خۆمان بپارێزین دەبێت لەھەمو شتێکدا لە بەعس جیاوازبین. ئیتر لە خوێندنەوەی کتێب و نوسراوەوە بیگرە، تا بە شێوازی قوتابیبون و مامۆستابون و تەنانەت ئاھەنگ گێڕان دەگات.
بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕینی زیاد لە بیست ساڵ لە کۆتایی تەمەنی بەعس لە کوردوستاندا، ھێشتا بڕێک لە ئاکار و رەفتاری بەعس لەناو زانکۆکانی ئێمەدا ماوە.
بەبۆچونی من ئەرکی سەرەکی ھەمو بزوتنەوەیەکی دیموکراسی خوێندکاری و ھەمو مامۆستا و کادرێکی وشیار لەناو زانکۆدا بریتییە لەسڕینەوەی تەواوەتی ھەمو دەرکەوت و ئاکارەکانی بەعس لەناو زانکۆدا. ئەمەش مانای رێگرتن لەوەی حیزب دەستبخاتە ناو ژیانی ناوەکی زانکۆەوە، دەستنیشانی ئەوەبکات چۆن زانکۆ بەڕێوەببرێت، چۆن کاربکات و کێ لە کوێ و لەکام پلە و پایەی وەزیفی و زانستیدا ئامادەبێت.
لەسەروبەری دروستبونی ئەو وزە سیاسییە نوێ و عەقڵیەتە رەخننەییەی ئەمڕۆ لە کوردوستاندا ئامادەیە، پێویستە دروشمی یەکەمی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ ھێنانە دەرەوەی تەواوەتی زانکۆ بێت لەژێر کۆنترۆڵ و چنگی حیزبە سیاسییەکان. سەندنەوەی ھەمو ئیمتیازێک لە قوتابی حیزبی و لە ئەندامبون لەو رێکخراوانەدا کە حیزب بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن لەناو خوێندکاران و زانکۆدا دروستیکردوە.
رەنگە ئەرکێکی دیکەی ئەمڕۆکە بریتی بێت لە پێداچونەوە بە ھەرەمی ئیداری و وەزیفی زانکۆدا و سەندنەوەی ئەو پۆستانەی بە تەزکیە و ئینتیمای حیزبی بەخشراون بە کادرەکانی ناو زانکۆ و بەخشینیان بە کەسانی شایستە و خاوەن توانا.
پێموایە داواکاری ژمارە یەکی قوتابیان و کادرانی دیموکراسی ئەم زانکۆیە پێویستە ئەم چاکسازییە ناوەکییەی زانکۆ خۆی بێت.
خوێندکاران بەر لەوەی ماڵی دەرەوەی زانکۆ چاکبکەن، پێویستە زانکۆ چاکبکەن. سەرکەوتوبن.

مەریوان وریا قانیع
زانکۆی ئەمستردام
ھۆڵەندا
٢١-٢-٢٠١١
 

Sbeiy.com © 2007