Print
 تەقە مەکەن با پەرلەمانتارەکان بەئاگا نەبنەوە
Thursday, February 24, 2011

سه‌مه‌دی مه‌لا ئه‌حمه‌د  
      
  
وەڤدی کوردستان میللەت فرۆشان
هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان
نە حەیاتان مان نە ناونیشان
باری تەعنەتان واهاتە سەرشان
پیرەمێرد
لە هەمو وڵاتێکی دیموکراسیدا، کاتێک خەڵکان بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن و نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن، ئیدی ئەم نوێنەرانە لە خولی نوێی پەرلەماندا ویست و داخوازییەکانی دەنگدەران دەخەنە بەرنامەی کاریانەوە. هەڵبەت ئەمەش لەبەرانبەر موچەیەکی باش کە مانگانە وەریدەگرن لەپاڵ کۆمەڵێک ئیمتیازاتی دی. واتە ئەم کارەی دەیکەن هیچ منەتێکی تێدانیە، بەڵکو وەک فەرمانبەرێک ناچارە بیبات بەرێوە و جێبەجێی بکات. هەر وەک سەرۆک هەرێم و سەرۆکی حکومەتیش بەم شێوەیە.

پەرلەمانتاری چالاک و چاپوکیش ئەوەیە کە هەمیشە نزیک بە دەنگدەرانی بژی و ئاگای لە ژیان و گوزەرانیان بێت، گوێ لە سکاڵاکانیان بگرێت لە رێگای بەسەرکردنەوە و پەیوەندی توندوتۆڵەوە کە ئەمڕۆ زۆر کارێکی سانایە بەهۆی تۆڕی ئەلکترۆنی ئینتەرنێت و بەتایبەتی فەیسبوکەوە ئەم کارە بێتە جێبەجێکردن. هەر لە رێگای ماڵپەری پەرلەمانەوە ئەم ئەرکە بە شێوەیەکی ئاسان دێتە بەرهەم.

هەرکاتێکیش دەنگدەران گەیشتنە ئەو بڕوایەی پەرلەمانتارەکان (یان نوێنەرەکانیان وەک هەردو سەرۆکی هەرێم و حکومەت) لە ئاستی رازیبونی ئەواندا نین، ئەوا مافی خۆیانە لەرێگای سکاڵا ناردن پاشان خۆپیشاندان و مانگرتن داوای لابردن و سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی نوێنەرانی نوێ بکەن. ئەمەش کارێکی زۆر ئاسانە، هەروەک چۆن لەکارگەیەک یان فەرمانبەرایەتیەک فەرمانبەرەکان بە ئاستێکی چاک هەڵنەستن بە راپەراندنی کارەکانیان دەکرێت دەربکرێن و بگۆڕدرێن هەرواش هەر لە سەرۆکی هەرێمەوە تا پەرلەمانتارەکان قابیلی لابردن و گۆڕانن.

پەرلەمان گەورەترین دەسەڵاتی وڵاتە، ئەمە لە وڵاتێکدا کە پەرلەمان بەهەند سەیربکرێت و قودسیەتی لەدەست نەدات و نەبێتە مەهزەلە. پەرلەمان دەتوانێت هەمو کات کە پێویست کات سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومە و هەمو وەزیرێک راپێچکات بۆ بەردەم لێپرسینەوە.

رۆژی ١٧ی  ئەم مانگە لە شاری سلێمانی و لەدەرئەنجامی خۆپیشاندانی گەنجاندا بەرانبەر بارەگای لقی چواری پارتیدا، کۆمەڵێک خەڵکی سڤیل کوژران و برینداربون. زۆرێکیش لەمانە لە پشتەوە پێکاون، وەک لە فلیمەکاندا دەردەکەون.

خۆپیشاندەران و کوژار و بریندارەکان خەڵکی شاری سلێمانی بون و ئەو دەنگدەرانەبون ئەو پەرلەمانتارانەیان هەڵبژاردوە کە بێدەنگبون لەم کارەساتە.

کارەساتێک کە شارێکیان خڵتانی خوێن کرد و هەمو مێدیای دونیا هاتنە دوان. بەڵام پەرلەمان، کە چاوەڕوان دەکرا، هەر هەمو بەبێ جیاوازی لیستەکان بهاتنایە و سەردانی نەخۆشخانە و کەسوکاری کوژراو و بریندارەکانیان بکردایە، زۆر خەمساردانە روبەروی ئەم کارەساتە گەورەیە بونەوە.

بگرە پاش ئەوەی چەند پەرلەمانتارێک پێشنیازی دانیشتنی کۆبونەوەیەکی کوتوپری پەرلەمانیان کرد، سەرجەم ٣٧ ئەندام پەرلەمان دەنگی خۆیان خستە پاڵ ئەم داخوازییە.

دەک خەجاڵەت بن لەروی مەحشەرا
ئێمەش خاکی خەم ئەکەین بەبەرا
پیرەمێرد

Sbeiy.com © 2007